هۆکارەکانی پشت زیادبوونی کورسیەکانی پارتی

هۆکارەکانی پشت زیادبوونی کورسیەکانی پارتی
گومان لەوەدا نییە کە لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول بە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، کورسیەکانی پارتی بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن و نەیارەکان و ئەوانەش کە چاویان بە پێشکەوتن و گەشەکردنی پارتی هەڵنایات نکولی لەو راستییە ناکەن، لێرەوە بە پێویستی دەزانم هۆکارەکانی پشت ئەو زیاد بوونەى کورسیەکانی پارتی بخەمە پێش چاوی خوێنەران.
١ــ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان سەنگەری کوردایەتی و سەنگەری خیانەت و وڵاتفرۆشی لێک جیا کردنەوە، هەرچی پارتی بوو بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی وەک پیشەی مێژوویی خۆی و پابەند بوون بە رێبازی بارزانی نەمر، سەنگەری کوردایەتی و بەرگری کردن لە کوردستانی هەڵبژارد، لە بەرامبەردا نەیارەکانی کەوتنە سەنگەری خیانەت و وڵاتفرۆشی، خەڵکی ژێردەستەی کوردستانیش کە دەیان ساڵە ژێردەسەتیی رەتدەکاتەوە و لەو پێناو سەربەخۆییدا خوێن دەبەخشێ و قوربانی دەدا، لەسەر زەمینی واقع ئەو راستییەی بە چاوی خۆی بینی، بۆیە زۆر کەس کە تا ئەو چرکەساتە پارتی نەبوون یان دژایەتی پارتیشیان دەکرد، چیتر بە زوڕنای چەواشەکاری حزبی هەڵناپەڕن، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا وەک پاداشت کردنی پارتی و سزا دانی خیانەتکار و وڵاتفرۆشان دەنگ بە پارتی دەدەن.
٢ــ خەڵکی بە ئاگا و کوردپەروەر لەو ئیرهابە فکریە گەیشتن کە چەندین ساڵە هەندێ کەس و دەستە و گرووپ خۆزگەی گەیشتن بە مەرامەکانیان لەسەر هەڵچنیوە، ئێستا خەڵک بۆی دەرکەوتووە کە داهێنەرانی ئەو ئیرهابە فکریە ئەو دەستە و گرووپانەیان بۆ دژایەتی پارتی دامەزراندوون، نەک بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە، هەرکاتێ کێشەی نێوان پارتی و داگیرکارانی کوردستان گەیشتبێتە قۆناغی چارەنووسساز، ئەو دەستە و گرووپانە بەلای داگیرکارانی کوردستاندا شکاونەوە و لەوان توندتر دژایەتی (پارتی)یان کردووە، بۆیە خەڵکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر ئامادە نییە چیتر یاری بە دەنگ و چارەنووسیەوە بکرێ و بە گژ ئامانجەکانی نەتەوەکەیدا بکرێتەوە.
٣ــ تا کەشوهەوا لەبار بوو هەموویان خاوەنی دەستکەوتوو سەروەریەکان بوون، دوای ئەوەی بارودۆخەکە گۆڕا و حکومەتی هەرێم تووشی قەیران بوو، ئەو دەستە و گرووپانە نەک هەر لە بەرپرسیارێتی رایان کرد، بەڵکو بە تاک و کۆ لەگەڵ بەغدا کەوتنە چاوشارکێی حزبی و داوای رووخانی حکەمەتی هەرێم و گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدایان دەکرد، تاکە هێزێک کە شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی و حکومەتی هەرێمی لەو قەیرانە دەرباز کرد و دەستکەوت و بەری رەنجی خوێن و خەباتی پاراستین سەرۆک بارزانی و پارتی بوون، ئەوەش هۆکارێکە خەڵک بۆ لای پارتی بگەڕێتەوە، چونکە لەوە دڵنیا بوون کە سەرۆک بارزانی بەڵێنی خۆی بردەسەر و لە تەنگانەدا لەگەڵێان مایەوە و وەک لایەنەکانی تر بەجێی نەهێشتن، ئەو بابەتەشم بۆیە نووسی تا هەندێ بەرپرس لە دوای ٣٠ی ئەیلول شانازی بە خۆیانەوە نەکەن و بڵێن: زیادکردنی کورسیەکانی پارتی بەرهەمی کار و چالاکی ئێمەن.
Top