بۆچی پێویستە دەنگمان بۆڵیستی 183بێت
September 26, 2018
وتار و بیروڕا
ئاشکرایە هەر لەو رۆژەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا،پێویستیەکی مێژوویی ئەو دروست بوونەی خولقاندو هێنایە کایەوە،ئەویش لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی کوردی لەو ساتەوەختەدا پێویستی بە چەترێک و رێکخستنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی هەبوو تا بەرگری لە خەڵک و خاکەکەی بکات،دیارە هەر لەوکات و سەردەمەشدا تا بەرۆژانی ئەمڕۆ دەگات ئامانجی پارتی خزمەت کردنی کوردستان بووەو بەکرداریش ئەوەی سەلماندووە.
بەتایبەتی رۆڵی پارتی لە چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی و هەنگاونان بەرەو کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و سیستەمی سەرکەوتووی حوکمڕانی کە هەموو ئەمانەش بەکردار، لەماوەی جیاجیادا لە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداریدا کاتێک پارتی دەسەڵاتدار بووە بە روونی رەنگی داوەتەوە.
هەروەک ئاشکرایە کە شەڕەفی دامەزراندنی یەکەم بناغەی دیموکراسی لە مێژووی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی جەنابی سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە کاتێک لە مانگی ئاداری ساڵی ۱۹۹۱ لە شاری کۆیە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کرد بۆ ئەوەی لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە بچین بەرەو شەرعیەتی دەستووری،لەدوای ئەنجامدانی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیش تاکو بە رۆژانی ئەمڕۆ دەگات پارتی بەرگریگارێکی سەرسەختی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووەو خوێنی بۆ رشتووە،هەر ئەمەشە وایکردووە بەردەوام ئەندامان و لایەنگرانی پارتی بە مێژووی پڕ سەروەری حزبەکەیان سەربڵند بن.
ئێستاش کە لەسەرووبەندی ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیکەی دیموکراسین،بۆ ئەوەی زامنی پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەین و کاروانی ئاوەدانی و ئارامی و سەقامگیری ئاسایش درێژەی هەبێت، زۆر گرنگە هەموومان له رۆژی ۹/۳۰ بچینە سەر سندووقی دەنگدان و بەشداریەکی چڕوپڕی هەڵبژاردن بکەین،دەنگیش بە لیستی ۱۸۳ ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین، ئەو لیستەی دوێنێ لەسەنگەری بەرگریدا کەڕامەتی خەڵک و خاکی کوردستانی پاراست،چەندین قوربانی پێشکەش بە کوردستان کرد لە پێناو مانەوەی هەرێمەکەمان،ئەمڕۆش لە پەرلەمانی کوردستان داوای مافەکانی خەڵک دەکات و دەبێتە نوێنەری راستەقینەی هاووڵاتیان و جێبەجێکردنی خواستەکانیان.
گرنگە خەڵکی کوردستان ئەو راستیە بزانن کە پارتی حزبی کردارو راستگۆیی و حوکمڕانی تەندروستە.
بۆیە پێویستە هەمووان دەنگ بە لیستی ۱۸۳ ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین تا لە پەرلەمانی کوردستان بەرگری لە مافە رەواکانی گەلەکەمان بکات
هەروەک چۆن مێژوو گەواهی ئەوەمان بۆ دەدات کە پارتی لە کوێ بیت، ئاوەدانی و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی لەوێیە، دڵنیاشم پارتی لەم هەڵبژاردنە سەرکەوتنێکی بێ وێنەو مێژوویی تۆمار دەکات.