گلەیی یەکێتی و یەکڕیزی ناوماڵی کورد
September 24, 2018
وتار و بیروڕا
یەکێک لە بنەما گرینگەکانی درووست کردنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد روانینی کوردانەیە بۆ رووداوەکان، بنەمایەکی تر روانینی هەوبەشە بۆ ئەو پرسە چارەنووسسازانەی پەیوەندیان بە ئێستا و داهاتووی نەتەوەییمانەوە هەیە، وەک ئەوەی لە پەرلەمانی بەغدا فراکسیۆنە کوردستانیەکان بەیەکەوە هەڵوێست وەربگرن و بە یەکیشەوە دەست هەڵبڕن و دەست دابگرن، کاتێکیش یەکڕیزی درووست دەبێ کە حزبەکان بوون و هێزی خۆیان لە بوون و هێزی کوردایەتیدا ببن و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان پێش بەرژەوەندی حزبی و کەسی بخەن، لێرەدا دەپرسین: ئایا یەکێتی ئەو بنەمایانەی لەبەرچاو گرتوون و لە هەمبەر درووست کردنی یەکڕیزی ناوماڵی کوردیش ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە؟
ئەرێ بە کودەتای ناو پەرلەمان وەک ئەوەی لە ٢٣ی حوزەیران کرا یەکڕیزی ناوماڵی کورد درووست دەکرێ؟!
ئەرێ بە چێوماڵ کردنی پارتی وەک ئەوەی یەکێتی دژ بە پۆستەکانی پارتی لە بەغدا کردی یەکڕیزی ناوماڵی کورد درووست دەکرێ؟!
ئەرێ بە هەڵکوتانەسەر بارەگاکانی پارتی و سووتاندنیان یەکڕیزی ناوماڵی کورد درووست دەکرێ؟! ئەرێ بە دەنگدان بە حەشدی شەعبی و پشت کردنە پێشمەرگە یەکڕیزی ناوماڵی کورد درووست دەکرێ؟!
لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پێناو درووست کردنی یەکڕیزی لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق یەکڕیزی ناوماڵی کوردیان تێکدا، ئەرێ بە چاوساغی کردنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ ناو کەرکوک و خورماتوو یەکڕیزی ناوماڵی کورد درووست دەکرێ؟!
ئەرێ بەو بانگەشەی کەناڵەکانی گەلی کوردستان و کوردسات لە شەڕی پردێ بۆ سەرکەوتنی حەشدی شەعی و سوپای عێراقیان دەکرد یەکڕیزی ناوماڵی کورد درووست دەکرێ؟!
یەکێتی لە ئاست ئەو ئەرێیانە و دەیان ئەرێی تریش بێ وەڵام بوو، خێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار داوای یەکڕیزی ناوماڵی کورد دەکات، دیارە لای یەکێتی بنەمای یەکڕیزی ناوماڵی کورد وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارە و ئەگەر ئەو پۆستە بۆ ئەو نەبێ، ئەوا یەکڕیزی ناوماڵی کورد تێکدەچێ.
بە کورتی یەکڕیزی ناوماڵی کورد ئەوەیە هەموو حزب و لایەنە کوردستانیەکان لە قۆناغە سەخت و چارەنووسسازەکاندا بچەنە ناوماڵی کوردایەتی، نەک وەک ئەوەی یەکێتی هەر کاتێ ویستی حزب و لایەنە سیاسیەکان بێنێتە ناو ماڵی خۆی، هەر کاتێکیش بە مەرامە حزبییەکانی گەیشت خۆی بچێتە ناو ناڵی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان.