له ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا پێویسته پهیکهرهیهک بۆ مارگریتا جۆرج دروست بکهین
September 24, 2018
وتار و بیروڕا
ئهگهرچی لە شۆڕشی ئەیلوول و ههموو شۆڕشهکانی کوردستان هەر وەك كۆماری كوردستان لە مەهاباد، رۆڵی ئافرەتی سهرکرده زۆر بەرجەستە نەبووە و ژمارهیان کهم بووه، (بۆ نموونە لە كۆی چواردە وەزیری كۆماری كوردستان لە مەهاباد، یەك وەزیری ژنی تێدا نەبووە)، بەڵام ئافرەتان كۆڵەگەیەكی پتەوی شۆڕشەكان بوون و لە شۆڕشی ئەیلوولیش خزمەتگوزارو ئامادەكاری بەرەی جەنگەكان بوون و نان و ئاو و پێداویستییان بۆ شۆڕشگێڕان و پێشمەرگە ئامادە كردووە و خزمەتی برینداراكانیان كردووە و لە ماڵەكانی خۆیان خزمەتیان كردوون.
بێگومان ئافرەتانی لادێ بە پێچەوانەی ژنە رۆشنبیر و خوێندەوارەكان رۆڵی زیاتریان هەبوو. لە سەردەمی شاخ و لە ئێزگەی دەنگی كوردستان، لە خوشكە گەزیزە زیاتر ئافرەتی چالاك نەبووە، كە ئەویش ئەوكات هێشتا منداڵ بوو، بەڵام لەگەڵ مامۆستا عومەری باوكی جاروبار بەرهەمێكیان تۆمار دەكرد. واتە بەگشتی ئافرەتی كورد دوورەپەرێز بوون له کاری سیاسی و سهرکردایهتی سهربازی و سیاسی، هۆیەكەشی شەرم و شوورەیی و نەریتی كۆن بووە. بۆیه ناوی ژنە رۆشنبیرێكی كاریگەرت دەست ناكەوێ، كە شانازی پێوە بكەیت و بڵێیت فڵانە سەركردە ژن بوو، یان ئەو ژنە سەركردەیە لە شاخ و بەرەی شەڕ شەهید بوو، تەنیا ناوی مارگەریتا جۆرج نەبێ، كە بە داخەوە زۆر زوو شەهید بوو. بەڵام لە پاش رێككەوتنی ١١ی ئازار لە شارەكان رێكخراوەكانی ژنان بەتایبەت یەكێتی ئافرەتانی كوردستان رۆڵێكی پەیدا كرد. ژن زۆر گرنگە ئازا بێت. دەتوانێت مێژوو دروست بكات و دەشتوانێت بەستەزمان و سست و تەمبەڵ و هەر خەریكی گوڵەبەڕۆژە شكاندن و دروستكردنی منداڵ بێت و بە نەخوێندەواری بمێنێتەوە و هەر بڵێت خوا كەریمەو كە تووڕەش بوو تەنەكەیەك نەوت بە خۆیدا بكات و خۆی بكوژێ.
هەوڵدان بۆ بە رۆشنبیركردن و چالاككردنەوەی كۆمەڵگەی كوردستان دەبێت لە ژن و منداڵەوە دەست پێ بكات و پێویستە ژنان بە تەواوی چالاك و هۆشمەند بن، نەك پاشكۆی پیاو بن. رێكخراوەكانی ژنان خۆیان دەبێت مۆتۆڕی بووژاندنەوەی هزری ژنان بن، كەچی وانییە و زۆر سستن.
پێویسته پەیكەرە بۆ پێشمەرگە ژنە ئازاكە "مارگریتا جۆرج" لە شارەكان و لە شوێنی لەدایكبوونی دروست بكرێت و كۆڕ و كۆنفرانسی تایبەتی بۆ ساز بكرێت و لە خوێندنگە و تەنانەت دەزگاكانی پێشمەرگە و ناوی جادەوبان و شوێنی گەشتوگوزارەكاندا بە شانازییەوە ناوی مارگەریتا بەرز رابگیرێت، بەداخەوە تائیستا هیچی بۆ نەكراوە، با هەندێك بەوەفا بین.