ئەگەر من کاندید بام

ئەگەر من کاندید بام
زۆرێک لە کاندیدەکان لە بانگەشەدا هەوساری حزبی دەپسێن و بەڵێنی ئەوەندە گەورە و قەبە بە خەڵک دەدەن نەک بە خۆیان، بە حزبەکانیشیان جێبەجێ ناکرێ، ئاخر هیچ پرۆژە یاسایەک بەبێ (نیوە+ یەک) تێناپەڕێ، کەچی وەک ئەوەی حاکمی بەڕ و بەحر بێ دەکەوێتە فشە کردن و جاو دادڕین، زۆر جاران کار و پیشەی پەرلەمانتاری خۆیان لەبیر دەکەن و پەلاماری ئیش و کاری دەزگای جێبەجێ کردنیش دەدەن و لەباتی دادگاش بڕیار دەدەن.
جا ئەگەر من لەسەر هەر لیست و قەوارەیەک کاندید بام هیچ بەڵێنێکم بە دەنگدەر نەدەدا، لەوە زیاتر کە پێم دەگوتن: بەڵێن بێ لە رێبازی بارزانی نەمر دەرناچم و هیچ هێز و دەستکەتێکی کەسیش ناتوانێ لەو رێبازەم دوور بخاتەوە، بەوەش ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆم جێبەجێ دەکردو دەبوومە هەڵگری خواستی هەموو خەڵکی کوردستانیش، چونکە ئەوە تەنها رێبازی بارزانی نەمرە کە جێگای هەموو حەز و خواستە جیاوازیەکانی تێدا دەبێتەوە و مافی هەمووانی تێدا پارێزراو دەبێ، بۆ بەڵگەی ئەو راستییەش تەنها دوو خاڵ دەخەمە بەر دیدی خوێنەر.
یەکەم:ــ ئەوە رێبازی بارزانی نەمر بوو کە لە شۆڕشی ئەیلول و بە یاسای شۆڕشگێڕی کۆتایی بە ژن بە ژن و گەورە بە بچووک هێنا، بەوەش کۆتایی بەو زوڵمە هێنا کە لە ئافرەت دەکرا کە تا ئێستاش هیچ یاسایەکی پەرلەمانی نەیتوانیوە بەو شێوەیە داکۆکی لە مافی ئافرەت بکات.
دووەم:ــ لە رێبازی بارزانی نەمردا مافی ئاژەڵ و گیانلەبەرە کێویەکانیش پارێزراوە، ئێوە سەیرکەن.. لە ناوچەی بارزان و هەموو ئەو ناوچانەی کە خەڵکەکەی لە رێبازی بارزانی نەمر گەیشتوون، ئاژەڵ و گیانەلەبەرە کێویەکانیش بە شێوەیەک ماف و ئازادیان پێدراوە، تەنانەت لەو شوێنانەی بەردەوام موزایەدە بە مافی مرۆڤ و ئازادیەکانەوە دەکرێ، نەتوانراوە ئەو ئازادیە بە مرۆڤەکان بدرێ، بۆیە خۆزگەم دەخواست کاندیدەکان لە باتی ئەو هاشوهووشەی دەیکەن و ئەو بەڵێنە قەبانەی بە خەڵکیان دەدەن، بیانگوتبایە: بەڵێن دەدەین لە رێبازی بارزانی نەمر دەرناچین، ئەوکاتیش دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی دەچەسپا و هەموو چین و توێژەکان لە ئەرک و مافدا یەکسان دەبوون و کۆتاییش بە دزی و گەندەڵی دەهات.
Top