ساڵێک بەر لە ئێستا گەل بڕیاری خۆی دا

ساڵێک بەر لە ئێستا گەل بڕیاری خۆی دا
ساڵێک بەر لە ئێستا و درووست لە ٢٥ی ئەیلول گەل لە بڕیارێکی چارەنووسسادا ژێردەستەیی رەتکردەوە و دوا ئامانجی بە دۆست و دوژمن گەیاند، ئەگەرچی ئەو بڕیارە هەر لە سەرەتاوە هەرەشەی داگیرکارانی کوردستانی بە دوای خۆیدا هێنا، سەربەخۆیی خواستێکە نەک هەرەشە، هیچ هێز و زەبر و زەنگێک ناتوانێ پێشی پێبگرێ، گیان بەخشین و خۆ نەویستی و خوێن و خەباتی رابردووش ئەو راستییەی سەلماندووە.
ئەوە ئاساییە و بە درێژایی مێژوو بڕیاری سەربەخۆیی گەلانی ژێردەستە هەرەشە و کاردانەوەی توندی داگیرکارانی بە دوای خۆیدا هێناوە و سەرئەنجامیش ئیرادەی ژێردەستەکان سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نەبووە و هەرگیز ئاساییش نابێ، هەندێ حزب و دەستە و گرووپ لەناو ژێردەستەکان دەربکەون و بانگەشەی خەمخۆری و بەدەنگەوە هاتن بۆ ژێردەستەکان بکەن و هاوکات پێچەوانەی بانگەشە و درووشەمەکانیش هەنگاو بنێن.
لە ٢٥ی ئەیلول لە بڕیارێکی بوێرانەدا سەرۆک بارزانی دوا بڕیاری بۆ گەل گەڕاندەوە، لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو بڕیارە پارتی و هاوپەیمانەکانی پابەند بوونی خۆیان بە دوا یڕیاری گەلەوە راگەیاند، باقی حزبەکانی تر لە کەشێکی تەمومژاویدا کەوتنە گەمەی بەدەستهێناوی بەرژەوەندی حزبی، لە راگەیاندنەکان بە دووفاقی دەدوان، لەگەڵ گورگ گۆشتیان دەخواردوو لەگەڵ مەڕیش شینیان دەکرد.
لە ریفراندۆم زۆر لە لایەنەکان بەشەرمەوە باسی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد، لە ژێریشەوە بەڵێنی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقیان بە داگیرکارانی کوردستان دەدا، ئەوەبوو گەل بڕیاری خۆی داو نزیکەی ٩٣%ی خەڵکی کوردستان سەربەخۆخواز دەرچوون و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیان جێبەجێ کرد، باقیەکەی تر وەک عێراقچییەک کەوتنە شەڕی مێژووی بەرخودان و ئیرادەی داهاتووی سەربەخۆخوزان، ئەو کەمینە حزبییە خۆیان لە بەرەی نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان کۆکردەوە، بەوەشەوە نەوەستان و بە هێزی دوژمنان و داگیرکاران کەوتنە سەرکوتکردنی خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کردە وەڵامی هەنگاوە شۆڕشگێڕیەکانی بەرەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
لە رۆژی ٣٠ی ئەیلول شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرانی بەرەی (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەرەی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بە باڵی عێراقچی و خاکفرۆشانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەستە و گرووپە شەرمنەکانیەشەوە، وەک داواکراو دەچنە بەردەم دادگای گەل و گەل دەتوانێ بە دەنگدان خەڵاتی بەرەی (بەڵێ) بکا و تۆڵەش لە هەموو باڵەکانی ناو بەرەی (نەخێر) بکاتەوە, دەبێ گەل لەو بڕیارەدا وردبین و بەرچاو روون بێ، نابێ بە بەڵێنی درۆین و درووشمی بریقەداری بەرەی (نەخێر) بڕوا بکات، چونکە ئەوانە بوونە چاوساغی حەشدی شەبی و خیانەتیان بە خوێن و خەباتی رابردوو و دەستەکەوتەکانی ئێستا و ئامانجەکانی دەهاتووش کرد، ئەوەندەش چاو و روو قایم بوون شۆڕشگێڕی و وڵاتفرۆشیان بە شۆڕشگێڕان و وڵاتپارێزانی بە خەڵکی چەساوە و ستەمدیدەی کوردستان دەفرۆشتەوە، بۆیە پێوێستە لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول چۆن بەرەی (نەخێر) وتیان نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لەو هەڵبژاردنەش خەڵک پێیان بڵێ: نەخێر بۆ بەرەی نەخێر و بەڵێ بۆ بەرەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
Top