دەستكەوتەكانی ریفراندۆم هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی
September 22, 2018
وتار و بیروڕا
نووسینی : دكتۆرە مەیاده نەجار ..ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سات بەسات لە یادی ئەنجامدانی پرۆسەیەكی مێژوویی و پیرۆز نزیك دەبینەوە ئەو پرۆسەیەی كە خۆی لەخۆیدا مێژوویەكی پرشنگداری لە خەباتی نیشتمانی گەلەكەماندا دروست كرد، چەندین ئەنجامی گرنگی بەدەستهێنا كەلە ئایندەیەكی نزیكدا هەستی پێدەكرێت.
كاتێك سەرۆكی هێژا ڕێزدار ( سەرۆك مەسعود بارزانی ) بڕیارێكی پیرۆز و مێژووی لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندوم بۆ سەربەخۆیی دا گەورەترین كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی و ئاستی دەرەكی دروستكرد، چونكە یەكەمجاربوو میللەتی كورد بەراستەوخۆ داوای سەربەخۆیی بەرێگەیەكی یاسایی بكات، هەوێنی بەدەوڵەت بوون بخاتە بەردەم رای گشتی.
پرسێكی یاسایی هەنگاوێكی گرنگ
ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشترین رێگەچارەی یاساییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بنیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ ، چونكە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووكان لەچەندین بڕیاری جیاوازدا جەخت لەوە دەكاتەوە كەمیللەتان ئازادن لەوەی كە سەربەخۆیی بەدەست بهینن بەمەرجێك خۆیان داوای سەربەخۆیی بكەن، ئەگەر تێرامانێكی وورد بۆ ئەو شیكردنەوەیەی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەین دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە تاكە رێگە بۆ وەرگرتنی رای میللەت لەسەر سەربەخۆبوون ، ئەنجامدانی ریفراندۆمە بۆ وەرگرتنی رای میللەت لەسەر هەر جۆرە هەنگاوێكی چارەنووسساز، چونكە ریفراندۆم تاكە ڕێگەیە بۆ ئەوەی بڕیارێكی لەو جۆرە لەلایەن میللەتەوە بدرێت.
ئەنجامەكانی ریفراندۆم
یەكیك لەو پرەنسیپانەی كەزۆر گرنگە بۆ ئێمە سوود وەرگرتنە بۆ ئەنجامی ریفراندۆم لەرووی یاساییەوە ، چونكە تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە( بەلێ) بۆ سەربەخۆیی بەشدارییان كرد لە ریفراندۆمدا ئەمەش چەند ڕەهەندێكی تایبەت بەخۆی هەیە ، لەلایەكی ترەوە نیشانەی ئەوەی بەجیهان دا كە كورد میللەتێكە هەمووی سەربەخۆیی دەوێت نایەوێت بكەوێتە ژێر هیچ جۆرە دەستەڵاتی میللەتێكی تر.
هەروەها ئەوەی كە شایستەی ئاماژە پێكردنە زۆربەی ئەو میللەتانەی كەریفراندۆمیان ئەنجامداوە توانیویانە لەرێگەی ئەنجامەكەیەوە سەربەخۆیی بەدەست بهێنن ئەوەتا هەریەك لەوولاتانی وەك: (شیلی و مەكدۆنیاوسلۆڤینیاو كرواتیاو مۆنتینیگرۆ و جەزائیر و ئەریتریا و باشووری سۆدان و تیموری خۆرهەڵات)لەدوای تێپەربوونی ماوەیەك ئەنجامى هەولەكانیان بەدیهاتووە واتا گەلی كوردستان لەماوەیەكی نزیكدا سوودێكی زۆر لەئەنجامەكانی ریفراندۆم وەردەگرێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی.
لەروویەكی ترەوە ئەنجامەكانی ریفراندۆم وەك كارتێكی بەهێزی یاسایی دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت ، دەكرێت لەرێگەی ئەو ئەنجامانەوە گوشاری زۆر لەحكومەتی عێراقی بكەین و چونكە خودی ئەنجامەكان دەبنە كارتێكی یاسایی لەچوارچێوەی بریاری ژمارە(637)لەسالی 1952 ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ، واتا بەسوود وەرگرتن لەم بریارە دەتوانین بلێين كە هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمێكی نێودەوڵەتی ئەنجام داوە و لەگشت هەنگاوەكاندا بەپێی ئەو ستانداردەی كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەستنیشانكراوە سەركەوتوو بووە.
هەروەها خالێكی تر كەشایەنی باسكردنە پەیامە مێژووییەكەی ڕێزدار ( سەرۆك مەسعود بارزانی ) گشت ڕۆلەكانی كوردستانی لە هەموو پارچەكان كورد بەیەك و بووبەهۆی بەهێزبوونی گیانی یەكڕیزی و برایەتی بەتایبەتی لەكاتی بەرێوەچوونی ریفراندۆم لەزۆربەی شارەكانی كوردستانی رۆژهەلات هاولاتیانی كورد بەخۆشی دەربڕین خۆپیشاندانیان كرد و پشتگیری خۆیان بۆ باشوری كوردستان دەردەبڕی ، واتا سەرلەنوێ روحی كوردایەتی و یەك پارچەيی لەگشت پارچە جیاكراوەكانی كوردستان بنیادنرایەوە ئەمەش دەستكەوتێكی زۆر گرنگە بۆ گەلی كوردستان دەكرێت بە دەستكەوتی پرشنگداری نەتەوەیی وەسفی بكەین.
رۆڵی دادگای دادی نێودەوڵەتی
یەكێك لەو هەنگاوانەی كە دەكرێت ئێمەی كورد زۆر سوودی لێ وەربگرین هەوڵدانە بۆ گەیاندنی تەواوی ئەنجامەكانی ریفراندۆم بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی، چونكە ئەگەر ئەم پرسە لەم دادگایە بخرێتە بەرباس ئەوكات هەر جۆرە كەمتەرخەمیەك لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە دەكرێت وەك كەیسێكی دادگا تەماشا بكرێت و سزای حكومەتی عێراقی لەچوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای لاهای بدرێت، ئەوكات سكاڵا لەسەر حكومەتی عێراق و ئەو كەسانەی كە دژایەتی ریفراندۆمیان كردووە بكرێت.
ئەوەی گرنگە ریفراندۆم ئەنجامی زۆر گرنگی یاسایی و سیاسی بۆ گەلی كوردستان بەدەسهێناوە ئەگەر خیانەتی شانزەی ئۆكتۆبەر نەبوایە ئەنجامەكانی لەكاتێكی زووتر هەستی پێدەكرا، بەڵام لەگەڵ ئەو رووداوەشدا لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستكەوتەكانی ریفراندۆم دەبێتە هەوێنی بەهیزبوون و سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان بەلام گرنگ ئەوەیە تاكەكانی كورد بەتایبەتی گەنجان لەهەموو كەس زیاتر خۆڕاگربن و بەرامبەر بەنەیاران و دوژمنانی گەلی كورد رابوەستن .