پارتی تاوانبارە.. یان سەرۆک بارزانی؟!

پارتی تاوانبارە.. یان سەرۆک بارزانی؟!
هەموو لایەنە سیاسیەکان هەر لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بگرە تا دەگاتە بزووتنەوی گۆڕان و کۆمەڵ ئیسلامی و نەوەی نوێ و جار جارە یەکگرتووی ئیسلامیش، لە بەغدا پارتی بە جوداخواز و سەربەخۆخواز و پیلانگێڕان دژی یەکپارچەیی خاکی عێراق تاوانبار دەکەن، بەوەش دەیانەوێ پێگەی خۆیان لە بەغدا و لای مەرجەعیەت و شۆڤێنیەکانی عەرەب بەهێز بکەن.
جا ئەگەر جوداخوازی و سەربەخۆخوازی و رەتکردنەوەى چەوسانەوەی نەتەوەیی و ژێردەستەیی تاوان بێ وەک ئەو لایەنانە بە تاوانی دەزانن، ئەوا سەرۆک بارزانی رابەر و پێشەوای هەموو تاوانبارانی کوردستانە، هەر ئەوەش نا، خانەوادەی بارزانی نەمر بەر لە دامەزراندنی پارتیش تاوانبار بوون و زیاتر لە سەدەیەکە لەگەڵ تاوان دەژین و تاوانکاریان بە شیرەوە خواردووە، ئەوەتا بارزانی نەمریش نکولی لە تاوانباری خۆی نەکردووە و لە بارەی تاوانباری خۆی فەرموویەتی: ئەگەر خەبات و تێکۆشان تاوان بێ، من گەورەترین تاوابارم.
بە هۆی ئەو تاوانە گەرەیەوە لە دوای ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک، ئەو لایەنانە باسی دادگایی کردنی پارتی و سەرۆک (بارزانی)یان کردە باسی رۆژ، لێرەوە بەو لایەنانە دەڵێم: ئێوە لە دادگایی کردنی پارتی و سەرۆک بارزانی سەرکەوتوو دەبن، چونکە بەڵگەی تاوانباریتان لەبەر دەستە و ئەگەر فەمووەدەکەی بارزانی نەمر بەرنە دادگا، ئەوکات بە یاسای دادگای عرووبەی بەغدا و بیری عێراقچێتی ئێوە پارتی و سەرۆک بارزانی تاوانبار دەردەچن، ئێوەش کەیسەکە دەبەنەوە و مەدالیای خیانەت و وڵاتفرۆشیتان بە گەردندا هەڵدەواسرێ، لەوەشتان دڵنیا دەکەم کە سەرۆک بارزانی لەبەردەم دادگا تاوانی جوداخوازی و سەربەخۆیی کوردستان وەک تاوانی کوردبوون و کوردایەتی کردن لە باوەش دەگرێ.
بەراستی بەزەییم بە ئەقڵی سیاسی و بیر و پەروەردەی نەتەوەیی ئەو حزب و لایەنانەدا دێتەوە، ئای ئەوانە چەند گەمژە و نەزانن! ئەوەتا خۆیان دەڵێن: پارتی گەورەیە و ئێمە بچووکین، پارتی کوردایەتی دەکا و ئێمە دژی دەوەستین، پارتی سەربەخۆخوازە و ئێمە دژی سەربەخۆیین، پارتی سەربەخۆیی دەوێ و ئێمە ژێردەستی، پارتی لە پێناو کوردایەتی باج بە خۆی دەدا و ئێمە باج بە کوردایەتی دەدەین و ئیمتیاز بۆ حزب وەردەگرین، ئای ئەوانە چۆن حاشایان لە کوردبوون کردووە و کوردایەتی بە تاوان و عێراقچێتی بە بەدیهێنەری خەونی شەهیدان دەزانن!
Top