بەرهەم ساڵح نابێ بە سەرۆک کۆمار

بەرهەم ساڵح نابێ بە سەرۆک کۆمار
بەرهەم ساڵح لەبەر دوو هۆ نابێ بە سەرۆک کۆمار.
یەکەم:ــ یەکێتی بێ گەڕانەوە بۆ رای پارتی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، لە کاتێکدا دەبووایە رای پارتی لەسەر بوونی بەرهەم ساڵح یان هەرکەسێکی تر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار وەرگرتبا، چونکە هێزی کورد لە بەغدا لە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی دایە، یەکێتی بەو کارەی بە پارتی و لایەنەکانی تریشی گوت: پێویستیمان بە بەکهەڵوێستی نییە و ئەوەی بەلامانەوە گرنگە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارە و ئەو پۆستەش بە هێزی ئێران و پشتیوانی فراکسیۆنە عەرەبەکان وەردەگرینەوە.
دووەم:ــ بە کاندید کردنی بەرهەم ساڵح کێشەی نوێ لەناو یەکێتیدا سەرهەڵدەدەن، چونکە چەند کەسێکی تریش لەناو یەکێتیدا خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کاندید کردبوو، جا لە کۆتاییدا یەکێتی بۆ ئاشت کردنەوەی تووڕە بووەکانی ناو خۆی لە کادید کردنی بەرهەم ساڵح پەشیمان دەبێتەوە و ئۆباڵەکەشی دەخاتە ئەستۆی پارتی، فەموون ئێوە ئەو بابەتەی کە لە بەرواری ١٦ی ئەیلول لەسەر دواڕۆژی سیاسی بەرهەم ساڵح بڵاوم کردۆتەوە.
بەرهەم ساڵح لە گیانەڵای مەرگی سیاسیدا
بەرهەم ساڵح وەک جێگری دووەمی سکرتێری گشتی بە کۆمەڵێ درووشمی بریقەدار لە یەکێتی هاتە درێ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادەپەروەری درووست کرد، ئەوەش وایکرد چەند سەرکردەیەکی ناو حزبەکانی تر و زۆرێک لە کادیرە دیارەکانی ناو یەکێتیش لە دەوری خوانی هاوچەیمانیەکەی کۆ ببنەوە، بەڵام دوای چەند مانگێک خوانی هاوپەیمانیەکەی پێچایەوە و هاوپەمانیەکەی کردەوە یەکێتی و درووشمی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریشی کردە بۆ سەرۆک کۆماری، باسەکەی ئێمە لەوە نییە بەرهەم ساڵح فێڵی لەو سەرکردە و کادیر و جەماوەرە کردووە کە متمانەیان پێی کرد و ئەویش کردنیە پەیژەی سەرکەوتن و گەیشتن بە پۆستی سەرۆک کۆماری، باسەکەی ئێمە ئەوەیە ئەو بادانەوە خێرا و کتوپڕە چارەنووسی سیاسی خۆی بەرەو کوێ دەبات؟
دیارە بەرهەم ساڵح هۆگر و شێت و شەیدای پۆستی سەرۆک کۆماری بووە و هەر ئەو پۆستەش وایکرد لە یەکێتی جیا ببێتەوە، ئێستا کە بە مەرجی ئەو پۆستە دەگەڕێتەوە ناو یەکێتی و ئەگەر ئەو پۆستەی پێبدرێ، کێشەکانی ناو ئەو حزبە ئاڵۆزتر دەبن، چونکە جیا لە دکتۆر فوئاد مەعسوم کە هێشتا بە تەمایە لە کۆشکی خەوخانەی سەرۆک کۆماریدا چوار ساڵی تریش سەرخەو بشکێنێ، دوو زاوای برایم ئەحمەد و ئاوەڵزاوای مام جەلال و کاک مەلا بەختیاریش خۆیان بۆ ئەو پۆستە دیاری کردووە، جا ئەگەر یەکێتی ئەو پۆستە بدات بە بەرهەم ساڵح، هەم ئاڵۆزیەکانی ناو یەکێتی توندتر دەبن، هەمیش کێشەکانی ناو بنەماڵەی برایم ئەحمەد و مام جەلال دەتەقنەوە، بۆیە پێناچێ ئەو پۆستە بدرێ بە بەرهەم ساڵح و ئەو بەڵێنەی پێشی دراوە تەنها بۆ هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانیەکەی و لاواز کردنی پێگەی سیاسی بەرهەم ساڵح بووە، جا ئەگەر ئەوە روویدا و نەکرا بە سەرۆک کۆمار، چارەنووسی سیاسی بەرهەم ساڵح چی بەسەردێ؟ لە حاڵەتێکی وەهادا بەرهەم ساڵح دەکەوێتە بەردەم دوو بژاردە.
یەکەمیان:ــ لەناو یەکێتی وەک کەسێکی لازا و بێ پێگە دەمێنێتەوە و دەبێ لای بەڵێ بگرێ و خۆی بخاتە بەر رەحمەتی کچانی برایم ئەحمەدو کوڕ و برازاکانی مام جەلال.
دووەمیان:ــ بار و بارگەی سیاسی خۆی بپێچێتەوە و روو لە هەندەران بکا و ناوە ناوە وەک شرۆڤەکاری سیاسی و کەسایەتی بێلایەن لێدوان بۆ کەناڵ و رۆژنامە و سایتەکان بدات.
Top