با هاوکاری قوباد تاڵەبانی بین
September 19, 2018
وتار و بیروڕا
بەرنامەی کاری چوار ساڵی داهاتووی هەموو حزبەکانم خوێندەوە، قوباد تاڵەبانی بەوە نەوەستاوە دەست بخاتە سەر برینەکان، ئەوەتا زۆر ئازایانە چارەسەریشی بۆ داناون.
کاک قوباد تاڵەبانی قۆرخکردنی دەسەڵات بە یەکێک لە برینە بە ژوارەکان دادنێ و بەڵێنی ئەوەشی داوە دەسەڵاتە قرۆخکراوەکان بگێڕێتەوە، جا ئەگەر ئەوە بکات کورد لە دوا قۆناغی سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە و پێویستە هەموومان هاوکار و پشتیوانی بین، ئەوەش وا دەکات بپرسین، دەسەڵاتە قۆرخکراوەکان چین و لە کوێ قۆرخ کراون؟
یەکێک لە دەسەڵاتەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و دوای ئەوەی دایک و برا و ئامۆزاکانی کەرکوکیان هەرزانفرۆش کرد و وەک کێک خستیانە سەر سینی و پێشکەشی قاسم سولەیمانی حەشدی شەعبیان کرد، ئیتر لەو کاتەوە حەشدی شەعبی دەسەڵاتی لەو شارەدا بە شێوەیەک قۆرخ کردووە کە ئاسۆ مامەند گوتەنی: هەموو رۆژێکیان لە کەرکوک مردنێکە، یان لاهوری ئامۆزای دەڵێ: (بەڵام هەڵەم کرد، هەڵەکە بووە هەی ئەوەی کەرکوک لەدەست بەین، بەڵام ئێستاش من ئامادەم بێمەوە یەکڕیزی نیشتیمانی درووست بکەم، یەکڕیزی ناو لایەنە سیاسیەکان درووست کەم، بۆ ئەوەی، ئەوەی کە ماویشمانە لە دەستی نەدەین).
هەر کاتێک کاک قوباد توانی ئەو دەسەڵاتەی حەشدی شەعبی لە کەرکوک قۆرخی کردووە، بۆ کورد و کەرکوکیەکانی بگێڕێتەوە دەڵێم: هەقە هەموومان هاوکار و پشتیوانی کاک قوباد بکەین.
دەسەڵاتێکی تری قۆرخکراو لەناو خودی حزبەکەی خۆی دایە، ئەوەتا رۆژانە لەسەر زاری زۆرێک لە تێکۆشەرەکانی ناو یەکێتی دەبینین و دەبیستین: کە لە دەرەوەی پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتی دەسەڵاتە سیاسی و ئیداری و حزبی و ئابوریەکانی ناو حزبەکەی، لەلایەن دایک و پوور و برا و ئامۆزاکانی قۆرخ کراون، هەر کاتێک توانی ئەو دەسەڵاتانە بە پێی پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتی بۆ یەکێتییەکان بگێڕێتەوە، دەڵێم: هەر یەکێتییەک هاوکار و پشتیوانی کاک قوباد نەبێ فێڵ لە خەڵکی یەکێتی دەکا و لەگەڵ مێژووی حزبەکەشی راستگۆ نییە.