بەرهەم ساڵح لە گیانەڵای مەرگی سیاسیدا
September 17, 2018
وتار و بیروڕا
دیارە بەرهەم ساڵح هۆگر و شێت و شەیدای پۆستی سەرۆک کۆماری بووە و هەر ئەو پۆستەش وایکرد لە یەکێتی جیا ببێتەوە، ئێستا کە بە مەرجی ئەو پۆستە دەگەڕێتەوە ناو یەکێتی و ئەگەر ئەو پۆستەی پێبدرێ، کێشەکانی ناو ئەو حزبە ئاڵۆزتر دەبن، چونکە جیا لە دکتۆر فوئاد مەعسوم کە هێشتا بە تەمایە لە کۆشکی خەوخانەی سەرۆک کۆماریدا چوار ساڵی تریش سەرخەو بشکێنێ، دوو زاوای برایم ئەحمەد و ئاوەڵزاوای مام جەلال و کاک مەلا بەختیاریش خۆیان بۆ ئەو پۆستە دیاری کردووە، جا ئەگەر یەکێتی ئەو پۆستە بدات بە بەرهەم ساڵح، هەم ئاڵۆزیەکانی ناو یەکێتی توندتر دەبن، هەمیش کێشەکانی ناو بنەماڵەی برایم ئەحمەد و مام جەلال دەتەقنەوە، بۆیە پێناچێ ئەو پۆستە بدرێ بە بەرهەم ساڵح و ئەو بەڵێنەی پێشی دراوە تەنها بۆ هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانیەکەی و لاواز کردنی پێگەی سیاسی بەرهەم ساڵح بووە، جا ئەگەر ئەوە روویدا و نەکرا بە سەرۆک کۆمار، چارەنووسی سیاسی بەرهەم ساڵح چی بەسەردێ؟ لە حاڵەتێکی وەهادا بەرهەم ساڵح دەکەوێتە بەردەم دوو بژاردە.
یەکەمیان:ــ لەناو یەکێتی وەک کەسێکی لازا و بێ پێگە دەمێنێتەوە و دەبێ لای بەڵێ بگرێ و خۆی بخاتە بەر رەحمەتی کچانی برایم ئەحمەدو کوڕو برازاکانی مام جەلال.
دووەمیان:ــ بار و بارگەی سیاسی خۆی بپێچێتەوە و روو لە هەندەران بکا و ناوە ناوە وەک شرۆڤەکاری سیاسی و کەسایەتی بێلایەن لێدوان بۆ کەناڵ و رۆژنامە و سایتەکان بدات.