لە هەردوو بارەکەدا زەرەرمەند عێراقیەکانن

لە هەردوو بارەکەدا زەرەرمەند عێراقیەکانن
شەڕی بە وەکالەت لەناو لایەنە عێراقیەکان و بە تایبەتیش لەناو دوو بەرەکەی شیعەدا گەرم بووە، مەکگۆرک و فاسم سولەیمانیش دوو فەرماندە باڵا و بریار بەدەستەکەش تەشیریفیان لە بەغدایەن و خەریکی دانانی پلانی شەرەکەن، پرسیار ئەوەیە ئەو دوو فەماندەیە لەو شەڕەدا شەڕی بردنەوەی کێکەکە دەکەن یان بە دانوستانی نهێنی کێکەکە بەش دەکەن؟
لە هەردوو بارەکەدا کێکەکە چ بۆ یەکیان بێ و چ بەشی بکەن، دەبێ عێراقیەکان سەیریان بکەن و دووراو دوور سمێڵیان بسڕنەوە، بەڵام وەڵامی درووستی پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر ئەو دوو فەرماندەیە کێکەکە بەش بکەن عێراقیەکان چییان دەست دەکەوێ؟ ئەی ئەگەر کێکەکە بۆ یەکێکیان بێ چی روودەدات؟
ئەگەر ئەو دوو فەرماندەیە کێکەکە بەش بکەن، دۆخەکە وەک ئێستا دەمێنێتەوە و عێراق لە فەوزای سیاسی و لە چاوەڕوانی شەڕە گەورەکەدا دەهێڵنەوە، خۆ ئەگەر کێکەکە بۆ یەکیان بێت شەڕە گەورەکە روودەدات و پیلان لە ئەوان و خوێن لە عێراقیەکان و کاول بوونیش بۆ عێراق دەبێ.
واتا دابەش کردنی کێکەکە تەنها کاتژمێری سفری ئەو شەڕە ناوخۆییە دوادەخات کە ئەو دوو فەماندەیە شەڕی بەرژەوەندیەکانی خۆیانی پێدەکەن، ئەوەش حزب و لایەنە کوردستانیەکان دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ئەو بەرپرسیارێتیەش لێیان دەخوازێ یەکگوتار و یەکهەڵوێست بن و ئامانجە نەتەوەییەکان بخەنە پێش ئامانجە کەسی و حزبییەکان، چونکە شەڕە گەورەکەی نێوان بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و ئێران لە عێراق روودەدات، جا ئەو شەڕە درێژخایەن بێ یان کورتخایەن کۆتاییەکەی دابەش بوونی عێراقە، چەکی دەستی کوردیش یەکگوتاری و یەکهەڵوێستییە و بەبێ ئەو چەکە کورد دۆڕاوی یەکەم دەبێ و لە خوێن و فرمێسک زیاتر دەستکەوتێکی تری نابێ.
Top