پارتی رێگەی رزگاریخوازی وبەرە دەوڵەتبوونی كوردستانە ...
September 15, 2018
وتار و بیروڕا
ریفراندۆم پێویست بوو بۆ یەكلاكردنەوەی ئاراستە سیاسییەكانی ناو كوردستان بۆ ناسینەوە و جیاكردنەوەی ئەندام و لایەنەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لەگەڵ ئەندام و لایەنە سیاسییەكانی دژ بە بزووتنەوەی رزگارخوازی كوردستان. ریفراندۆم پێویست بوو بۆ دیاركردنی چەقی دەستپێكردنەوەی خەباتی رزگاری و دەستنیشانكردنی ئامرازەكانی بۆ داهاتوو. ریفراندۆم پێویست بوو بۆ رزگاربوونی خودی لە فۆبیای تۆقاندن و تیرۆركردنی دەوڵەتانی داگیركەر لە دژی كوردستان. ریفراندۆم بوو بە كۆسپ لەبەردەم هەوڵەكانی لەناوبردنی قەوارەی فیدراڵیی كوردستان، چونكە لەكاتێكدا عێراق باسی لە لامەركەزیی ئیداری دەكرد بۆ پارێزگاكان لە ناوخۆدا، چەندین هێزی سیاسی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئەوان دەیانەوێت سیستمێكی لامەركەزی هەبێت. بەمەش خودی قەوارەی فیدراڵیی كوردستان كەوتە بەر پرسیار و مەترسیی هەڵوەشانەوە، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەركەوت بۆ هەموو لایەك كوردستانییەكان دەوڵەتێكی سەربەخۆیان دەوێت و ئاستی ویست و ئامانجیان لە فیدراڵییش گەورەترە، بەمەش داوەتی گەڕانەوە بۆ لامەركەزی فەشەلی هێنا. گێڕانەوەی متمانە بۆ داهاتووی رزگاریی نیشتمانی لەلای تاكی كوردستانی. سەلماندنی خودێتی و تایبەتمەندیی بڕیاری كوردستانی لەبەردەم خودیدا و لەبەردەم هەموو جیهان. جیاكردنەوەی كێبەرەكانی حزبی لە پرسە نیشتمانییەكان كە بۆ یەكەم جار تاكی كورد توانی لەژێر هەژموونی تیرۆری فكری رزگاری ببێت و بتوانێت پرسە نیشتمانییەكان لە پرسی ململانێی حزبی جیا بكاتەوە. ریفراندۆم وەك چركەیەكی مێژووی بۆ كوردستان و ناوچەكە و هەموو جیهان هەژمار دەكرێت، بەڕاستی ریفراندۆمی كوردستان زەنگێك بوو بۆ گۆڕانكارییەكی مەزن بۆ جیهان، بەڵام زۆر گرنگە بپرسین پەیوەندیی نێوان ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كە لە 2005 ئەنجام درا و ریفراندۆمی سەربەخۆیی كە لە 2017 ئەنجام درا چییە؟
لەڕاستیدا ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە دۆخێكی ئێكجار ئاڵۆز ئەنجام درا، كاتێك هەموو جیهان عێراقی ئامادە دەكرد بۆ قۆناغێكی نوێ و سەردەمێكی نوێ، پێیان وابوو لەو سەردەمە چیتر كێشەی نەتەوەیی لە عێراق نامێنێت، ماكینەی میدیایی و سیاسیی ئەمریكی و خۆرئاوا، بانگەشەی ئەوەی دەكرد ئیتر عێراق دەبێتە ئیكۆنی جوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرجەم تیۆرەسازی ئەم بارەیەوە دەكرا، بەڵێنی تەواو بە كورد درابوو كە كورد لە عێراقی نوێ دەحەسێتەوە و چیتر كێشەكانی نامێنێت و مافەكانی دەگەڕێتەوە، لەناو كوردستانیشدا وەك ئێستە روون نەبوو كێ بەڕاستی لەگەڵ ئاوێتەبوونە لەگەڵ بەغدا و خۆچەماندنەوەیە و كێ دەیەوێت كوردستان لە چنگی داگیركاری رزگار بكات. لەم هەلومەرجە بڕیار وابوو ریفراندۆم بكرێت لەسەر دەستووری عێراق و دامەزراوە هەمیشەییەكانی عێراق دابمەزرێن. لەو كاتەدا ریفراندۆمی سەربەخۆیی 2005 لەدایك بوو كە كوردستانییەكان زۆر بەڕاشكاوی دەنگیان دا بە سەربەخۆیی و ئەنجامی ئەو ریفراندۆمە درا بە هەموو جیهان، هەموو جیهان تێگەیشتن كە كوردستانییەكان سەربەخۆییان دەوێت و بەشدارییان لە عێراق بژارەیەكی تاهەتایی نییە.عێراقییەكان زۆر بەمەغرووری و بێباكی هەمیشە دەڵێن و لە هەموو شوێنێك كە كورد لە 2003 بەئارەزوومەندانە گەڕایەوە بۆ لای عێراق، زۆر بێشەرمانە خۆیان لە ئەنجامی ریفراندۆمی ئەو سەردەمە دەخافڵێنن، بەڵام دوای 12 ساڵ، ئینجا بەفەرمی ریفراندۆمی 2017 ئەنجام درا وەك سەلماندن و تەواوكارێك بۆ ریفراندۆمی پێشوو، یان دەتوانین بڵێین وەك كۆتایی قۆناغی سەلماندنی یەكلاكەرەوە بۆ ویستی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی.لەڕاستیدا لە رێسا دیموكراسییەكاندا ئەنجامدانی ریفراندۆمی نافەرمی زۆر باوە بۆ ئەوەی دەنگی میللەت بۆ سەربەخۆیی بگەیەنرێتە لایەنە پەیوەندیدارەكان تا لە مەودایەكی دووردا كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ئاواتە بكرێت، ئەم جۆرە نامەیە دەدرێتە دەستی دەوڵەتانی داگیركەر كە دەبێ تێبگەن كە ویستی ئەو میللەتە سەربەخۆییە، بۆیە دەبێ بۆ مەودایەكی مامناوەند ئەو ویستە بهێننە دی.عێراق و هاوكارەكانی نەك هەر خۆیان لە ریفراندۆمی 2005 خافڵاند، بەڵكوو هەر پشتگوێیان خست و هیچ هەژماریان بۆ نەكرد وەك رەنگدانەوەیەكی ئاشكرا بۆ بێ ڕێزی لە ویست و ئیرادەی میللەتی كوردستان. دوای 12 ساڵ لە دەرفەت بۆ رژێمی بەناو دیموكراسیی عێراق، كاتی ئەوە هاتبوو ریفراندۆمێكی فەرمی و بەرفراوان لەسەر ئەو خاكە رزگاركراوەی كوردستان ئەنجام بدرێت تا بە شێوەیەکی یەكلاكەرەوە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ هەموو جیهان دووپات بكرێتەوە كە هەمیشە گەلێكی ئاشتیخوازە و هەڵگری خەونی سەربەخۆییە و خەباتی بێ وچانی بۆ دەكات.لەنێوان ریفراندۆمی 2005 و ریفراندۆمی 2017 چەند رەهەندێكی گرنگ سەلمێنران: گەلی كوردستان هەمیشە خوازیاری سەربەخۆییە و هەرگیز دەستبەرداری ئەو ویستە نابێت. سەلماندنێكە كورد پابەندی هەموو بەڵێنەكان بووە كە لەگەڵ عێراق و ناوچەكە و زلهێزەكان دراوە، رۆیشتن بۆ ریفراندۆم دوا هەوڵی ئاشتییانەیە كە دەبێ بدرێت بۆ سەربەخۆیی. سەلماندنێكە كە هیچ رێككەوتن و هیچ بەڵێنێكی عێراقی جێگای متمانە نییە، عێراقییەكان خاوەن ئیرادەی چارەسەركردنی پرسی كوردستان نین. ئەمەش مانای ئەوەیە ئامانجی ریفراندۆمی كوردستان بۆ ئەوەیە بەشێوەیەكی ئاشتییانە كوردستان و عێراق ببنە دوو دراوسێی باش. ریفراندۆم ببێتە دەروازەیەك بۆ گفتوگۆیەكی جدی بۆ سەربەخۆیی ئاشتییانە.بۆیە بۆ یەكەمجار لە مێژوویی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان پارتی سەرۆك بارزانیی بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییی سەڵماندی كە كورد هیچ كاتێ لە مافی دەوڵەتبوون خۆش نابێ و بەدەستی دێنێ و بووە خاوەن تاپۆیی كوردستان ..بۆیە پێوستە هەموو تاكێكی كورد پشتیوانی ئەو پارتی ،بارزانیی بێ لە پێناو گەیشتن و بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەگەورەیە كە هیواوئاواتی گشت كوردێكی دڵسۆز و شەهیدان و پێشمەرگە قارەماننەكانە ..