شۆرٍشی مەزنی ئەیلوول .. لە پێناو ئازادی وسەربەخۆیی نەتەوەیەك

شۆرٍشی مەزنی ئەیلوول .. لە پێناو ئازادی وسەربەخۆیی نەتەوەیەك
11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 كە دەبێتە رۆژی هەڵگیرساندنی شۆڕش، لەگەڵ تەقاندنی یەكەم فیشەكدا مێژوویەكی نوێ لە ژیانی نەتەوەیەكی ژێردەستەدا دەست پێدەكات و دەبێتە دابڕانێك لەنێوان دوو سەردەمی جیاوازدا، سەردەمێك رۆژانی پێش 11ی ئەیلوول و سەردەمێك دوای دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول، لەسەردەمی رۆژانی پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولدا، دەسەڵاتێك لە بەغداوە دەیەوێت كوردستان بسڕێتەوە و بیكاتە بەشێك لە نیشتمانی عەرەب، لە رۆژانی دوای 11ی ئەیلوولدا نەتەوەیەكی ئازادیخواز لەدایك دەبێت كە دەیەوێت نەتەوەكەی خاوەنی نیشتمانی سەربەخۆی خۆی بێت، بەڵام لە هەمانكاتدا چاوی تەماعی لەسەر خاكی هیچ نەتەوەیەكی دیكە نییە و ئامانجی ئەوەیە لە چوارچێوەی رێز و بەرژەوەندی هاوبەشدا لەگەڵ تەواوی نەتەوەكانی دەوربەری بە ئاشتی بژی. ئەمەش مانای ئەوەیە گەلی كوردستان لەسەر ئەو بنەمایە شۆڕشی ئەیلوولی بەرپا كردووە، بۆ ئەوەی خۆی ئازاد بێت و نەتەوەكانی دەوروبەریشی بە ئازادی بژین، بڕوای ئەو لۆژیكە هەبووە كە نەتەوەیەك ئازاد نابێت، ئەگەر ئامانجی ئەوە بێت نەتەوەیەكی دیكە بچەوسێنێتەوە.11ی ئەیلوولی 1961 تەنها ژمارە و رۆژێكی ئاسایی نەبوو بە تایبەت بۆ گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی خاك داگیركراوە بەڵكو شۆڕش و ڕابوونێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوو كە رێگەی نەدا پیلانی داگیركەران بۆ سڕینەوەی مۆڕك ومێژوویی پوچەڵكردەوە .ئەو شۆڕشە خەباتی كوردی بردە قۆناغێكی نوێوە تێكۆشانی گەلی كوردستانی لە قۆناغی سیاسییەوە بردە قۆناغی چەكداری و پێشمەرگایەتی، هۆشیاری نەتەوایەتی و ئاگایی سیاسی مرۆڤی كوردستنی بوژانەوە، دۆزی رەوای كوردستانی بردە دەرەوەی چوارچێوەی عێراق و، هزری نەتەوایەتی و كوردایەتی و دیموكراتخوازی لەناوتوێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا بلاوكردەوەو قسەی كوردی یەكخست، شۆڕشی ئەیلول لە قۆناغێكدا بەرپابوو كە ململانێی شەڕی سارد لە لوتكەیدا بوو ئەوەش شۆڕشی دووچاری دابڕانێكی نێودەوڵەتی كرد،بەلام حیكمەتی سەركردایەتی بارزانی نەمر توانی بەسەر هەمووگرفت و گەلەكۆمەكییەكاندا زاڵ بێت و، شۆڕش بباتە قۆناغ و ئاستی پێشڤەچووەوەو، دەسكەوتی مەزن بەدەست بهێنێتشۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەرەی ئازادیخوازان و یەكسانخوازانی كورد و كوردستانیان بوو، كە سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان تێیدا بەشدار بوون و، بنیادنەری بەهێزترین بناخەی بەرەوڕووبوونەوەی داپڵۆسین و جوداكاری بوو كە تا ئەمڕۆیش كاریگەرییە ئەرێنییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی بە ڕوونی دەبینرێن.. ئەو شۆڕشە كە بە سەركردایەتیی پارتی و رێبەرایەتیی كاریزمای كورد مستەفا نەمر هەڵگریسا و بە پاڵپشتیی جەماوەری كوردستان بەردەوام بوو، بەر لە هەر شتێك سەنگەری كۆكردنەوەی كوردستانیان و رێكخستنی توانای سەرجەم چینوتوێژەكان و كۆكەرەوی خواست و داواكارییەكانی كورد و كوردستانیان بوو بۆ بە ئازادی ژیان و وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیان، پاشان وەكو شۆڕشێكی چەكداری، تاكە میكانیزمی گونجاوی خەباتی ئەوكاتی نەتەوەكەمان بوو بۆ گەییشتن بەو خواست و داوا رەویانە.دوای نەهێشتنەوەی هیچ رێگەیەك بۆ دانووستان و رٍەتكردنەوەی مافەرٍەواكانی گەلی كوردستان ، زوڵم و زۆرداری ، شۆرٍشی مەزنی ئەیلوول هەڵگیرسا بۆ یەكەمین جار لە مێژوویی كورد دانی بە بوون و مافەرٍەواكانی كورد نا . هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول، جگە لەوەی یەكەم شۆڕشی سەرتاسەری كوردستان و شۆڕشی بە دەست هێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو شۆڕشە بوو كە متمانە و بڕوای كوردستانیانی بە خۆیان و بە ئاییندەیان و بە ناسنامەیان دروست كردەوە، لە هەمان كاتیش پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەركردایەتی شۆڕشی دەكرد ئەو ئەزموونەی داهێنا كە لە شەڕی ئیرادەدا هێزێك نیە لە دونیا بەرامبەر ئیرادەی پارتی و سەركردەكەی و شۆڕشەكەی و خەڵكی كوردستان بوەستێتەوە.ئێستا كە یادی 57 ساڵەی ئەم شۆڕشە نیشتمانیە فرەپێكهاتە و یەك رەنگەی كوردستان دەكەینەوە، ئەوە بە بیر دۆست و نادۆستەكانمان دێنینەوە كە لە شەڕی سەپاندنی ئیرادەدا هێز نیە بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان بوەستێت. پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە ئەو هێزە باوەڕ بەخۆیەیە كە هەموو تواناكانی بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەزموونی كوردستان و برەوی دیموكراسی و پاراستنی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوەكان و زامنكردنی مافەكانیانە، تا ئەو رۆژەی كوردستان دەگاتە كەناری سەربەخۆیی.ئامانجی سەرەكی مستەفا بارزانی لە دروستكردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، تەنیا خەباتی چەكداری نەبوو ، بەڵكو خەبات و تێكۆشانێكی كۆمەڵایەتی ، سیاسی و كەلتووری و ئابووری بوو لە سەرانسەری كوردستان .بارزانی نەمر دەستكەوتی زۆر گەورەی بۆ دوای خۆی بە جێهێشت، لە خەباتی سیاسی، لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی، لە راستگۆیی و لە خۆ نەویستی،لە سەر بڵندی بەرامبەر دوژمنان، لە شەهامەتی بێ وێنەییدا،هەموو ئەمانە دەستكەوتن بۆ كورد و بۆ سەركردایەتی كوردستان،كە رێك ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بەو رێنمایی و بەو خۆنەویستی و بەو تێكەڵبوونەی ناو خەڵك هەیە.بارزانی بۆ هەموو كورد میراتێكی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام ئەم میراتە پێویستی بە دروشمی بریقەدارو دروشمی شۆڕشگێڕانەی رووت نییە، بەڵكو پێویستی بە تێگەیشتن لەو میراتە دەوڵەمەندەو ئینجا هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی هەیە،نەك هەر لە خەباتی سیاسیماندا،بەڵكو لە ژیانی كۆمەڵایەتی و لە تەواوی رەفتاری رۆژانەماندا،ئەگەر ئەمە نەكەین پێم وانییە ئایندەیەكی باش پێشوازیمان لێ بكات كە نەتەوەكەمان چاوەڕوانییەتی. كەواتە ئەگەر تا ئێستاش بە پێی پێویست نەمانتوانیوە،سوود لە پەندو وانەكانی بارزانی نەمر وەربگرین،پێم وایە دەكرێ لەمڕۆ بە دواوە بە ناخی ئەم پرسەدا بچینە خوارەوەو سەرلەنوێ خوێندنەوەیەكی جیدی بۆ بكەین،هەر بەمەش دەتوانرێ ئەم گەلە لەم هەموو نەهامەتی و پڕ دەردەسەرییەیدا، كەمێك ئارام بێت.شۆڕشی ئەیلوول دەستكەوتێكی هەرە گەورەی بۆ گەلەكەمان بە دەست هێنا، بارزانی نەمر لە لووتكەی شۆڕشی نەتەوەیی ئەیلوولی مەزن و كاریگەر بوو، تەنانەت حكوومەتی عێراقی ناچار كرد دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنێت و بەرهەمی شۆڕشەكە بەیاننامەی 11ـی ئازاری لێكەوتەوە، بوو بە بناغەی هەموو گفتوگۆكانی دیكەی كورد لەگەڵ ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، كە ئەوە دەستكەوتێكی زۆر گەورە بوو، تا ئێستایش گەلی كورد شانازیی پێوە دەكات. شۆرشی ئەیلوول، لە رووی دیپلۆماسییەوە، سەركەوتوو بوو، چونكە لەو شۆڕشەدا دۆزی كورد چووە پێشەوە، شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەیەكی نەتەوەیی بوو، هەر لەبەر ئەوەیش حكوومەتی داگیركەر لە بەغدا ناچار بوو دانوستاندن لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕش بكات و دان بە مافەكانی كورددا بنێت و گەورەترین ڕێككەوتن لەگەڵ كورد ئیمزا بكات، ئەویش ڕێككەوتنی 11ـی ئازار بوو. لەگەڵ ئەوەیش سەركردایەتیی شۆڕش پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان هەبوو، بەتایبەتی یەكێتی سۆڤیەت، لەگەڵ ئەوەیش نوێنەری لەچەند وڵاتێكی ئەوروپا هەبوو، بۆ ئەوەی دەنگی میللەتی كورد بە جیهان بگەیەنێت، كە توانی وڵاتانی جیهان بێنێتە دەنگ و بووە بنەمایەك بۆ هەنگاوەكانی دیكەی ئاسایشی نەتەوەیی، كە لە داهاتوودا كاری لەسەر كرا. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول جیاوازییە كۆمەڵایەتییەكانی كاڵ كردەوە و ئینتما بۆ خێڵ و بنەماڵە و چینە جیاوازەكانی ناخی كۆمەڵگای كوردستانی گۆڕی بۆ ئینتیمابوون بۆ نەتەوە و نیشتمان، تاكی كوردی بەرانبەر بە مافەكانی هۆشیار كردەوە و مەودای هزر و تموحاتەكانیانی فراوانتر كرد بۆ داهاتوو، هەر بۆیە لە مێژووی شۆڕشەكانی نەتەوەی كورددا شۆڕشی ئەیلوول سەرتاپاگیرترین و پڕدەسكەوترین شوڕشی كورد بوو. لە رەهەندی رۆشنبیری و زانستییەوە بەشێكی زۆری رۆشنبیرانی سەرجەم بەشەكانی كوردستان لە دەوری شۆڕش كۆ ببوونەوە و شۆڕش خاوەنی قوتابخانە و دادگە و دامەزراوەی تایبەت بە خۆی بوو. بۆ یەكەم جاریش لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا شۆڕشێك رژێمیكی داگیركەری كوردستانی ناچار كرد داوای گفتوگۆ بكات و ئامادەی ئەوە بێت ددان بە مافە سیاسییەكانی گەلی كوردستاندا بنێت..
Top