بۆردوومانەکەی کۆیە و پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

بۆردوومانەکەی کۆیە و پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی وەک خاوەنی راستەقینەی پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، وێڕای ئیدانەکردنی بۆردومانی بنکە و بارەگا و کەمپی ئاوارەکانی هەردوو حزبی دیموکرات لە کۆیە، جارێکی تریش بە دۆست و دوژمنانی گوت: کێشەی کورد بە توندوتیژی و کوشتن چارەسەر ناکرێ و رێگە و شێوازی باشتر هەیە بۆ چارەسەری.
کاتێک دەڵێم: سەرۆک بارزانی خاوەنی راستەقینەی پرسی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، مەبەستم ئەوەیە کە پرسی کورد پرسی داگیرکردنی خاکەکەی و کۆمەڵکوژی خەڵکەکەیەتی، چارەسەریشی سەربەخۆیی و رزگارکردنی خاکەکەی و بە ئاسوودە ژیانی خەڵکەکەیەتی، سەرۆک بارزانیش ئەو دەنگە نەمر و بەرزەیە کە رابەرایەتی چارەسەری ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی ئەو پرسە و خواستی بەدەستهێنانی ئامانجی سەربەخۆیی دەکات، وەک بارزانی نەمریش فەموویەتی بەلامەوە گرنگە ئاڵای کوردستان هەڵبکەم، جا گرنگ نییە هەڵکردنی ئەو ئاڵایە لە مهاباد یان دیاربەکر یان لە هەولێر دەبێ، بەلای سەرۆک بارزانیشەوە گرنگ نییە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە کام بەشی کوردستان دەبێ .
خاڵێکی تر کە سەرۆک بارزانی زۆرترین جار پێداگری لەسەر کردووەو لەو پێناوەشدا باجی زۆری بە حزبەکەی داوە، یەکڕیزی ناو حزب و لایەنە کوردستانیەکان و قبوڵ کردنی یەکتری و هاوخەباتی نوانیان بووە، بۆیە دەڵێم: پێویستە هەردوو لایان واتە هەم دوژمنان و هەم حزب و لایەنە کوردستانیەکان کەڵک لەو دوو ئامۆژگاریەی سەرۆک بارزانی وەربگرن، دوژمنان لە چارەسەری پرسی کورددا دەستبەرداری هێز و زەبر و زەنگ و توندوتیژی و کوشتن ببن و وەک سەرۆک بارزانی دەفەرموێ: رێگە و شێوازی باشتر هەیە بۆ چارەسەری پرسی کورد، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ چارەسەری ئاشتیانە، حزب و لایەنە کوردستانیەکانیش بێنەوە هۆش و دەستبەرداری سیاسەتی حزبپەسندی و سەرەڕۆیی ئایدۆلۆژی ببن و وەک سەرۆک بارزانی دەفەرموێ: کوردستانی بوون و هاوچارەنووسی بکەنە خاڵی لێکگەیشت و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانیش بخەنە سەرووی هەموو ئامانجەکانیان.
Top