چ هیوایەك ماوە تا لەگەڵ عێراقێكی وێران و داگیر بمێنێنەوە ..

چ هیوایەك ماوە تا لەگەڵ عێراقێكی وێران و داگیر بمێنێنەوە ..
دوای پێكهێنانی دەوڵەتی عێراق لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا لە سەر بنەمای ئیتنی "كورد وعەرب"، و رێزگرتنی نەتەوە و ئایینزاكانی دیكە، هەموو پێكهاتە بنەڕەتییەكان بەشدارییان لە بنیادنان و پێكهێنان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامەزراوە مەدەنی و سەربازی و كارگێڕییەكاندا كرد.لەگەڵ ئەوەی سەركردایەتیی سیاسی كوردستان و گەلی كوردستان بەشداربوون لە بونیاتننانی عێراقی نوێ و دەستوور و دەنگیان پێدا و بەڵام رەفتاری سیاسی و هەڵسوكەوتی بەغدا لە ماوەكانی رابردوودا پاڵ بە كوردەوە دەنێت كە بە زۆردارەكی پێداگری بكات لە سەر سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەت، چونكە كەرامەت و ئازادی لە هەموو شتێك خۆشەویستترن.
ئەگەر هەڵەی ستراتیژی سوننەكان بەهۆكاری سەرەكی دابنرێ، هەڵەی ستراتیژی شیعەش لە حكومڕانیەتی تاكڕەویدا، هیچی كەمتر نییە لە هەڵە ستراتیژەكانی سوننەكان. كورد لەهەموو بارێكدا، بەردەوام چاوڕێی دوو شت بووە، یەكەمیان قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی پێشووی، دووەمیان بەشداریكردنێكی ڕاستەقینە لە حكومڕانییەتیدا، هەردوو ئامانجەكەش نەهاتە دی، دواجار بەشە بوودجەكەی بەتەواوی بڕا، شەرعیەتی یاسایی یەكپارچەیی عێراق چووە سەر دوو ڕیانی جیابوونەوە. لەم دۆخەی ئێستادا، هیچ كڵاوڕۆشنەیەك بۆ پێكەوە ژیان لە عێراقدا نەماوەتەوە.
دوای رووخانی رژێمی بەعس گشت هیواكان لە سەر بە دیموكراسی بوون و جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەیی بوو كە تێیدا مافی گەلی كورد تێیدا مسۆگەر كرا بوو ،بەڵام دوای 13 ساڵ نەك دەسەڵاتدارانی بەغدا جێبەجێیان نەكرد ،بەڵكو هەوڵی سرینەوەی گشت دەسكەوتەكانی كوردستانیاندا ..حكوومەتی عێراق لەسەر سێ بنەما دامەزراوە، كە ئەوانیش تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگین، بەڵام لە سەردەمی دەستەڵاتی نووری مالیكییەوە تاوەكوو ئێستایش بەردەوام ئەو بنەمایانە پێشێل كراون و كورد پێگەی لاواز بووە و رۆژ بەڕۆژ پۆستەكانیان كەم دەبێتەوە، هەروەها دەوڵەت بەرەو تایفەی شیعی دەچێت، چونكە شیعەكان هەموو جومگە سەرەكییەكانیان كۆنترۆڵ كردووە.هەرێمی كوردستان پەنای بردە بەر ریفراندۆم لەبەر ئەوەی دەستوور جێبەجێ نەكراوە و، حكوومەتیش لە لایەن شیعەكانەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، بۆیە ویستمان ریفراندۆم بكەین و ئەو دۆخە قبووڵكراو نەبوو.هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوە پێشكەوتنی باشی بە خۆیەوە بینیوە و، حكوومەتی عێراقیش هەوڵی نەهێشتنی ئەو دەستكەوتانە دەدات، چونكە كاتێك خەڵكی عێراق سەردانی هەرێمی دەكرد، گلەییان لە حكوومەتی عێراق دەكرد كە بۆچی وەكوو هەولێر خزمەتی ئەوان ناكرێت.خاڵی سەرەكیی سەركەوتنی گەلی كورد، یەكڕیزیی لایەنەكانە، چونكە لە هەرێمی كوردستان لایەنەكان یەك نین، بۆیە ئەوانیش سوودیان لەو ناتەباییەی كورد وەرگرتووە، بەڵام ئەگەر ئێمە یەكهەڵوێست باین، نەدەگەییشتینە ئەو رۆژە. ئەو هەلومەرجەی عێراق پێدا تێپەڕ دەبێت، پاش هەڵبژاردنەكانی 12 مانگی 5، گۆڕانكاریی بەسەر باردۆخی عێراقدا هێناوە، ئەو وڵاتە بە قۆناغێكی مەترسیداردا دەڕوات، بە تایبەتی كە نێو ماڵی شیعە وەك جاران نەماوە و دووبەرەكی كەوتووەتە نێوانیان، هەروەها پاش ساڵی 2014 تەوافوق، تەوازن و شەراكەت لە عێراقدا نەماوە، بۆیە عێراق بە قۆناغێكی مەترسیداردا دەڕوات، ئەگەر حكوومەتی داهاتوویش لە ماوەیەكی نزیكدا پێك نەهێنرێت، رەوش خراپتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەی دەبێت حكوومەتی دابێ، حكوومەتی هەموو پێكهاتەكان بێت و بە یەك چاو سەیری هەموو تاكێك بكات، ئەگەرنا بارودۆخەكە خراپتریش دەبێت.دیارترین ئەو پێشڵكاریانەش گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان و ئینجا پیلانگێری 16 ی ئۆكتۆبەر و هەوڵی كۆتایی هێنان بە قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بوو كە گەلی كورد وهێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانیی ئەو پیلانگێرییە شكستی پێهێنرا.. كەركووك لە چاوەروانی پێشمەرگە، رزگاری و ئازادیی و كوردستان لە چاوەروانی سەربەخۆیدا.. ، گەلی كورد ، سەد ساڵە لە ژێر هێرش و داگیركاریی و مەترسی سرینەوەدایە ، گشت مافەرەواكانی زەوتكراوە ، ئیتر چی ماوە كە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەسەرمان نەهێنن ، ئیتر بەس نەبێ‌ زوڵم و زۆرداری ،ئێمە چیمان داوە لە بەغدایەك كە هیچ كاتێ‌ لە زیان گەیاندن بە دۆزی كورد ،هیچ خێرێكی ترمان نەبینیووە ..ئێستا جارێكی تر دەرفەتێكمان بۆ رەخسایەوە بە تایبەت دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە ویستیان خاكمان و مێژوومان و هەمووشتێكمان بسرٍنەوە و لە ناوببەن ، ئێستا ئیتر ئەو كاتەیە نابێ‌ چاوەروانی هیچ تر بكەین لە بەغدا و دەبێ‌ بریار بدەین و خاك و نیشتمانی داگیركراومان رزگار بكەین و خۆمان بریار لە سەر ئایندەمان بدەین ..ئێمە لە عێراق رووبەرووی كیمیاباران ، وێرانكاری ، جینۆساید و گەمارۆدان و دەیان كارەساتی تر بووینەتەوە و دەسەڵاتدارانی بەغدا تا بە ئەمرٍۆ نایانهەوێ دان بە بوونی كورد و مافەرەواكانی دابنێن و هەمیشە بە ژێر دەست و پلە دوویی هەژمار دەكەن ، هەر كاتێ‌ رژێمە كانی بەغدا دەرفەتایان بووبێ‌ ئەوا هەوڵی لەناوبردنی ئێمەیان داوە ، ئێمە تا خاوەنی بریار و دەوڵەتی خۆمان نەبین ناتوانین بە ئاشتی و سەقامگیری ژیان بە سەر ببەین ..
Top