پێشنیارێک بۆ حزب و لایەنەکان کوردستان و رۆشنبیرانی کورد

پێشنیارێک بۆ حزب و لایەنەکان کوردستان و رۆشنبیرانی کورد
تادێ بارودۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەچێ و ئەو ئاڵۆزیەش عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبات، ئەوە شەڕی خەڵک و دەسەڵات لە پێشە و لە شاری بەسراوە سەری هەڵداوە، رووداوەکان و دەستوەردانە دەرەکیەکانیش ئاماژەوە بەوە دەدەن کە ئەو شەڕە تەواوی شار و شارۆچکەکانی تریش بگرێتەوە، ئەوە شەڕی ناوماڵی شیعە و هەوڵدان بۆ گەیشتنە دەسەڵات و پەراوێز خستنی یەکتری، ئەوە شەڕی سوننە و شیعە کە لە ئێستادا بە هێز و زەبر و زونگ سڕ کراوە و لە ئەگەری ئاڵۆز بوونی زیاتری بارودۆخەکە سەر هەڵدەداتەوە، ئەوە شەڕی ئەمەریکا و ئێران و هەوڵدان بۆ دەرخستنی باڵادەستی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا، باشووری کوردستانیش وەک بەشێکی لکێنراو بە عێراقەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو شەڕانەی ناو عێرق و ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ زەرەرمەندی یەکەم کورد دەبێ، بە پێچەوانەوە ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، کورد لە باشوور لەو دۆزەخە رزگاری دەبێ کە عێراقیبوون بۆی داخستووە و دەشبێتە دەروازەیەک بۆ رزگار بوونی بەشەکانی تری کوردستان، ئەوەش لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و رۆشنبیران دەخوازێ، کورد بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیەوە بچێتە ناو ئەو شەڕە چاوەڕوانکراوەی کە دەبێتە دوا وێستگەی یەکپارچەیی عێراق و سەرەتای دابەشبوونی، بۆیە پێشنیار دەکەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن.
١ــ لە ئێستادا حزب و لایەنەکانی کوردستان دەستبەرداری پرۆژە حزبیەکانیان ببن و لەناو پرۆژەیەکی نەتەوەییدا هەڵوێستەکانیان یەک بخەن، خۆ ئەگەر حزب و لایەنەکان دەستبەرداری پرۆژە حزبیەکانیان ببن، ئەوا ئەنجامەکانی ریفراندۆم دەبتە پرۆژەی هەموو کورد، لە حاڵەتی ئەگەری دابەشبوونی عێراقیش هەر یەک لە سوننە و شیعە پرۆژەی خۆیان دەبێ، لەو حاڵتەشدا بۆ کورد هیچ پرۆژەیەک لە پرۆژەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم بەهێزتر نییە، چونکە پرۆژەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم هەم دەبێتە پرۆژەی هەموو حزب و لایەنەکان و هەمیش دەنگی %٩٣ی خەڵکی کوردستانی لە پشت دەبێ.
٢ــ لە کەسانی خاوەن ئەزموونی سیاسی ناو حزب و لایەنەکان و نوخبەی رۆشنبیران، سەرکردایەتیەک بۆ پرسی کورد و یەکلا کردنەوەی کێشەکان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دابمەزرێ و ئەو سەرکردایەتیەش دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبێ.
٣ــ سەرۆک بارزانی وەک سەرۆکی ئەو سەرکردایەتیە هاوبەشەی لایەنەکان دیاری بکرێ، چونکە بە هەموو پێوەرە سیاسی و بەڵگە مێژووییەکان سەرۆک بارزانی تاکە کەسێکە لە کوردستان کە مساوەمەی لەسەر ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد نەکردووە و ناشیکات، جگە لەوەش سەرۆک بارزانی لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی خەبات و تێکۆشانیدا ئەوەی بەلایەوە گرنگ بووبێ گەیاندنی کورد بووە بە ئامانجە نەتەوەییەکان، لەو پێناوەشدا زۆرترین حزبەکەی بە قوربانی نەتەوەکەی کردووە.
Top