گۆڕان و هاوزوڕناکانی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا
September 5, 2018
وتار و بیروڕا
دوای بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان و بودجەی حکومەتی هەرێم، فراکسیۆنی بزووتنەوەى گۆڕان و هاوزوڕناکانی لە فراکسیۆنی کۆمەڵ و زۆرینەی فراکسیۆنی یەکێتیش، لەباتی بەرگری کردن لە مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان، وەک ناوبژیوان خۆیان دەردەخست و لە ناوبژیوانیەکەش بەلای بەغدای عرووبە و مووچە و قوت بڕانی خەڵکی کوردستانی دادەشکاند و حکومەتی هەرێمیشیان دەخستە خانەی تاوانبارییەوە.
لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی گەلانی تونس و میسر بزووتنەوەى گۆڕان و هاوزوڕناکانی دەمامکی ئۆپۆزسیۆنیان لەسەر خۆیان لادا و بە رووخساری دوژمنکاری و بە درووشمی حکومەت گەندەڵە، دەسەڵات دز و دیکتاتۆرە و کوردستان تونس و میسرە و (ارحل) کەوتنە هاندانی خەڵک.
کاتێک داعش لە هەموو سنوورەکانەوە هەڕشەی داگیرکردنی کوردستانی دەکرد، بۆ ئەوەی بەرنامەی رووبەڕوو بوونەوەی داعش و بەرگری کردن لە خەڵکی کوردستان تێکبدەن، بزووتنەوى گۆڕان و هاوزوڕناکانی لە پەرلەمان و لە ٢٣ی حوزەیران کودەتایەکیان ساز کردو کەوتنە بیان و گرتن بە پۆستی سەرۆکی هەرێم و دەیانگوت: ماوەکەی بەسەر چووە، هەر لەو سەروبەندەدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەشیان دەکرد.
تا دەهات فشارەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێم بە گشتی و بەرەی سەربەخۆخوازانی کوردستان زیاد دەکرد، جارێک بە ناوی بە هەرێم کردنی سلێمانی و گێڕانەوەی بۆ سەر بەغدا و جارێکیش بەناوی ناردنی مووچەی خەڵکی سلێمانی، هاواری (عەبادی، عەبادی)یان بە خەڵکی سلێمانی دەکرد، لە کاتی ریفراندۆم و فرۆشتنی کەرکوکیش، ریفراندۆمیان بە سەفەت ناودەبرد و بۆ دادگایی کردنی سەربەخۆ خوازانیش دەبوونە داواکاری گشتی و بانگەشەی دادگایی کردنی ریفراندمچیەکانیان دەکرد.
دوای ئەوەی لە هەموو ئەو پیلانگێڕیانە شکستیان خوارد و لە حکومەت هاتنە دەرێ، کەوتنە هاوار و بانگەشەی پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز)، ئێستا کە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک بۆتەوە، وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران، بەناوی نالەباری بارودۆخەکە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن، ئەوەش ئەو راستییەمان پێدەڵێ: ئەوەی لە رابردوودا گوتوویانە و کردوویانە، باوبژی سیاسی و ئێڵنجی رشتنی کۆنەقینی سیاسی بووە و دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان پێیان کردوون، ئەوەی ئێستاش کە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن هەر دەستی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانی لە پشتە، بۆیە پێویستە پارتی لەوە بگات کە داواکردنی دواخستنی هەڵبژاردنیش لە ئێستادا هیچی کەمتر نییە لە پیلانگێڕیەکەی ٢٣ی حوزەیران و ١٦ی ئۆکتۆبەر و لە لایەن دوژمنانەوە پێیان سپێردراوە، وە پێویستە خەڵکی کوردستانیش لێیان بپرسێ: بۆچی و لە پێناو چیدا تەمەنی ئەو پەرلەمانە پەکخراو و حکومەتە شکستخوادووە درێژ دەکەنەوە؟!