پانۆرامای کار و چالاکیەکانی چوار ساڵی سەرۆک کۆمار

پانۆرامای کار و چالاکیەکانی چوار ساڵی سەرۆک کۆمار
هاووڵاتیانی بەڕێز، خوشک و برانی خۆشەویستم لە هەرێمی کوردستان.
سڵاو و رێزی منی فەخامەتی سەرۆک کۆمار دکۆتر فوئاد مەعسوم قبوڵ بفەرموون.
بەڕێزان.. بەو پێیەی من چوار ساڵە لەسەر پشکی ئێوەی کورد سەرۆک کۆمارم، بە مافێکی شەرعی و دەستووری ئێوەی دەزانم کە داوام لێبکەن لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا چیم کردووە و تا کوێ توانیومە خزمەتی خواست و ئامانجەکانی ئێوەی بەڕێز بکەم و بەرگری لە مافەکانتان بکەم، بۆیە بە پێویستی دەزانم لەم پانۆرامایەدا کۆی کار و چالاکیەکانی ئەو چوار ساڵەی سەرۆک کۆماریم راستگۆیانە و بێ پێچ و پەنا بخەمە پێش چاوی بەڕێزاتان.
١ــ لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا مافێکی دەستووری یاسایی خۆم بووە دوو ساڵ بخەوم، بەو پێیەی چوومە تەمەنیشەوە بە تێڕادیوی و بە وەکالەتی ئێوە ساڵێکی تریشم خۆستۆتە سەر دوو ساڵەکەی خەوتنم، کەواتە تەنها ساڵێک بەخەبەر بووم، بۆیە بە ئێوەی بەڕێزی رادەگەیەنم کە ئەو زوڵمانەی لە کوردیش کراون لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی خەوتنم دابوون.
٢ــ بە درێژایی ئەو چوار ساڵەی سەرۆک کۆمار بووم حکومەتی بەغدا نەیتوانیوە مووچە و میزانیەی خۆم ببڕێ، بۆیە شەفافانە و بە راشکاوی و وەک کەسێکی ئەکادیمی پێتان دەڵێم: مانگانە بێ دواکەوتن موچە و میزانیەی خۆم وەرگرتووە، لەو مووچە و میزانیەش بەشی دیاریکراوی خۆم گێڕاوەتەوە و باقیەکەی تریشم بۆ ماڵی مامە و دادە هێرۆ ناردۆتەوە.
٣ــ لەسەر پرسی بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان و بودجەی حکومەتی هەرێمیش، لەبەر ئەوەی پرسەکە پرسی پارە بووە، بەراستی پێم عەیب بووە باسی بکەم، چونکە گوتوومە ئەگەر باسی بکەم برا عەرەبەکان دەڵێن: سەیر کەن ئەو کوردە هیچ نەدیوە چەند پارە پەرستە و هیچ پێی عەیب نییە باسی پارە دەکات.
٤ــ با لەگەڵ یەکتری راستگۆ بین، سوێندتان لەسەرم نییە هەر جارێک باسی ریفراندۆم و هەڵوێستی بارزانی و دەوڵەتی کوردی دەکرا، دەبوومە قەترەیەک ئاو و بە زەویدا دەچوومە خوارێ، ئاخر چۆن تەریق نابیەوە؟! کورد بی و لەسەر پشکی کورد سەرۆک کۆمار بی و باسی ریفرادۆم و دابەش کردنی عێراق و دەوڵەتی کوردی بکرێ و برا عەرەبەکان پێت بڵێن: پیلانی دابەش کردنی عێراق لە ئارادایە.
٥ــ لە رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر و مەسەلەی فرۆشتنی کەرکوک نە کەم نە زۆر هەڵوێستم نەبووە، ئەویش لەبەر ئەوە بووە کە نەبمە هۆی نانەوەی فیتنە و ئاشووب و گەورە کردنی کێشەی نێوان کورد و برا عەرەبەکانمان، چونکە ئەگەر هەڵوێستی توندم وەرگرتبا، هەم پێشێلی دەستووری عێراقم دەکرد، هەمیش برا عەرەبەکان دەیانگوت: فوئاد مەعسووم نەتەوە پەستە و پۆستەکەی لە بەرژوەندی کورد بەکاردێنێ.
٦ــ زیاتر لە سێ ساڵە چوار پاسەوانی خۆم لە لایەن برا میلیشیاکانمانەوە گیراون و بێ سەروشوێنن، چەند جارێک باسم کردووە، بەڵام برا میلیشیاکان حەزیان نەدەکرد باسی رفاندنی ئەو چوار پاسەوانە بکەم، منیش گوتم: کێ دەڵێ دەستووریان پێشێل نەکردووە، یان ئەگەر واش نەبێ چوار پاسەوان ئەوە ناهێنن لەگەڵ برا میلیشیاکان بیکەمە دەمەقێڵێ و نیگەرانیان بکەم.
٧ــ لەگەڵ ئەو هەموو پڕ ئیشی و سەرقاڵیەم لە بەغدا بەردەوام لە خەمی کوردستان و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیشدا بووم، بۆیە ناوە ناوە هاتوومەوە کوردستان و هەوڵی چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیم داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم و بە خەم و پەژارەوە گەڕاومەوە بەغدای پایتەخی عێراقی فیدراڵ و رەمزی عرووبە و پێکەوەژیان و برایەتی.
٨ــ دەزانم لە کوردستان گلەیی زۆر لە ئەدای کارکردنم هەبووە، بەڵام گوتوومە ئەوان گلەییم لێ بکەن باشترە لەوەی برا عەرەبەکان گلەییم لێ بکەن، کوردەکان هاوزمانی خۆمن و هەرچۆنێک بێ دەتوانم ئاشتیان بکەمەوە، بەڵام گلەیی برا عەرەبەکانم بێتە سەر، بە چ چاو و روویەک لە بەغدا دابنیشم و بە خۆم بڵێم سەرۆک کۆمار.
Top