تاچەند دەتوانین سوود لە ئەزموونی فێرکردنی ووڵاتی فیلەندا وەربگرین

تاچەند دەتوانین سوود لە ئەزموونی فێرکردنی ووڵاتی فیلەندا وەربگرین
زانای فیزیایی ئەڵمانی بەناوبانگ ئەلبرت ئەنیشتاین دەلێ" فێرکردن بریتی نییە لە فێربوونی راستییەکان، بەڵکو بریتییە لە راھێنانی مێشک لە سەر بیرکردنەوە".
ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ سیستەمی فێرکردنی ووڵاتی فیلەندا بکەین کە بە پێی خوێندنەوە و توێژنەوە و ئەنجامەکانی نێودەوڵەتی سیستەمی فێرکردنی فیلەندا ھەردەم لە پێشەوە بووە و بە یەکێک لە باشترین ووڵاتەکان دەژمێردرێت لە فێرکردن، وە دووەم ووڵاتە لە جێگیربوونی ئاسایش لە جیھان پێشتر فیلەندا ووڵاتێکی کشتوکالی بوو دواتر بەرە بەرە بووە ووڵاتێکی پیشەسازی ئەویش بە پێشکەوتنی سیستەمی فێرکردن لەو ووڵاتەدا . کە سیستەمی فێرکردن لە ووڵاتی فیلەندا دیدگایەکی پەروەردەیی ھەیە لە سەر بنەمای یەکسانی و رەخساندنی ھەڵ بۆ ھەموو فێرخوازان و قوتابخانە حکومییەکان لەلایەن حکومەتەوە پشتگیری و پاڵپشتی دەکرێن ھیچ جیاوازییەک نابینرێ لە نێوان قوتابخانەکانی شارەکان و گوندەکان و گەرەکە میللییەکان، وە حکومەت بە زەحمەت ھانی کردنەوەی قوتابخانەی ناحکومی و تایبەت دەدات و فێرکردن لە فیلەندا ئامانجی پێگەیاندن و تێگەیاندنی کەسایەتی قوتابییە لە ھەموو لایەنەکەوە، حکومەتی فیلەندا نایابەکان لە مامۆستاکان ھەڵدەبژێرن و ئامادەیان دەکات بۆ ئەو کارە و بە پێی پسپۆری و بنەماکانی پەروەردە و تواناکانیان راھێنانیان پێ دەکەن و مەرجە ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر بە سەرەوەبن کە مامۆستاکانیان رۆژانە لە (٤)کاتژمێر زیاتر وانە نالێنەوە کاتەکانی تر خەریکی ئامادەکردنی پلان و پرۆگرام و خۆئامادەکردنن بۆ ھەموو نوێ کارییەک کە پەیوەندی بە پسپۆری و کارەکەیان بێت و بە راوێژ و ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتر.
بۆ قوتابیانیش خوێندنی رۆژانەیان لە (٣-٤) کاتژمێرە و زیاتر نییە کاتەکەی تر بۆ بەسەربردنی چاڵاکیەکان و کاتێکی خۆشە بۆ قوتابیان و کە تاقیکردنەوەی قورس و ترسیان نییە و قوتابییەکان ئازادییەکی تەواویان ھەیە و مافی بەشداربوونیان ھەیە لە بریارەکان، وە ھەروەھا رێزگرتن و شانازی کردن بە فێرکردن و فێربوون لە فیلەندا بریتین لە لایەنە گرنگەکانی رۆشنبیری فیلەندی کە فێرکردن وەکو ناسنامەی ووڵات تەماشا دەکەن، وە ھەرگیز قوتابییەکان لە یەکتر جیاناکەنەوە لە سەر بنچینەی ئاستەکانیان ، وە پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی پەیوەندییەکی زۆر بەھێزە و جگە لەوەش یەکسانی لە نێوان قوتابیەکان ھەیە واتە جیاوازی لە نێوانیان ناکرێت، وە لە فیلەندا ئەو درووشمە جێ بەجێ دەکەن کە (ھەموو قوتابییەک گرنگە).
وە ئەوەی من باسم کرد زۆر بە کورتی بوو لە سەر کاغەز و لە ئەنجامی خوێندنەوەم بۆ سیستەمی فێرکردنی ووڵاتی فیلەندا بوو لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە دەمەوێ چەند پرسیارێک بکەم؟
١-ئایا دەتوانین چی فێر ببین لە ئەزموونی سەرکەوتوویی فیلەندا؟
٢-ئایا دەتوانین ھەندێکی لە کۆمەڵگەی کوردی جێ بەجێ بکەین لەو سیستەمە یان زۆربەی؟
٣-ئەو کێشەوئاستەنگانە چین کە رێگر دەبن لە جێ بەجێ کردنی ئەو ئەزموونە لە لای خۆمان؟
بێگومان ناتوانین ھەنوو ئەزموونی فێرکردنی فیلەندا بە ھەموو بڕگەکانیەوە بە یەکەوە جێ بەجێ بکەین، بەڵام دەتوانین سوود لە بیرۆکە و ئەزموونی فیلەندا وەربگرین ھێواش ھێواش بڕگەکانیان جێ بەجێ بکەین ئەویش !!
١-بە ئیش کردنی بەردەوام و دوای تێگەیشتنمان بۆ فەلسەفەی پەروەردەیی بۆقوتابخانەکانمان و کە ھەڵقولاوی واقیعی ژیانی خۆمان بێت.
٢- پێداچوونەوە بە سیاسەتی وەرگرتنی قوتابییان لە کۆلێژەکانی پەروەردە و بنیات تایبەت بە مامۆستایان و پرۆسەی فێرکردن.
٣-داوا لە دەزگاکانی بەرپرسیاریەتی حکومەت وەکو وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ دەزگا خۆجێیەکان ژینگەی قوتابخانەکان رێک بخەن و بگونجێ لەگەڵ سیستەمی فێرکردن لە سەدەی بیست ویەک.
٤-پێداچوونەوە بە چۆنیەتی وانەگوتنەوە و تاقیکردنەوەکان.
٥-تەنھا فێرکردن و پەروەردە ئامانج و مەبەست بێت دوور لە ھەموو بەرژەوەندی لابەلا!
٦-لە لوتکە تا بنکە دانانی کەسانی پسپۆر و شارەزا و بە ئەزموون بۆ کارەکانیان و پیشەکەی خۆیان خۆش بوێت لەسەر بنچینەی شارەزایی و دڵسۆزی و توانایی نەک لە سەر بنچینەی خزم وبەرژەوەندی و پەیوەندی لابەلا. واتە جومگەکانی پەروەردە و فێرکردن کەسانی پەروەردەکار بەرێوەی ببەن.
٧-باشتر کردنی گوزەرانی مامۆستایان لە رووی ئابوری و ژیان.
٨-مافی مامۆستا بدرێت لە دەستنیشان کردنی پرۆگرام و گونجاو لەگەڵ واقیعی کوردستان.
٩-ئازادی و مافی بەشداری بدرێتە قوتابیان لە بەشداری کردن لە ھەندێ بڕیار تایبەت بە قوتابیان.
١٠-پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە یاسا و رێنمایی قوتابخانە ناحکومییەکان بکرێت کۆنترۆل بکرێت و ھەوڵ بدرێت چیتر نەکرێتەوە و بازرگانی بە خوێندن و فێرکردن نەکرێ و ئەوانی تریش گەر کوالیتیان بە پێی مەرج و بنەماکان بەرز نەبوو دابخرێن.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی

Top