عێراق بەرەو کوێ؟

عێراق بەرەو کوێ؟
عێراق کەوتۆتە ناو گێژاوێکی بێ کەنار و پێناچێ بەو سنوور و سیادە و یەکپارچەییەی ئێستایەوە بتوانێ لە هیچ کەنارێک لەنگەر بگرێ، چونکە کراوەتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیە دژەکان و سەپاندنی باڵادەستی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و ئەوەی لە دیاریکردن و گۆڕینی ئاراستەی رووداوەکان بێدەنگ و بێڕەنگ و خاوەن بڕیار نەبێ خەڵکی عێراقە، ئەوەش وادەکات هەر هێزە و عێراق بەو ئاراستەیەدا بەرێ کە خۆی دەیەوێ.
ئەوەی ئێستا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەگوزەرێ ئەوەیە کە ئەو حکومەتەی لە عێراق دادەمەزرێ (ساخت ایران) دەبێ، یان (Made in USA)؟ بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو لایان واتا ئێران و ئەمەریکا کەوتوونە کێبڕکێی یەکتری و وڵاتانی تری ناوچەکەش بێ دەور و رۆڵ نین، هەرچی ئەمەریکایە هەوڵدەدات لە عێراقەوە رۆڵ و کاریگەری ئێران لەسەر ناوچەکە کەم بکاتەوە، هەرچی ئێرانیشە لەوە گەیشتووە ئەگەر رۆڵ و کاریگەری لە عێراق کەم ببێتەوە، ئەوا خەونی هیلالی شیعی و گەیشتنەوە بە دەسەڵات و سەڵتەنەتی ئیمپراتۆری سەفەوی کۆتایی دێ و تەنانەت کۆمارە ئیسلامیەکەیان لە ئێرانیش دەکەوێتە ژێر مەترسی داڕمان.
عێراق وەک پێگەیەکی سیاسی و سەربازی بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە، بۆ ئێرانیش هەمان گرنگی و بگرە زیاتریشی هەیە، چونکە ئەمەریکا تەنها لە عێراقەوە دەتوانێ پێش بە سیاسەتی فراوان خوازی ئێران بگرێ و شکست بە هیلالی شیعی بێنێ، جا ئەگەر ئەوە نەکا و لە عێراق سەرکەوتن بەدەس نەهێنێ، ئەوا لە ناوچەکە بەرامبەر بە ئێران دەدۆڕێ.
گرنگی عێراق بۆ ئێرانیش دوو سەرەیە، یەکەمیان شیعە لە عێراق زۆرینەیە و ئەگەر بەو زۆرینەوە ئێران لە عێراق بدۆڕێ، ئەوا خەونی گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات و سەڵتەنەتی ئیمپراتۆری سەفەوی دەباتە گۆڕەوە، دووەمیشیان هەم هیلالە شیعیەکەی تێکدەچێ و هەمیش بە ئاسانی دەستی بە سوریا ناگات و لەو وڵاتەش تووشی شکست دەبێ، بەوەش شەڕی ئێران و ئەمەریکا دەچێتە ناوماڵی ئێران و ئەمەریکاش ئەو ئامانجەی هەیە.
تا ئێرە ئەو کێشە و گێژاوە هەرێمی نێودەوڵەتیانەن کە بەرۆکی عێراقی گرتووە، لە رووی ناوخۆییشەوە عێراق بۆتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنە سیاسی و نەتەوەیی و دینی و مەزهەبیەکان، ئەوە کێشە کورد و عەرەب، ئەوە کێشەی نێوان سوننە و شیعەی عەرەب، ئەوە پەرتەوازە بوونی ناوماڵی شیعە و دابەشبوونی بەسەر چەندین کوتلە و ئاراستەی جیاوازدا، ئەو کێشە و گرفتانەش دەرگا بە رووی دەستوەردانی زیاتری هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دەکەنەوە و وا دەکات لە دەرەوەی عێراق و دوور لە ئیرادەی خەڵکەکەی بڕیار لە چارەنووسی عێراق بدرێ، ئەوەش عێراق بەرەو کەناری دابەشبوون دەبا و جگە لە کەناری دابەشبوون هیچ کەنارێکی تر عێراق بە خۆی ناگرێ، لێرەدا دوو گریمانە درووست دەبن.
گریمانەی یەکەم:ــ ئەگەر حکومەتەکە (ساخت ایران) بوو، ئەوکات جەنگە گەورەکە درووست دەبێ و ئیسرائیل و وڵاتانی سوننەی عەرەبیش دێنە ناو جەنگەکە و کۆتایی ئەو جەنگەش بە شکستی بەرەی ئێران و میلیشیاکانی تەواو دەبێ، ئەوەش گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی ناوچەکە بە دوای خۆیدا دێنێ.
گریمانەی دووەم:ــ ئەگەر حکومەتەکە (Made in USA) بوو، ئێران لە رێگای گرووپ و میلیشیاکانی سەربەخۆی لەناو حەشدی شەعبیدا عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبەن و دواتر ئەو شەڕە پەرە دەستێنێ و زۆر وڵاتی تر دێنە ناو شەڕەکە، لەو شەڕەشدا ئێران و دەستە و گرووپەکانی تووشی شکست دەبن و لایەنی براوە گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا درووست دەکات.
وەک لە شرۆڤەکەدا هاتووە هەر کامێک لەو گریمانانە رووبدەن، جەنگەکە بەرۆکی ناوچەکە دەگرێ و بە رووخانی ئێران و گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکەش کۆتایی دێ، ئەوەش ئەرکێکی سیاسی و نەتەوەیی دەخاتە سەر شانی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، جا هەر حزب و لایەنێک بەو هەرکە هەڵنەستێ و بە هەڵوێستی کوردانە و بە ئامانجی نەتەوەییەوە نەچێتە ناو رووداو و گۆڕانکاریە چاوەڕوان کراوەکان، ئەوا خیانەت لە گەل و نیشتیمانەکەی دەکات.
Top