زیاتر لە نێو سەدە هەمیشە لە كاتە هەستیارەكاندا لە ئاوارەیی و چیا و گوندەكانی كوردستان هەمیشە تێكۆشاوە تا دۆزی رەوایی كورد لە رێگەی خەباتێكی رەوا بگەێنێتە ئامانج .پێشمەرگە ،سەرۆك مسعود بارزانی و رێبەرو رێنیشاندەری گەلی كورد بووە لە رۆژە سەختەكاندا ئەمەش وەك چۆن سەروەرییەكی گەورە بووە بۆ خودی سەرۆك بارزانی كە بەرپرسیارێتی و سەرۆكایەتی میللەتێكی كاریگەرو دڵسۆزو بە ئەمەكی وەكو كوردی لەسەر شان بووە. میللەتان كاتێك كەشتییەكانیان بە دەست كەشتیەوانێكی شارەزاو بە دیققەت و لێهاتووی وەك سەرۆك بارزانی دەبێت، هەرچەندە بارودۆخەكەیان ئاڵۆزو زەحمەت و دژواریش بێت، ئەوا لە ئەنجامدا، بە دڵنیایی و باوەڕێكی پتەوەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەهاوێژن و دڵ پڕ هیوا و دەروون پڕ بڕوا، رووبەرووی هەموو سەختی و زەحمەتییەكان دەبنەوەو لە ئەنجامیشدا ئاواتەكانیان دێتە دی و خەون و خەیاڵە رەواكانیشیان دەكەن بە واقیع. میللەتان لە هەموو جیهاندا، لە چەقە رێگای خەباتی بێ وچانیان دا، لە پێناو دەستەبەركردنی ئازادی و سەرفرازی و شارستانی، هەمیشە خوڵقێنەری سەركردەی گەورەو شایستەو راستەقینەن. لە هەمان كاتدا، سەرۆكی دووربین و راستەقینەو دڵسۆزو كارامەش، هەمیشە كاریگەرترین فاكتەری بەرەو پێش بردن و گەشەپێدانی ژیان و چارەنووسی میللەتانە. ئەمە، نە پێداهەڵدانە بە تاك كەس و نە كەم كردنەوەیشە لە رۆڵی كۆمەڵ. بەڵكو راستییەكە وەك رۆژ بە ناوچەوانی مێژووەوە دەدرەوشێتەوە. لاپەڕەكانی خەباتی گەلان لە سەرتاسەری جیهاندا سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە هیچ میللەتێك بە بێ سەرۆكی خاوەن تاقی كردنەوەو بەرچاو روون و ئازاو هێمن و وردبین و داهێنەرو دەست پێشخەر، نەیتوانیوە دوارۆژی خۆی بە شێوەیەكی خوڵقێنەر دابمەزرێنێت.رەنگە، سەلماندنی ئەو راستییە بۆ میللەتێكی وەكو كورد كارێكی زەحمەت نەبێت. هەر تەنیا سەیركردن و هەڵسەنگاندنی ئەو هەموو دەسكەوت و راستیانەی ناو بیست وحەوت ساڵی رابردوو رەنگە بەس بێت بۆ ئەوەی ئەو راستییە لە بەر چاو بەرجەستە بكرێت:خۆراگرتن لە بەرامبەر شاڵاوە بەدناوەكەی ئەنفال و راگواستن و رووبە رووبوونەوەی چەكی كیمیاوی و پڕۆسەی تەفروتونا كردنی نەتەوەیی كورد. ئینجا بەرپاكردن و سەركردایەتی كردنی راپەڕین، دواتر، ئازاد كردنی كوردستان و رێكخستنی یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراسی لە كوردستاندا. دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت. گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانیی كوردستان. ئاوەدانكردنەوەی كوردستانێكی خاپوور كە تازە لە ژێر سیاسەتە وێرانكارییەكەی رژێمی پێشووی عێراق دەرچوو بوو. گەشەپێدانی مەودای دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی كورد. گەڵاڵە پێكردنی تاقیكردنەوەی سیاسی كوردستان وەك حەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگر لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا. دامەزراندن و گەشەپێدانی دۆستایەتی لە نێوان ئەمریكاو كوردستان، لە نێوان ئەوروپاو كوردستان. لە نێوان كوردستان و دەوڵەتانی ناوچەیی و عەرەبی و ئیسلامی. ئینجا پاراستنی كورد لەو هەموو ئاڵۆزی و دژواری و شەڕو ناكۆكییانەی لە دەوروبەری كوردستاندا هەیە. قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی لە ناو ریزەكانی میللەت و ئینجا لە نێوان كوردو پێكهاتە مەزهەبی و ئیتنی و ئایینیەكانی كوردستان. هەروەها لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ گەیاندنی دەنگی سەربەخۆیخوازی و رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی بە هەموو جیهان و ئینجا شكاندنی گەمارۆیی ئابووریی و سەربازیی دژی ئەزموونی دەستووری هەرێمی كوردستان ..سەردانە بەردەوامەكانی نێردراویی ئەمەریكا مەكگۆرگ و پەیوەندی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نموونەی بەرچاویی هێز وپێگەی پارتیی و سەرۆك بارزانین ..سەردانی بەرپرسان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و هەروەها پەیوەندە دیپلۆماسییەكانی لە سەر ئاستی باڵا بە سەركردایەتیی سیاسی كورد و بە تایبەت سەرۆك بارزانیی هێزوپێگەی پارتی و بارزانیی لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی دەر دەخات و هەروەها گەر سەرنجی هەڵوێست و بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی لە دەیەكانی رابردووەوە تا ئێستا، بەتایبەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكانی چوار ساڵی رابردوویی شەڕی تیرۆر، ریفراندۆم و مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا و روونتر ئەو سیمایانە بە دەردەكەون.لێكدانەوەو پێشبینییەكانی سەرۆك بارزانی لە كاتی داستانی خواكوڕك بۆ ئایندەی عێراق و ئەو گۆڕانكارییانەی كە روو دەدەن و ئامادەكاری كورد بۆ ئەو قۆناغە، راپەڕین و هەڵوێستی سەرۆك لە مانەوە لە كوردستان و داستانی كۆڕێ و پێشتریش راگەیاندنی تێڕوانینی خۆی بۆ سیستمی حوكمڕانی و ئازادی و هەڵبژاردنی دیموكراسیانەو بە مەرجەع بوونی خەڵك و پێداگیری لەسەر بەهێزتركردنی پایەكانی دامەزراوەكانی هەرێم، هەوڵەكان بۆ یەكگرتوویی سیاسیی كورد، مامەڵە لەگەڵ دەروجیرانەكانی كوردستان و پاراستنی هاوسەنگی، پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی كورد لە هەموو قۆناغەكاندا، پێداگیری لە پاراستنی ئیرادەی نەتەوەیی كورد، پاراستنی كەرامەتی تاكی كوردو هەیبەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكان، نەكەوتنە داوی دروشمبازی و پێداگیریی لەسەر فراوانكردنی دەستكەوتە نەتەوەییەكانی كورد هەنگاو بە هەنگاو، رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ناوەوەو دەرەوە، جەختكردنەوە لە قۆستنەوەی دەرفەتی زیاتر لە رۆژئاوای كوردستان و بە یەكڕیزی مانەوەی هێزەكان و یەكخستنیان، پشتگیری پرۆسەی ئاشتی لە باكوور و پێداگیری لەسەر چارەسەری ئاشتیانە، پرسی ئاڵا، پێشمەرگە، كەركوك و چەندین پرسی دیكە، لەو بنەما سەرەكیانەن، كە پێكهاتەی ئایدیالیستی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانییان نەخشاندووە و سەرچاوە فكریەكەشی لە رێبازی بارزانی نەمرو كوردایەتی هەڵقوڵاوە. مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ هاوكێشەكانی ناوچەكەدا، گرتنە بەرچاوی مەوداكانی نێوان ویست و تواناكانی بە دەستهێنانی ویست و خواستەكان، زانینی سەرچاوەی هێزی نەتەوەو هێزەكانی دیكەی ناوچەكە، چاودێرییەكی وردی دۆخی ناوچەیی و جیهانیی و زانینی ریزبەندی هێز و هاوپەیمانێتییەكان، وردبوونەوە لە مەوداكانی كۆكی و ناكۆكی نێوان و ناوهاوپەیمانییەكانی ناوچەكە و جیهان، زانینی پێوەرەكانی قازانج و زیان بۆ ئێستاو ئایندەی كوردستان و كردنیان بە بنەمای سەرەكی مامەڵە لەگەڵ رووداو پێشهاتەكانی ناوچەكە، گرتنەبەری سیاسەتی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، گۆڕینی فاكتەری یاری پێكردن بە دۆزی كورد بۆ بە یاریچی بوونی خودی كورد لە ناوچەكەدا، خۆنەدانە دەست قەدەر و جووڵەی دەسپێشخەر لە دیاریكردنی شوێن و بڕو ئاستی گەمەكانی ناوچەكەدا، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان كە ژمارەیەكی بەرچاوی كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە و یەكەمی كوردستانە و هێزی سەرٍەكییە لە عێراق، بۆیە بەبێ پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی هیچ شتێك تێناپەڕیت، چونكە سەرۆك بارزانی بووەتە مەرجەع بۆ دانوستانەكانمان لەگەڵ عێراق و ئەورووپا و ئەمریكاش وەك كەسایەتییەكی سیاسی گەورە دەیبینن.