31ی ئاب و خوێندنەوەیک بۆ رووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب بەشی دووەم و کۆتایی

31ی ئاب و خوێندنەوەیک بۆ رووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب بەشی دووەم و کۆتایی
وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم بۆ کرد، ئەگەر پارتی پێشی بەو پیلانە سێقۆڵیەی نێوان یەکێتی و سوپای پاسداران و پەکەکە نەگرتبا و وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابوو سەرکەوتنیان بەدەست هێنابا، بزووتنەوەى کوردایەتی لەو دوو بەشەی کوردستان بە شێوەیەک دەخرانە ناو گێژاو ئەستەم بوو بۆ زەمەنێکی دوور و درێژ کوردبوون و کوردایەتی شوێن و پێگەی خۆی بگرێتەوە، چونکە بەشێک لە سەرکردە دەست رۆیشتووەکانی ناو یەکێتی بەو ئامانجە دەگەیشتن کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووەوە کاری بۆ دەکەن و خەونی پێوە دەبینن و کوردایەتیشیان بە قوربانی بەدیهێنانی ئەو خەونە نەزۆکە کردووە، ئێرانیش پاکتاوی حزبی دیموکرات و تەواوی لایەنە کوردستانیەکانی رۆژهەڵاتی دەکرد و خەباتی رەوای ئەو بەشەی کوردستانی لە هەناوی شەڕانگێزی خۆیدا گۆشەگیر دەکرد، پیلانەکەش وا داڕێژرابوو پەکەکە شەڕ بەرێتە سنووری بادینان، ئەوەش دەرگای بە رووی هاتنی سوپای تورکیادا دەکردەوە و ئەو سنوورە دەکرایە گۆڕەپانی جەنگێکی قورسی ماڵوێرانکەر کە تەنها کورد تێیدا زەرەرمەند دەبوو.
مەترسیە گەورەکە لێرەوە سەری هەڵدەدا، چونکە ئەوکات شتێک نەدەما بەناوی حکومەتی هەرێم و رەنج و خوێن و خەبات و دەستکەوتی دەیان ساڵەمان دەکرایە خۆراکی ئەژدهای کۆنەقینی گرووپێکی ناوخۆ و حەزو خولیای داگیرکارانی کوردستان.
لێرەوە دەردەکەوێ رووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب ئەگەر پارتی پێشی پێ نەگرتبا و شکستی بە پیلانەکە نەهێنابا، ئەوا رەوتی کوردایەتی و هەڵگرانی پەیامی سەربەخۆیی کوردستان دووچاری لەناوبردن دەبوون، بۆیە ٣١ی ئاب کار نەبوو، بەڵکو کاردانەوەی ئەو پیلانگێڕیە بوو کە لەو قۆتاغەدا دژ بە خەباتی رەوای خەڵکی کوردستان نەخشەرێژی بۆ کرابوو.
Top