لە تونێلێکی زۆر تاریک بەرەو رووناکی و ئایندەیەکی گەش...

لە تونێلێکی زۆر تاریک بەرەو  رووناکی و ئایندەیەکی گەش...

چوارساڵی رابردوو ، مێژووییەکی پر لە سەختی و قەیران و لە ھەمانکاتیشدا ، مێژووییەکی پر لە سەروەری و ئازایەتیی و بەرگریکردن بوو کە گەلی کورد توانیی ھێزو توانایی بۆ تێپەرٍاندنی پیلان ، گەمارۆ و ھەوڵی سرٍینەوەی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان پیشانی ھەموو جیھان بدات .ھەڵبەت لە پشت ئەو سەروەریی و شانازییانەوە سەرکردایەتییەکی لە خۆبوردە و دیپلۆماسکار و پێشمەرگە و سەرۆکێکی کارێزما و سەرۆکێکی حکومەت ببوونە قەڵا و پەرژینێکی پۆڵایین بۆ پاراستنی ئەزموونی دەستووری ھەرێمی کوردستان و رووبەرووبوونەوەی ھەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە بە ھۆی شەرٍی جیھانی تیرۆر , پیلانی نێۆخۆیی و ئیقلیمی و بەغدا و گەمارۆدانی گەلی کورد بوونەوە .ئەگەر ھەڵوەستەیەک لە سەر ئەو رووداو ە پێشھاتانەی چوار ساڵی رابردوو بکەین کە رووبەرووی گەلی کورد و سەرکردایەتیی سیاسی کورد و ئەزموونی کوردستان ببوونەوە دەبینین لە ماوەی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ھەتا سەرەتای حوزەیرانی ٢٠١٥، کوردستان توانیویەتی ئەم دەستکەوتە سەرسووڕھێنەرانە بەدەست بھێنێت:کابینەی ھەشتەم یەکەمین حکومەت بووە لە مێژووی عێراق و کوردستاندا کە بێ بوونی بودجە کارەکانی خۆی لەناو قەیرانی شەڕ و دارایی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبردووە.لەگەڵ ئەوەی کابینەی ھەشتەم، حکومەتی ھەرێمێک بوو لەناو دەوڵەتێکی بەناو فیدڕاڵی و مامەڵەی حکومەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆی لەگەڵ نەدەکرا، بەڵام لۆژیک و لێھاتوویی و دەوڵەتمەداریی نێچیرڤان بارزانی بووە ھۆکاری ئەوەی نەوتی کوردستان بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا بە رێگەی بۆری ھەناردەی دەرەوە بکرێت و بە کۆمپانیاکانی جیھان بفرۆشرێت، ئەم ھەنگاوەش بینیمان چۆن لەلایەن بەغداوە رێگری لێدەکرا و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرا.لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ راستە دەوڵەتانی ھاوپەیمانی دژی داعش لە رووی چەک و مەشق و راھێنانەوە ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە، بەڵام ھیچ کام لەو دەوڵەتانە بە ئەمریکاشەوە، بە یەک دۆلار بۆ مووچەی پێشمەرگە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانیان نەکردووە، بەڵام شێوازی ھەڵسووڕاندنی حکومەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، توانی لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا ١٠ مووچەی تەواو (بەبێ پاشەکەوت بۆ ھەموو ھێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی کوردستان دابین بکات، کە بەشێکی زۆری ئەم مووچەیە بە رێگەی پێدانی قەرز بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دابینکرابوو. ھەر لەماوەی ئەو ساڵەدا سەرۆک بارزانی داوای لە ئیدارەی ئۆباما کرد، ھەتا پارتی و یەکێتی لە لیستی رەشی حکومەتی ئەمریکا دەرنەھێنرێن، سەردانی ئەمریکا ناکات، لەسەر ئەم ھەڵوێستەی سەرۆک بارزانی ئەمریکا پارتی و یەکێتی لە لیستی رەش دەرھێنا.ھەر لەماوەی ئەو ساڵەدا پەرلەمانی ئەوروپا بە فەرمی داوەتی مسرور بارزانی راوێژکاری ئاسایشی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی لەسەر شێوازی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان باسێک پێشکەش بکات، پاشانیش پێشوازیان لە شاندی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و لەمەش زیاتر بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا سەرۆکی فەرەنسا خۆی ھاتە کوردستان و دواتریش لە کۆشکی ئەلێزی پێشوازی لە شاندی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد. ھەروەھا دوای پێشھات و رووداوەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ھەوڵی داگیرکردنی کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بینیمان کە چۆن ھێزی پێشمەرگە بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانیی و لەم لاشەوە ھەوڵەبەردەوامە دیپلۆماسی و سیاسییەکان چۆن رووبەرووی ئەو پیلان و ئابلۆقەدان بوونەوە و توانییان گەلی کورد و ئەزموونەکەی کە لە تونێلێکی تاریک دا بوون بەرە رووناکی و ئایندەیەکی گەش ئارٍاستە بکرێت و بە بێ ئەوەی رێگە بدرێت کە شکۆ و ئیرادەی گەلی کورد لاواز بکرێ . ئێستا جارێکی تر ھەموو نیگاکان لە سەر سەرکردایەتی سیاسی کورد و حکومەتیی کوردستانە بەوەی دەبێ حکومەتێکی بەھێز کە دەکاتە دەوڵەتێکی بەھێز جارێکی تر لە رووی دیپلۆماسی و متمانەی نێودەوڵەتیی و ئابووری مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و بە نەیارانی کورد بڵێ کە گەلی کورد ھیچ کاتێ خۆی ناچەمێنێ و بەرەو دەسکەوتی گەورە و سەرکەوتنی گەورە ھەنگاو دەنێ ..

Top