٣١ی ئاب و خوێندنەوەیک بۆ رووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب (( بەشی یەکەم))

٣١ی ئاب و خوێندنەوەیک بۆ رووداوەکانی بەر لە ٣١ی ئاب    (( بەشی یەکەم))
رووداوی ٣١ی ئاب کاردانەوە یان راستتر بڵێین: وڵامدانەوەی ئەو رێککەوتنەى نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سوپای پاسدارانی ئێران بوو کە خەباتی رەوای کوردانی باشوور و رۆهەڵاتی کوردستانی تێدا بە ئامانج گیرا بوون.
دیارە لەو رێککەوتنەدا پارتی دیموکراتی کوردستان کرابووە نێچیری یەکێتی و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش کرابووە نێچیری سوپای پاسدارانی ئێران، ئەوەبوو لە قۆناغی یەکەمدا یەکێتی بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئێران و وەک چاوساغێکی خاوەن ئەزموون دەستی سوپای پاسدارانی گرت و هێنانیە سەر بنکە و بارەگا و ژن و منداڵی حزبی دیموکرات لە شاری کۆیە، دوای ئەو ئۆپەراسیۆن و هەڵکوتانە سەر حزبی دیموکرات بۆ گومان خستنە سەر رێککەوتنەکە، بەرنامەکە وا دانرابوو سوپای پاسداران بە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بگەڕێتەوە، بەڵام هەر زوو پارتی هەستی بە قۆناغبەندی ئەو پیلانە و مەترسیەکانی کرد و لە دۆڵی ئالانەی خۆشناوەتی پێشی بە سوپای پاسداران گرت و بەو رێگایەیدا ناردنەوە کە لێوەی هاتبوون، بە خۆشحاڵیەوە من وەک بەپرسی پێشمەرگەکانی لقی ١١ شەرەفی پێشگرتن و گێڕانەوەی سوپای پاسدارانم پێبڕا کە ئەوکات بارەگامان لە شارۆچکەی خەلیفان بوو، دەمەوێ ئەو راستییەش بڵێم: ئەو هێز و تانک و تۆپ و جبەخانەی سوپای پاسداران هێنابوویان تەنها لە جەنگی عێراق و ئێراندا بینراوە.
دوای ئەوە لە شەوی ١٦ی ئاب و یادی یۆبیلی زێڕنی پارتی و وەک دەستپێکی قۆناغی دووەمی پیلانەکەیان، یەکێتی و پەکەکە بە بەشداری سوپای پاسداران و پشتیوانی تۆپخانەکانی ئێران لە حاجی هۆمەران و قەسرێ و چۆمان هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی و زۆر شوێنیان داگیر کردن، بەناو خاکی ئێرانیشدا هێزێکی یەکێتی هێنرایە ناوچەی سیدەکان و لەوێشەوە بە پشتیوانی تۆپخانەکان و بەشداری سوپای پاسداران هێرش کرایە سەر پارتی، هێزێکی سوپای پاسداران و کۆمەڵێک راوێژکاری سەربازیش هێنرابوونە هەولێر، بۆ ئەوەی ئەگەر هێزەکەیان لە حاجی هۆمەران و سیدەکان سەرکەوتن، یەکێتی بە پشتیوانی ئەو هێزە و رێنمایی راوێشکارە سەربازیەکان پەلاماری مەسیف و سەری رەش بدەن و پارتی لە زێی گەورە بپەڕێننەوە، بەڵام بەرگری پێشمەرگەکانی پارتی و شکستەکەی یەکێتی لە سیدەکان و لەناوچوونی تەواوی هێزەکەیان پیلانەکەیان لێ تێکچوو.
جا ئەگەر پلانەکەیان وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابوو سەری گرتبا و (پارتی)یان لە زێی گەورە پەڕاندبایەوە، ئەوجار بایان دەدایەوە سەر حزبی دیموکرات و وەک ئەوەی بەرنامەیان بۆ دانابوو، ئەوا دەبووایە (١٢) سەرکردەی حزبی دیموکرات بە مردوویی یان بە زیندوویی رادەستی ئێران بکرێن و بنکە و بارەگاکانیشیان لە کۆیە دابخرێن، ئەوکات پێشمەرگە و لایەنگرانیشیان دەکەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و تیرۆر کردن.
ئێستا یەکێتی و چاوساغ و دەستکێشانی سوپای پاسداران هەموو ئەو رووداوانەی پێش ٣١ی ئاب لەبیر خۆیان دەبەنەوە و تەنها ٣١ی ئاب دەبینن، بۆیە من وەک کەسێکی ئاگادار لە رووداوەکانی پێش ٣١ی ئاب دەڵێم: ٣١ی ئاب بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردانی دوو پارچەی کوردستانی لە دۆزەخی رشتنی کۆنەقینی سەرانی ئەوکاتی یەکێتی و دوژمنکاری سوپای پاسدارانی ئێران رزگار کرد.
Top