یەک یان ٤-٥ کوردستان؟(سایکۆلۆژیای کورد)

یەک یان ٤-٥ کوردستان؟(سایکۆلۆژیای کورد)
ھەوڵەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی لە سەرخستنی ریفراندۆم و لە پێناو بەختەوەریی تاکی کوردستانی، لە لایەک و بوونی بەرەیەک لە بەرامبەر ئەو ھەوڵە لە لایەکیترەوە گەواھیدەر و وەبیرھێنەری برینێکی قووڵی سایکۆلۆژییە لە ناخی ئەو نەتەوە و تاکە، کە نموونەی لە نێن نەتەوەکانی دیکەی ئەم گەردوونە دەگمەنە. بێگۆمان کارێزمای جەنابیان نەبوایە مەحالە ئەو ئەنجامە تیایدا بەدەستکەوتبایە.
نموونەکانی پێش و دوای ئەوە، و تەنانەت ململانێیەکانی نێو خۆیی کورد لە ھەموو پارچەکان، لە کۆن و ئێستا ھەمان گەواھین کە تاکی کورد و دواتر پارت و لایەنە سیاسییەکان، چ ئەو کاتەی خۆیان ھۆکار بن و چ کاتێک لە ژێر فشاری وڵاتانی ناوچە و زلھێزەکان بێ، ئاسانترین رێگە بۆ دژایەتیکردنی یەکتری و تەنانەت پرۆژە نەتەوەیی نیشتمانیەکانی وەک ریفراندۆمیش بێ، دەگرنە بەر کەچی لە پێناو کار ئاسانی و یەکگرتن، ئەو رۆحیەت و ئامادەییەیان نیە.
ئەوە زەنگێکی مەترسیدارە. لەسەروبەندی ھەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ لاوازکردنی وڵاتە زلھێزەکانی ناوچەکە، کە دوور نیە ببێتە ئەگەر لەبەر یەک ھەڵوەشان و پارچەبوونی ئەو وڵاتانە و لەدایکبوونی دەوڵەتێکی گریمانەیی وەک کوردستان، کە سنوورەکانی نزیکەی ١ مەلیۆن کیلۆمەتری چۆارگۆشە و مەلیۆنەھا کوردی ھەموو پارچەکان بێ، بیرمان دەخاتن کە ئلخۆ ئەگەر لە کوردستانی باشوور کە تەنھا پارچەیەکی بچوکی ئەو کوردستانەیە و ئەو ھەموو ململانێیە لە ئارادایە دەبێ لە کوردستانی مەزن چی روو بدات و کێ ئەوەتر قبوڵ بکات؟
ئەوەتا لە کوردستانی رۆژئاوا، وەک بچوکترین پارچەی کوردستانی مەزن ( بە مەرجێک باس لە پارچەکەی سۆڤیەتی جارانی کوردستان نەکەین) لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایدا و بە ھۆکاری ململانێی نێو لایەنە ناکۆکەکانی کوردی خەڵک ئازار و ئەزیەتێک زۆریان چێشتووە و بە مەلیۆنەھا کەس لە داخان ئەوێیان جێھێشت بۆ نەتەوەکانیتر.
سایکۆلۆژیای یەکتر قبووڵنەکردن لای کورد تراژێدیایەکە، پێویستی بە توێژینەوەی وردی زانستییە، و فاکتەرێکە کە کورد زیاتر بەرامبەری ھەستیار بێ. چین خەریکە دەبێتە مەلیارێک و نیو کەچی لە ژێر یەک چەتر و وڵات بەھێزترین ئابووری جیھانن، ئێمەی کوردستانیان باشوور بە ٥-٦ مەلیۆن مرۆڤ وەھاین کە جووڵەیەک کە دوێنێ پەیدا بووە ھەوڵ لەباربردنی ریفراندۆمیان دەدا کە ئاواتی ھزاران ساڵەی کوردە. بیانۆیان بە بوونی بنەماڵەی بارزانی دەگرت، لە کاتێکدا ئەو بنەماڵەیە یەکێک لە سەدان ھزار بنەماڵەی کوردستان و وێرای رەنج و خەبات و ماندووبونیان لە شەکر زیاتریان بۆ کورد نەویستووە.
ئەگەر لەم پارچەیەی کوردستان بە ھەر ھەنجەتێک رابەریەتیی ئەو بنەماڵەیەیان پێناخۆشە ئەی باشە دەبێ لە کوردستانی مەزن چەند گرفتی بێ واتای لەو جۆرەمان بۆ پەیدا ببێ؟
بەو دەست و دارە و عەقڵیەتە دەبێ چاوەڕوانی ھزاران گرفتی ھاوشێوە و نەھامەتی و ململانێ و قۆربانی و جەنگ و کۆشتار و ئاوارەبوون و بەدبەختی بین لە پەیدابوونی کوردستانی مەزن.
لە کوردستانی باشوور دەرفەت بۆ ھاتنە کایەوەی دەوڵەت لە بەرزترین ئاستی لەوانییدایە. بەڵام دیارە لە ژێر فشاری ھێز و لایەن و بیروباوەر و وڵاتی جیاواز و بە بیانۆی جیاواز ھەن کەسان و لایەن و بە تایبەت لە ھەندێ ناوچە، حەزێکی بێوێنە ھەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتی عێراق بمینن.
دیارە کاتێک یەکێک لە پێداگری لەسەر ئەم داخوازییەی خۆی دەگاتە ئاستی دەمارگیری، بەرامبەرەکەی ئیتر لە بۆ رزگارکردنی خۆی لەو ھەموو ئەشکەنجە و ئازارە رۆحی و مرۆییەی خۆی و جەماوەرەکەی، ئەو راستیە قبووڵ بکات کە "چیا نەبرۆ حاجی برۆ"، واتە گەر ئەو لە کۆرتانی دەجال نایەتە خۆارەوە با من بێمە خوارەوە. نەک بۆ خاتری ئەو بەلکۆ بۆ خاتری خۆم.
ئەو ناچانەی کە زیاترین رێژەی دەنگیان بە ریفراندۆم و سەربخۆیی داوە، و لە ھەمانکاتدا و بە واتایەکیتر زیاترین بڕوایان بە رێبەرایەتی و پێشەوایی جەنابی بارزانیان داوە دەوتوانن باشترین و گۆنجاو و شایستەترین ناوچە و سنوور و خەڵک بن بۆ ئەوەی بکەونە نێو ئەو وڵاتە. ئەوان لە خاڵە ھاوبەشەکان زیاترین ئاست و ماکسیمۆمی لەیەکتر نزیکییان ھەیە و دەتوانن زیاتر لە ئەوانیتر لەگەڵ یەکتر بگۆنجن و ھەل بکەن و یەکتر و جیاوازییەکانی یەکتر قبووڵ بکەن و لە کەمووکۆرییەکانیش لەیەکتر ببورن. ئەگەرچی سنوورەکانی ئەم وڵاتە بچوک دەبێ بەڵام واتای نەبوونی وڵات ناگەینێ. بە سەدان وڵاتی زۆر بچووکتریش بوونیان ھەیە و خەڵکەکەشی زۆر بەختەوەرترن لە وڵاتانی زلھێز. ئیتر دەبێ ئەم راستییە بۆ مێشکی کورد رۆشن ببێ کە بەختەوەری وڵاتێک لەوەدا نیە سنوورەکانی بگاتە دەریای ئازاد. بە سەدان وڵات وەک نیپال و بۆتان و ...ھتد لە نێو شاخە سەرکێشەکان وڵاتن و نە ئەنفال و نە کیمیابارن و نە جینۆساید دەکرێن. خۆزگە کشمیر و تیبێت ... و بادینان و دەوروبەرەکەی دەبوون بە وڵات، با ھیچ سننوریان لەگەڵ دەریای ئازاد نەبوایە.
فارس گۆتەنی " ھر کە بامش بیش برفش بیشتر "! تا کەی چاوەڕوانی ئەوە بین ھەموو کوردستانیان و خەڵکەکەی و زۆرینەی خەڵکی سلێمانی وەک ئێمە بیربکەنەوە و ئامادە بن بێنە ژێر ئەو چەترە پیرۆزەی جەنابی بارزانی کار بۆ دامەزراندنی دەکات؟ تا کەی دەبێ لەو پێناوەدا ئەو رۆژەدا قۆربانی بدەین و بەدبەختی ببینین و زۆرداری بچێژین؟ ئەوە زۆری خایاند و رۆژ لە دوای رۆژ ھەلەکان دێن و بە بێ ئاکام لە کیستمان دەچن چونکە دەبێ ئەوانیش وەک من بیر بکەنەوە. ئایا تۆ بڵێی ھەمیشە سەرشێتی وەک سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و دۆناڵد ترامپ و فلان و فیسار بێنە سەر دەستھەڵات و دەرفەتی سەربخۆییمان بۆ بڕەخسێ؟ بزن و مەڕ و مانگاکان خەریکە دەبن بە خاوەن وڵاتی سەربخۆ کەچی ئێمەی کورد ھێشتان ئەنفال و جینۆسایددەکرێین؟
ئایا کوردستانێکی سەربخۆی ٢-٣ مەلیۆنی و ٥٠-٦٠ ھزار کیلۆمەتری چارگۆشەی راستەقینە و واقیعی و لە سەر نەخشەی جۆگرافیایی-سیاسی و دانپێنراوی جیھانی باشتر نیە لە کوردستانێکی مەزنی خەیاڵی و وەھمی و تەنھا لە مێشکدا، کە زیاتر لە دوو مەلیۆن کیلۆمەتری چارگۆشە سنووەرەکەیەتی و زیاتر لە ٤٠ مەلیۆن کەس دانیشتوانیەتی و سنوورەکانی لە سەر خەلیجی فارسی و دەریای مەدیتەرانە و ... یە، ھەموو رۆژ و مانگ و ساڵ و سەدەیەک پارچەپارچە و داگیر دەکرێت و ئەنفال و جینۆساید تیایدا وەک ئاوی خواردنەوەیە، و خۆدی کوردیش خەریکی یەکتر قڕکردن و ناکۆکی و ناتەبایی و گەندەڵی و خۆکۆژی و ... یە؟
ئایا کوردستانێکی مەزنی یەکپارچە یان کوردستانێکی بچوکی دەوڵەت و کوردستانەکانی دیکەی خاوەن ئەندام پەرڵەمان لە نێو وڵاتانی خۆیان، کە ئەگەر کارا و یەکگرتوو و دڵسۆز بن دەتوانن بە کار و کاریگەری خۆیان بە سەر بڕیار و دەستووری وڵاتانیان ببن بە ھۆکاری ئەوە کە کورد خاوەن ٤-٥ وڵات و دەولەت بێ نەک تەنھا یەک دەولەت؟ کامیان باشترە؟ یە کوردستان یان ٤-٥ کوردستان؟
ھەمیشە کورد بە پێچەوانەی قسەی باوباپیرانی کردوویەتی بۆیە ھەمیشە حاڵمان بووە. قسەی ئەوان و پەندی کوردی پێشینیان تەنھا چەند پیت و وشە نین، بەڵکۆ شرۆڤەی سایکۆلۆژیان پیشانی داوە ھەر یەکەیان ئەزموونێکی تایبەت و کەسێتین، کە تەنانەت لەم ساڵانەدا دەرکەوتووە ھەندێکیان ھەوێنی ئەو باوەرانەن کە ئێستا لە سایکۆلۆژیادا بوونەتە رێباز و قوتابخانەی زۆر مەزنی سایکۆلۆژی و بۆ نموونەش قوتابخانەی فرۆیدی.
کوردستانی مەزن= "بەردی گەورە نیشانەی نەھاویشتنە"، لەسەرمان زۆر کەوت ئیتر کات ئەوە ھاتووە بۆ رزگاربوون لەو ھەموو مەینەتییە دەست لە خەیاڵپەڵاوی ھەڵگرین و لەو قۆناغە ئاڵۆز و سەختەدا، کە تاکی کوردی لە ژێر گۆشارەکانی سەختی ژیانی ھاوچەرخ، و جەنگە سەپێندراوەکانی یەک لە دوای یەک لە لایەن دیکتاتۆر و تیرۆریستان و بازرگانانی سیاسی و لەشکەری و ئایینی ناوچە و جیھان، و لەسەر ئاستی نێوخۆییش زۆڕنابێژانی نامرۆڤایانەی بەناو دیمۆکراسی و ئازادیخوازی و یەکسانی و نەھێشتنی گەندەڵی، کە بوونەتە ھۆکاری گەیاندنی تاکی کوردی بە بەرزترین ئاستی بێ ئۆمێدی و دڵمردوویی، بە ھەندێ شت و دەستکەوتی بچووک بۆ ئەم قۆناغە رازی ببین، و رێگە نەدرێت زیاتر لەوە کورد ببێتە قۆربانی.
تەنانەت قسەکانی خەڵک و نەتەوەکانیتریش ھیچ جێگەی بڕوا نیە. ئەوەتا ئەنوەر ئەشقی، بەڕێوەبەری پێشوی دەزگای ھەواڵگری سعۆدیا لە یەکێک لە کۆبوونەکانی تایبەت بە چارەسەرییەکانی رۆژھەڵاتی ناوین لە وتارێکدا و لە میانەی پرۆژەکانی رۆژئاوا لە بارەی ناوچە داکۆکی لە دروستکردنی دەوڵەتی مەزنی کوردستان دەکات بە شێوەیەکی ئاشتیانە !، و ئەمە بە گرنگ دەزانێ بۆ رێگری لە پاوانخوازی و ھەوڵەکانی ھەندێ وڵاتی وەک ئێران و تورکیا و عێراق ( کە بێگۆمان مەبەستی شێعەگەریەکەیەتی) دەزانێ. ئەگەرچی وەک بادینی دەڵێن " خۆش خەبەرە" بەڵام پێدەچێ کە زۆر پۆخلەوات لە پشتەوەی ئەو لێدوانانەیە. گرنگترین بەڵگەش ھەڵوێستی ئەم وڵاتە و خاوەن ئەو گۆتارانەیە لە کاتی ریفراندۆمدا و زۆر ھەڵوێستی دیکەی پێش و دوای ئەویشەوە. ئەو ئاشتیانە و کوردستانە مەزنەی ئەو باس دەکات ھەمالن مەتەڵی " بەردی گەورەن"! تەنانەت ئەوە خۆی لە خۆیدا جۆرێکی تەکتیکی تێخستنە. ھاوشێوەی ئەو بیرۆکەیەی کە دابەشکردنی عێراق بۆ سیً بەشەکەی بەر لە چەند ساڵێک بەرپرسانی رۆژئاوا وەک تۆپێک ھاوێشتیانە نێو گۆڕەپانی سیاسی ناوچە. یان ئەو بیرۆکەیەی کە چەند ساڵ لەمەو بەر ئەمریکییەکان خستیانە نێو ھزری دەستەھڵاتدارانی ئێران و خەونی " ھیلالی شێعەیان" وروژاند و بیر ئەوانیان خست و دواتر کارەساتی مەزنی لێکەوتەوە.
ئێمەی ئەو کوردستانیانەی بەو پەڕی بڕوا و متمانە بە جەنابی سەرۆک بارزانی ئامادەین لە کوردستانێکی زۆر زۆر بچووکیش بێ، بە کەرامەت و پرستیژ و قەناعەت و نەدارییەوە لە دەوڵەوتێکدا بژین کە تیایدا لە ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران بپارێزرێین، و ئەوانی دیکە بۆ خۆیان لە بن سیبەری ھەر وڵاتێکی دیمۆکرات و یان دیکتاتۆرێک بن کەیفی خۆیانە. ھەر پارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ئەو کەلتوورەی بە سەدان ساڵە تیایدا زاڵە تاکێکی پێگەیاندووە کە لە رووی سایکۆلۆژییەوە لە تاکی ئەم کوردستانە و بە تایبەت دەڤەرەکەی ئێمەی و دەوروبەرەکەی زۆر جیاوازە. نابێ ئەوەمان لە یاد بچێ. ئەو بیرکردنەوەیە گرنگی خۆی ھەیە و کاریگەری زۆری بەسەر بیروباوەرەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە ھەیە و بۆیە دەبینین کە بۆ نموونە دەبینین لە سنووری ناوچەوی سلێمانی و دەوروبەری بەشێکی بەرچاوی خەڵک خاوەن جیھانبینییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تاکین کە پێیان ناخۆش بوو بەگەر وڵاتێکی سەبخۆ بکەون و دەنگی بەڵێ بە ریفراندۆم بدەن. دەبێ ئیتر فێڵ لە خۆمان نەکەین. خۆمان نەخافڵێنین. ئەوان شتێکیان ناوێ کە ئێمە دەمانەوێ. دەبێ رێز لە بیروباوەری خۆمان و ھی ئەوان بگرین. دەبێ حسابی خۆمان لە ئەوان جیا بکەین. " برا برایە کیسە جیایە"! بۆ دەبێ ھەندێ مرۆڤ بە زۆر نەچار بکرێن وەک ئێمە بیر بکەنەوە؟ ئاماژەکان دەردەخەن کە ئێمەی چەند پارچەی کوردستان وەھا بە ئاسانی لەژێر یەک چەتر دا بەیەکەوە بگۆنجێین.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top