دەسەڵاتی بەغدا باش دەزانێ كورد خاوەنی بەهێزترین كارتە گەر مافەدەستوورییەكان جێبەجێی نەكات ..
August 30, 2018
وتار و بیروڕا
ئێمەی كورد وەك گەلێكی خاك لەتكراو و ماف زەوتكراو زیاتر لە سەدەیەكە وڵات و نیشتیمانمان دوور لە ویستی خۆمان بە سەر چوار وڵاتی داگیركەر دابەشكراوە ، بۆیە بە ناچاری بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان و داگیركەرانی كوردستان بڵێن كە دەبێ ئەو نیشتیمانە بۆ خاوەن راستەقینەكەی بگەرێتەوە ، دەستمان بە شۆرش و خەبات كرد ووە و تا بە ئەمرٍۆ بەردەوامە و دەبێ ئەمرٍۆ بێ یا سبەی كوردستان بگەرێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەكەی . بۆیە یەكێك لەو رێگە دیموكراسییانە كە دوای 27 ساڵ گرتییە بەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو لە رۆژی 25/9/2017 و تێیدا بە دەنگی " بەڵی " بەهەموو جیهانی گووت كە چیتر ئامادە نییە خاكی داگیر كرا‌و بێ و مافەكانی پاشگوێ بخرێ و هاووڵاتی پلە دوو بێ .
بۆیە كاتێ گەلی كورد بەریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا بە هەموو داگیركەران وجیهانی گووت ژێر دەستی قبوڵ ناكات .ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی شێوازێكە له خه‌باتی سیاسی و دیموکراسی و ئاشتییانەی نه‌ته‌وه‌یی. هه‌ر وه‌ك چۆن شۆڕشێكی چه‌كداری بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه‌كه‌ت بەرپا ده‌كه‌یت، ئه‌مه‌ش شۆڕشێكی سیاسی بوو، كه سه‌ریش نه‌كه‌وت، یان ڕاستتر بڵیین کە ئاستەنگی خرایە بەردەم، ئەوە شتێکی ئاساییە. چونکە مه‌رج نییه هه‌ر شۆڕشێك، کە دەکرێت، سه‌ركه‌وتوو بێت. بەپێچەوانەوە، ئێمە کە لە قۆناغێکدا و لەسایەی هەلومەرجێکی جیۆ - سیاسیی جیاوازدا ناچار بووین، شۆڕشی چەکداری بەرپا بکەین و بەری تێکۆشانەکەیشمان چنیەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا و لەسای هەلومەرجی جیۆ - سیاسیی نوێ تازەدا، پێویستیمان بە شۆڕشی سیاسییە، شۆڕشی سپی و ئاشتییانە، شۆڕشی مەدەنی و دیموکراسییانە، ئه‌مه‌یش، واتە ڕیفراندۆم، شۆڕشی سیاسیی ئێمە بوو. شۆڕشێک کە هه‌روه‌ها ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی لە پشتەوە بوو و هه‌نگاوێكی بوێرانه بوو بۆ تێگه‌یاندنی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و دەوڵەتە سته‌مكاره‌كانی ده‌وروبه‌ر، ئەوانەی ساڵەهای ساڵە گه‌لی كوردستانیان چه‌وساندۆته‌وه و دەیچەوسێننەوە، دەوڵەت و نەتەوەگەلێکی سەردەست، کە هه‌میشه دەست بە چه‌كوش بوونه له‌سه‌ر ئیراده و خواست و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان. هاوکات ڕیفراندۆم په‌یامێكیش بوو بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و بۆ تەواوی وڵاتانی دنیا، كه ئێمه جگە لە هاوسێیەتییەکی باش، کە ڕێز لە مافی دراوسێیەتیی یەکتری بگرن، ناتوانین وەک برا بچووک و پاشکۆ و شوێنکەوتەی تورك و عه‌ره‌ب و فارس و ژێردەستەی دەوڵەتەکانیان بژین. بە دونیامان گوت، ناكرێت چیتر ئێمه ژێرده‌سته بین و ئه‌وان سه‌رده‌سته. بەکورتی، ئه‌مه په‌یامێكی گه‌لێ گه‌وره بوو بۆ جیهان، كه گه‌لی كوردستان له ڕێگای ڕیفراندۆمه‌وه به هه‌موو دنیای گوت: من سه‌ربه‌خۆییم ده‌وێت و لێره به دواوه ئاماده نیم ژیانی ژێرده‌سته‌یی بژیم، ئامادە نیم چیتر له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م و ئه‌ودا بژیم.دیوێکی دیکەی گرنگی ڕیفراندۆم،ی سەربەخۆیی ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکانیەتی بەسەر نەوەکانی ئێستا و ئایندەی کوردستانەوە، بەو پێیەی هه‌ر جۆرە خه‌باتێکی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی لە هەر قۆناغێکدا بووبێت، كاریگه‌ریی له دوای خۆیدا جێ هێشتووە و جێ ده‌هێڵێ. شۆڕشه‌كانی ڕابردوو، وه‌ك شێخ سه‌عیدی پیران، قازی موححەمەد، شێخ مەحموود و مه‌لا مسته‌فای بارزان، هه‌موویان كاریگه‌ریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر نەتەوەکەیان به‌جێ هێشتووه و هه‌موویان بۆ قۆناغی دوای خۆیان بوونه‌ته خۆراكی گه‌نج و چالاكوانانی كورد و نه‌ته‌وه‌ی كورد، بۆ سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە. بوونەته هێزێك بۆ ئامانج و هیوای گه‌وره‌تر له داهاتوودا بۆ پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان. بە هەمان شێوە، ڕیفراندۆمیش هەمان کاریگەریی بۆ ئێستا و ئاییندە لەسەر یادەوەری و هۆشیاریی تاک تاکی کوردستانیان جێ هێشت. بە لایەنی کەمەوە تێگەیشتن کە سەرەڕای ئەوەی ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای ئاسمانی و زەمینی کورد بوو، بەڵام پێش دوژمن و داگیرکەران، زۆربه‌ی دنیا و بەتایبەتی ئەوانەی بانگەشەی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ڕه‌تیان كرده‌وه، هەروەها دۆسته‌كانی گه‌لی كوردستانیش پشتیان له‌م مافە ڕەوایەی کورد کرد، تەنانەت هه‌ندێك هێز و لایه‌نی ناوخۆیی هه‌بوون، کە پێیان وابوو بارودۆخه‌كه گونجاو نییه بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و ڕایان وابوو کە پێویستە هه‌له‌كه بۆ كاتێكی تر دوا بخرێ، به‌ڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بۆ هەموو لایەک ده‌ركه‌وت، كه ئەگەر گەلی کوردستان ڕیفراندۆم دوا بخات و نه‌خات، ئه‌وا دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان، هەروەها وڵاتانی دونیاش ڕوانگە و بیروڕایه‌كی نه‌گۆڕ و حوکمی پێشوەختەیان له‌سه‌ر ڕیفراندۆمی کوردستان هه‌یه. بۆیه ئەم هەڵوێستە نەرێنییەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە بەرامبەر مافی ڕەوای کورد، ئێستا و له داهاتووشدا كاریگه‌ریی خۆی به‌جێ دێڵێت و ئه‌و هه‌نگاوه مێژووییه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌بێته ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی، كه نه‌وه‌ی داهاتوو، حزبه سیاسییه‌كانمان، كاری دڵسۆزانه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و بیكه‌ن به په‌یامێكی گرنگ، هه‌م بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه و هه‌م بۆ وڵاتانی دنیا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش. نابێ ئەوە لەبیر بکەین، کە مەرج نییە بە یەکەم ڕیفراندۆم بگەینە ئەنجامی خوازراو، ئەزموونەکانی ناوچەکە و دونیاش ئەو ڕاستییەکان پی دەڵێن، کە زۆر نه‌ته‌وه هه‌بوون و هەن، تەنیا بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، یان بە تەنیا یەکجار ڕیفراندۆم، نەگەیشتوونەتە ئامانجی خۆیان، به‌ڵكوو دوای ڕیفراندۆم، بە قۆناغی جیاواز و هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام، سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ده‌ست هێناوە. ئێستا ئەوەی زۆر جێی شانازی و سەربەرزییە ئەوەیەی، کە لەکات و ساتی خۆیدا ئێمە بڕیارە مێژووییەکەمان دا و گەلی کوردستانیش بە ئیرادە و ورەوە بڕیارەکەی جێبەجێ کرد و ئەنجامەکەیشی زۆر گرنگ بوو، بەو پێیەی زیاتر له 93% خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، کە ئه‌مه له ڕووی سیاسییه‌وه له‌داهاتوودا بایه‌خ و گرنگیی خۆی ده‌بێ و ده‌توانم بڵێم بومه‌له‌رزه‌یه‌ك بوو له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانیشدا، كه لەو خەوە بێداری کردنەوە، یان لەو خۆنەبان کردنەیان لە بوونی کورد و دۆزە ڕەواکەی بەئاگای هێنانەوە، بەوەی بە دەنگی زوڵاڵ پێی گوتنەوە، میلله‌تێك هه‌یه به ناوی كورد و خاكێكی هه‌یه به ناوی كوردستان. کاریگەریی ڕیفراندۆم بە جۆرێک بوو، کە تاکو پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کە بووە ڕۆژەڤی هەموو دونیا، زۆر میلله‌ت هه‌بوو كوردیان نه‌ناسیبوو، کەچی ڕیفراندۆم سەرنجی هەموو ئاشنا و نائاشناکانی بە لای کوردستاندا کێش کرد و بوو به شووناسێكی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تی كورد بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی و وڵاتانی جیهان به گشتی. بۆیە لەگەڵ هەموو ئەو نەهامەتیانەی كە رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق تا ئێستای عەبادی بەسەركوردیان هێناوە ، گەلی كورد دوایین جار و دوایین دەرفەت دەدات بەغدا تا مافە دەستوورییەكانی جێبەجێی بكرێ ، خۆ ئەگەر جێبەجێیان ناكات ئەو كات هیچ بژاردەیەك جگە لە بەكارهێنانی كاری سەربەخۆیی كوردستان لە بەردەم هەرێمی كوردستان نامێنێتەوە بۆ جیابوونەوە ،راگەیاندن و بەدەسهێنانی دەوڵەتی كوردی ..