کورد و پۆستی سەرۆک کۆمار
August 29, 2018
وتار و بیروڕا
ماوەی ١٥ ساڵە ئەو پۆستە هی یەکێتی بووە، پرسیارکە ئەوەیە کورد چ خێرێکی لەو پۆستە بینیوە؟ لە جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور چ دەورێکی هەبووە؟ لە بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان و بودجەی حکومەتی هەرێم کام هەڵوێستی نواندووە؟ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی کەرکوک و سووکایەتی کردن بە ئاڵای کوردستان و پەیکەری شەهیدان و قەدەغە کردنی لێدوان بە زمانی کوردی و تەعریب کردنەوەی ئێستای ئەو ناوچانە، کێ پێیوابووە سەرۆک کۆمارێک هەیە و کوردە و لەسەر پشکی کورد دانراوە؟
کاتێک ئەو پرسیارانە دەکرێن یەکێتی بۆ خۆ دزینەوە لە وەڵامدانەوەیان و نەبوونی هەڵوێستی سەرۆک کۆمار دەڵێ: ئەو پۆستە بە پێی دەستوور پۆستێکی تەشریفاتییە و دەسەڵاتەکانی هەر ئەوەندەن، ئەوەش ئەو پرسیارە گرنگە بە دوای خۆیدا دێنێ، ئەگەر تەشیرفاتییە و بە پێی دەستوور دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەرگری لە مافی ئەو پێکهاتە بکات کە لەسەر پشکی ئەو دانراوە، بۆچی یەکێتی دەستبەرداری نابێ؟ ئێ گریمان بە پێی دەستوور دەسەڵاتەکانی دیارکراون و ناتوانێ بەرگری لە مافەکانی کورد بکات، خۆ ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە و دەتوانرا بە پێی دەستوور جێبەجێی کردبا، ئەی بۆ نەکراوە؟! ئەی لە کوێی دەستووردا زمانی کوردی قەدەغە کراوە وەک ئەوەی لە کەرکوک رێگری لە بەڕێوەبەری پۆلیس کرا بە کوردی بدوێ؟! ئەی لە کوێی دەستوور و بە پێی کام ماددە درێژە بە تەعریب دراوە وەک ئەوەی ئێستا لە کەرکوک و دەوروبەری دەکرێ؟! ئەی لە کوێی دەستووردا رێگە دراوە مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان ببڕدرێ؟!
لە کۆتاییدا دەڵێم: خۆ لە دوای بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان دەیتوانی خۆی بە کورد زانیبا و لە دوای بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان مووچەی خۆی و قوتی حزبەکەشی وەرنەگرتبا، تۆ بڵێی ئەوەش ماددەیەکی دەستووری بێ و بە پێی دەستوور نەیتوانیبێ هەڵوێستێکی وا کوردانە بنوێنێ و مووچەی خۆی و قوتی حزبەکەی وەرنەگرێ؟!