(چوار ساڵی داهاتووی عێراق چۆن دەبێت؟)

(چوار ساڵی داهاتووی عێراق چۆن دەبێت؟)
٭ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەو جیهان بەجۆرێک خێرا بوە کەتوانای پێشبینی و خوێندنەوەو شرۆڤەی سیاسی کەمکردوەتەوە لێ ناشکرێت دانیشین بەدیار گۆڕانکاریەکانەوەو خوێندنەوەی خۆمانی بۆ نەکەین

٭جیهانی دوای جەنگی کۆتایی هاتنی جەنگی سارد جیهانی گەشەکردنی زیاتری تەکنەلۆژیابوو بەجۆرێک ئەم خێراییە ڕەوتی ژیانیشی خێراترکرد وە ڕووداوە سیاسیەکانیش بەهەمانشێوە، دوای پەیڕەوکردنی دەیەیەک لەجیهانی تاک جەمسەری ئیتر دۆخگەلێک هاتنە پێش بۆ خودی ئەمریکای کەپیتاڵیزمی جیهانیش بارودۆخەکان کۆنترۆڵکردنیان زەحمەت بوو ڕوداوەکانی (۱۱ی سێپتێمبەر)و لێدانی ئەفغانستان و کۆتایی پێهێنانی حوکمی تاڵیبان و ڕوخاندنی گەورەترین ڕژێمی فاشست و دیکتاتۆری لەعێراق بوو بەزنجیرەی گۆڕانکاری نوێ لەناوچەکەو جیهان
تەپوتۆزی ئەم ڕووداوانە نەنیشتبوەوە کە بەهاری عەرەبی دەستی پێکردو قۆناغی دوهەمی گۆڕانکاری لەناوچەکە دەستی پێکرد کەئێستا بەرهەمی ئەم بەهارە بوە بەبەڵایەک و ناوچەکەو جیهانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە و ملیۆنان قوربانی و ئاوارەی لێکەوتە

٭عێراقی دوای ڕژێم عێراقێکە تائێستاش لەنێو کورەی ئاگری مەزهەبی و نەتەوەیدایەو هیچ پێکهاتەیەکی ئەم عێراقە بەناو نوێیە ئیسراحەتی لێ نەکردوە نەک هەر ئەوە قوربانیانی عێراقی دوای ڕژێم نزیک دەبێتەوە لەملیۆنان مرۆڤ و هەتائێستاش عێراق گۆڕەپانی ململانێ و یەکلاییکردنەوەی کێشەی (نێوان عەلی و عومەرو حەسەن و حسەین و زەیدە)کە زیاد لە(۱٤۰۰ساڵ)ە ئەم خوێن و کوشتنە بەردەوامی هەیە !!

٭بەرهەمی کورد لەمێژوی بەزۆر داگیرکردن و نوساندنمان بەم عێراقەوە تائەمڕۆ تەنها کوشتن و بڕین و سوتاندن و ئەنفال و جینۆ سایدکردنمان بوەو هیچ سودێکمان لەم عێراقە نەدیوەو دڵنیام لەسەرو ملیۆنێک شەهیمان بەدرێژای ئەم سەدەیە بۆ ڕزگار بوون لەم عێراقە داوە

٭بەشداریکردن و بوونیادناوەی عێراقی دوای دیکتاتۆرو بەهیوای عێراقێکی نوێ و جیاواز کورد ڕێگای بەغدادی گرتەبەر بەڵام سەرەنجام بینیمان دوای هەندێک بەهێزبوونەوەی عێراق جارێکی دیکە گەلەکەمانی لەکەرکوک و خورماتوو توشی ئەنفالێکی دیکە کردەوە

٭هەموومان بینیمان عەقڵیەتی سیاسی عێراق هەر هەمان عەقڵیەتی ڕژێمەکانی پێشوترەو هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە لێ سیاسەت تەنها دەرفەتێک نیە بەڵکو حاڵەتی دینامیکیەتی سیاسی لێمان دەخوازێت بەردەوام لەهەوڵدابین و چۆک دانەدەین و بەردەوامبین بۆیە لەهەڵبژاردنی (۱۲ی ئایار)بەشداریمان کردوو ئێستا قورسایی و ڕۆڵی کورد زیاتر بۆ هەموو لایەک دەرکەووت

٭بارەگای بارزانی ئێستا بوە بەترافیکی سیاسی هێزە سیاسیەکانی شیعەو سوونەی عێراق و هەموان بەڕێوەن بۆخزمەتی سەرۆک تابتوانن کابینەی نوێی عێراق پێکبهێنن و داخوازی کوردیش دیارو ڕوونن بەهەموان دراون و بەبێ گرەنتی جێبەجێکردنی ئەم داخوازیانە کورد بەشداری کابینەوحکومەتی عێراق ناکات

٭خواستەکانی کورد گەڕاندنەوەی پێگەو قورسایی کورد وەک نەتەوەیەک لەعێراق نەک وەک کوتلەیەکی سیاسی وە گەڕاندنەوەو جێبەجێکردنی مەرجەکانی بەشداری کورد بوە لەعێراقی دوی ڕژێم کە ئەوانیش(تەوافوق+تەوازون+شەراکەت)
ڵەگەڵ جێبەجێکردنی بەندە دەستوریەکان وەک ناوبژیوانی هەموان و لەسەروهەموو ئەمانەشەوە ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکوک و خورماتوو کۆتایهێنانی حوکمی سەربازی ئەم ناوچانە

٭چوارساڵی داهاتوو گۆڕانکاری گەورەو گرنگ لەناچەکەو عێراقیش ڕوودەدات بەجۆرێک ئەم گۆڕانکاریانە ڕۆڵی گرنگی لەسەر پرۆسەی سیاسی وحکومڕانی عێراق دەبێت کەڕەنگە توشی تونێلێکی تاریک بکات یاخود بە پێچەوانەوە
بۆیە چورساڵی داهاتووی عێراق چوارساڵی زۆر گرنگ و حەساسن کە دەبێت کوردبۆ هەموو ڕووداو ئەگەرەکان حازرو ئامادەبێت
Top