پەیوەندی توێژی گەنج لەگەڵ ڕەوشت

پەیوەندی توێژی گەنج لەگەڵ ڕەوشت
لە مێژووی شارستانیەکاندا مرۆڤەکان پێوەرێکیان هەبووە بەناوی ڕەوشت ، لە کۆمەڵگادا تاک بە پلەی یەکەم بە ڕەوشتی جیا دەکرێتەوە ، کە لەهەمان کاتتدا ڕەوشت سەرچاوە و پاڵنەری ئەرێنی گەیشتنی مرۆڤە بە گەورەترین ئامانجەکانی ، کەسەکان پێش بوونی مەعریفە پێویستیان بە ڕەوشتێکی شیاو هەیە .

برنادشۆ دەڵێت ( گەورەترین بڕوانامە لە جیهاندا ڕەوشتە )
ڕەوشت ئەو پێکهاتەیەیە کە تاک لە هەڵسوکەوتەکانی لەگەڵ پەیوەندیەکانی بەکاری دەهێنی و سەرەنجام وڵامی پەیوەندیەکە چاوەڕێ دەکرێ ئەرێنی بێت ، ئەو پەیوەندیانەی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا بەناڕاستەوخۆیی ڕەنگ دەداتەوە لە دەوروبەری و کۆمەڵگا و چاوەڕێ وڵامی پێگە دەبێت ، هەروەها ئەو شێوازە ڕەوشتەی کە مرۆڤە لەگەڵ دەوروبەر یان کۆمەڵگا مامەڵەی پێ دەکات ، دەکرێ کورت بکرێتەوە لە شێوازی هەڵسوکەوتی ڕۆژانە " دڵسۆزی بۆ جەستە و ئامانجەکان و خێزان و هاوریکانمان و خۆشەویستان ، دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمان و ئاراستەکردنیان بەرەو پێشکەوتندوور کەوتنەوە لە خۆفڕۆشی و میللەت فڕۆشیو هاوکاریکردنی دەوڵەتانی بێگانە لەسەر حسابی گەلەکەییخۆت ، بوونی هەستێکی کۆمەگکارانە ، نواندنی لێبوردەیی و دڵفراوانی ، نیشاندانی ئیحترام و ڕێزگرتنی خەڵکی گەور و بچوک و هەژار و دەوڵەمەند ژن یان پیاو ، دەستپاک و داوێن پاک ، بەکارنەهێنانی پۆست و پلەو پایە بۆ مەبەستی تایبەتی ، نەکردنی گەندەڵی و دوورکەوتنەوە لە دزی و خواردنی ماڵی خەڵکانی دیکە و سامانی گشتی ، نەکردنی قومار و کارە ناشیاوەکان ئەوانەی دەبنە هۆی بێزاری یان زیان بە خەڵکانی دیکە ، باوەڕهەبوون بە ئازادی و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان و چینەکانی کۆمەڵگا و پێشێل نەکردنیان ..." چەندانی دیکە .

ئادەمیزاد و لەنێویشیاندا مرۆڤ بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیا دەکرێتەوە ، یەکێک لەوانە بوونی هەستەکانی وەک ( ترس و بێز و توڕەیی و شەرمنی ) ، ڕیژەی بوونی هەریەکە لەوانە لەنێوان تاکەکاندا زۆر و کەم جیاوازە ، ئەو هەستانە پێویستیان بە پرۆسەی گەشەپێدان و پەرەپێدان و ڕاهینانی ڕێکخراو هەیە ، بەتایبەت لە هەڕەمی قۆناغی لاویەتیدا ، لەلایەن پێگەکانی خێزان و دەزگا پەروەردەییەکان یانیش بەشێوەی خودی تاک خۆیەوە لەکاتیکدا تاکێکی مەعریفی و لەئاستێکی ژیری ئەوتۆدا بێت ، بوونی هاوسەنگی لەو هەستانەی سەرەوە کە باسکران لە ناخی هەر تاکێکدا خاڵیکی ئەرێنیە بۆ بەرەوپێشچوون و دروستبوونی کەسایەتی تەواو و کامڵ تاوەکو لەگەڵ ڕێڕەوی دروستی کۆمەڵگای سالمدا بڕۆن .

بوونی ترسێکی زۆر زیاد لەپێویست وا لەمرۆڤ دەکات غیرەت و جورئەتی کەم بێت زیاد لەپێویستیش وادەکات مرۆڤ هەست بەڕوخانەکانی خۆی نەکات پێشوەختە و ئەو متمانەیەی کە بە خۆی هەیە دواتر بە خراپ بەسەریدا دەشکێتەوە .. بوونی بێزیکی زیاد لەپێویست وا لەمرۆڤ دەکات خواردنی پێویست نەخوات کە زیانی پێ دەگەیەنێ ، بەهەمان شێوە بوونی بێزێکی کەم لە پێویست وا دەکات خواردنی پیس و نا تەندروست و میکرۆبایی بخوات ئەمەش وادەکات تووشی نەخۆشی بێت .. تووڕەیی زۆر وات لێ دەکات بەخێرایی بڕیاربدەیت ئەمەش ئەگەری زۆرە بۆ هەڵە بڕیاردان و کەمی تووڕەی وەک پێویست وات لێدەکات ئەگەر زوڵمیشت لێ بکرێ درکی پێ نەکەیت .. کەمی شەرم لە بێ ڕەوشتی نزیکمان دەکاتەوە ، بەڵام زیاد لەپێویستیش دەبێتە زیان بۆ خودی تاک .

گرنگترین قۆناغی بۆ ئەوەی تاک خۆی تێدا بونیاد بنێت و ڕاهێنان بکات بۆ ئەوەی ڕەوشتێکی بەرز و هاوسەنگی ئەو هەستانە جێگیر بکات ، قۆناغی گەنجایەتیە.

کەواتە پەیوەندی توند و تۆڵ هەیە لەنێوان پێکهاتەی ڕەوشتی تاک و هەست و مەعریفەکانی ، هەر كەسێك ڕەوشتی جوان بێت سەرنجام كەسێكی ڕۆح سوك دەبێت ، هەمووان لە كۆمەڵگادا خۆشیان دەوێت ، بەڵام ئەگەر هاتوو كەسێك " بێ‌ ڕەوشت " بوو باكەسێكی پلەبەرزوو پایە بەرزوو داناو زانابێت بەڵام كەسێكە هەمیشە بوونی لە كۆمەڵگادا نابێت ، بێگومان هەموو شتێك لە كۆمەڵگادا بە " ڕەوشت " ەوە جوانە .
Top