سەردەمی ڕەش و سپی
August 3, 2018
وتار و بیروڕا
ھەرچەندە خەڵک لەو سەردەمی گلۆبالیزمەدا، بە دیدێکی سەردەممانەوە، سەیری ژیان دەکەن، کەچی ھێشتا بەڵام بەشێکی زۆر لە ئێمە، ھەر تامەزرۆی ساڵانی رابردوون، لە حەفتاکان و ھەشتاکاندا پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بەجۆرێک بوون، ھەرگیز لەیاد ناچنەوە. بەرێز دکتۆر یووسف عەبدولقادر لە نووسینێکیدا لە رۆژنامەی ھەولێر ژمارە(٢٨٨٥) لە ١٦ی ٧ی ٢٠١٨ بە ناوی: "بۆ ھەولێر و خەرکە خۆشەویستەکەی" دەڵێت: "ئەمەی ھەولێری رەسەن دەبێ ھەمیشە و ھەتا ماوین بۆ ھەولێر بگرێیین کە ھەموومان لە شاری خۆمان نامۆ بین، ھیچ یادگارییەکمان لەو شارە دێرینە جوانە نەمایە کە دڵمان پێ خۆش بێ."
ژیانی ئێستا وەک سەردەمەکە خێرایە و تەمێکە زوو دەڕەوێتەوە، ھەموو شتێک لە سەردەمی بەرائەت جوان بوو، مرۆڤ ئەوکات چێژی لە ژیان دەبینی.
ژیان ھەر ژیانە بەڵام عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان گۆڕاوە، پرسیار ئەوەیە ئایا تاکی ئەو سەردەم و زەمان چییان پێشکەش کردووە تا تاموچێژی ھەر بمینێ، کارێکیان دەکرد کە بگونجێت لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو ڕۆژگارە، کەچی کاری ئێستا ھەموو شتێک پێچەوانە بووەتەوە و پێوەر گۆڕاوە.
گەڕانەوە بۆ رابردوو، بیر و ئەندێشە و سۆز و ھەستی مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی تەواو نزیکبوونەوە لە سروشت و دوورکەوتنەوە لە تەنیایی و بێزاربوون، جا نازانم بارودۆخی ئەو سەردەم لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ئەو بارەی خوڵقاندبوو، یاخود پەیوەندییەکانی ژیان زێتر قووڵبوونەوەیان تێدا بوو.
ساڵانی حەفتاکان ھیچ پەیوەندییەک لە پێناوی بەرژەوەندی نەبوو، دڵ و دەروونەکان پاک بوون، ئای لەو ساڵانە کە چەند بە خێرایی و خۆشی تێپەرین، ئەو رۆژگارەی وەک بای وەشت فێنکایی دەبەخشیە دڵ و دەروون. دواتر لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ڕەسەنایەتی و دڵسۆزی بەرەو کاڵبوونەوە چوو، خۆزگەم بە سەردەمی ڕەش و سپی، زەمەنی جوانی و مرۆڤایەتی، خۆزگە ئەو ڕۆژانە دەگەڕانەوە.