رۆژهەلات بەرەو ئەرکێکی مێژوویی قورس
July 4, 2018
وتار و بیروڕا
میللەتی ئێمە کە لە شەری رزگاریی نەتەوەیی و ئازادیی دایە دەتوانێ و پێویستە کە ئەم دەرسە بگوازێتەوە بۆ ناو سیاسەت داریشتنی خۆی.
ولاتی ئێران بەرەو گۆرانکاریی بەرچاو دەروات ، سیاسەتی کورد لەو ولاتەدا بەرەو رووبەروو بوونەوە لەگەل ئەرکی گەورە هەنگاو دێنێت.
یەک، دەبێ وەک حەرەکەی سیاسی خۆی رێکبخات
دوو، بەرێوەبردنی ئۆرگانیزاسیۆنی ئیدارەی ولات دەکەوێتە سەر شانی
ئەم ئەرکانە زۆر قورس و گرینگن و پێویستە سرنجیان بدرێتێ و کاری جیدییان بۆ بکرێت، لە پێوەندی لەگەل خالی یەکەم دا هەر لە ئێستائەوە دەبێ بتوانین ئاسۆی بەشداریی زۆرینە لە پرۆسەی بریاری ولاتدا نیشان بدەین و زۆرینەی تواناکان کۆ کەینەوە . هەر چەند پرۆسەی خۆ رێکخستنەوە و بریار کراوەتر بێت لە نێو خۆ و لە دەرەوەدا مەشروعییەتمان زیاد تر دەبێ و دەبینە جێی هیوا.
لە پێوەندی لەگەل خالی دووهەمدا پێویستە ئەو کۆ کردنەوەی هێزەی کە لە سەرەوەدا باسمان لێوە کرد لە سەر بنەمای ئەسلی دابەشکردنی کاری مۆدێرن و توانا پسپۆرییەکان رێکبخەین. نابێ لە هیچ مەرحەلەیک لە خەبات دا پێمان وا بێ کە سیاسەت ، ئاشتی و شەر و سەرهەڵدان و هتد بێ تێچوون. ئەم ئەسلە وامان لێ دەکات کە ژیانی رۆژانەی خەلک و تواناکانمان لەبەر چاو بێت.
رۆژهەلات بە زیاتر لە دە میلیۆن دانیشتووی خۆییەوە لە حالەتی گۆرانکاریی لە ئێراندا بە کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسییەوە بەرێوە ناچێت، ئاو ،کارەبا ، نان ، ئیدارات ، کار و ژیانی خەلک دەبێ بەردەوام لە بەرچاوماندا بێت.
دلنیام کە کورد وەک میللەت دەتوانێ بەم ئەرکە مێژووییە هەلبستێتەوە، مەرجی ئەوەیە کە لە ئێستاەوە پرۆسەی خۆ کۆکردنەوەمان، میللی/ نەتەوەیی ، گشتی و کراوە بێت. هەنگاوی لەم جۆرە ، لە ناوخۆدا بە هێزمان دەکات ، لە سیاسەتی دەرەوەدا مەشروعییەتمان دەداتێ، و هەرچەندە مۆدێرن و دێمۆکراتیک کارەکانمان و کۆمەلگامان رێکبخەین ئەوەندە هاوپەیمانمان زیاد دەبێت. رێکخستنی نیو خۆیی و هەبوونی هاوپەیمان دوو مەرجی چارەنووسسازی سەرکەوتنن.
دیارە پرۆسەی سەرانسەری و چ روودەدات بۆ سیاسەتی کوردیی لە رۆژهەلاتدا گرینگە بەلام ئەولەوییەت رێکخستنەوەی خودی سیاسەتی کوردییە لە نێو خۆماندا، کە ئەوەمان کرد لەوی تر دا دەتوانین بە هێزەوە قسەمان هەبێ.بارو دۆخی نێو خۆمان چارەنووس سازە.