سیناریۆی هەرێم و بەغدا بۆ فۆرمی حكومەتی ئایندەی عێراق
June 9, 2018
وتار و بیروڕا
پارتی بە مافی خۆی و بە دەنگی هاووڵاتیان پلەی یەكەمی بە دەست هێناوە، هەست بەوە دەكات دەنگەكانی لەسەر ئەنجامی هەڵوێستە نیشتمانی، نەتەوەییەكانییەتی كە دڵی هاووڵاتیانی رازی كردووە، چونكە دۆخە ئابوورییەكە بۆ هەموو لایەك سەخت بوو، بۆیە هاووڵاتیان چاوپۆشییان كرد لە هەموو ئەو دۆخە ناهەموارەی تێیدا بوون و رێژەیەكی بەرچاوی هاووڵاتیان دەنگیان بە پارتی دا..
دوای ئەوە (ی.ن.ك) دێت.. كە ژمارەی دەنگەكانی بەتایبەتی لە شاری سلێمانی زۆر زیادی كردووە، كە زۆر لە حزبەكان سكاڵا و ناڕەزایەتییان پێشكەش كردووە بە كۆمیسیۆن، چونكە یەكگرتوو، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی، گۆڕان، شیوعی، حسك و بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێن: دەنگمان دزراوە...
بەڵام ئایا سكاڵا و رەخنە واقیعەكە دەگۆڕێت، یان نا؟! لەبەر رۆشنایی ئەو دۆخە سیاسییەی لە هەرێم و عێراق دەگوزەرێت، سیناریۆكان بە چ ئاراستەیەكە،؟
بە هێزترین سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە لە چەند تابلۆیەكدا خۆی دەبینێت:
تابلۆی یەكەم:
- ئەوەی دەبینرێت لە ئێستادا (سائیرون) كە (موقتەدا سەدر) سەرۆكایەتی دەكات لەگەڵ (نەسر) بە سەرۆكایەتی (حەیدەر عەبادی)، (حیكمە) بە سەرۆكایەتی (عەمار حەكیم) زۆر نزیكن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە لەگەڵ لایەنە سوننەكان وەك (ئوسامە نوجێفی)ی و(ئەیاد عەلاوی) و رەنگە پارتی دیموكراتی كوردستان نزیك بێت لەم كوتلەیە، كە پێی وابێت جگە لە (عەبادی) ئەوانی دیكە نزیك بوون لە كوردەوە. دیارە ئەوەلییاتی پارتی جێبەجێكردنی (51) ماددەی دەستوورییە كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێشێل كراوە، دەبێت بەڵێن وەربگیرێت كە جێبەجێ دەكرێن لە رووی پڕۆتۆكۆڵی سیاسییەوە.
تابلۆی دووەم:
(پارتی) و(ی.ن.ك) بەرنامە و ئەجێندای خۆیان یەكبخەن بۆ ئەوەی گفتوگۆی فراوان بكەن لەگەڵ ئەوانەی كە لە تابلۆی یەكەم باسمان كرد، بۆ ئەوەی وەك هێزێكی كوردی بە سەنگ و هێزەوە بچنە بەغدا، دەبێت هەوڵی تەواو بدرێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە.. بەڵام سیناریۆیەكی قورسە، چونكە لە رابردوودا زۆر هەوڵدرا..
تابلۆی سێیەم:
لیستی (فتح) بە سەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی (نوری مالیكی) و لایەنی سوننە بە ناوی (تحالف بغداد) بە سەرۆكایەتی (جمال الكربولی) و (ی.ن.ك) .. كە ئەم لایەنانە بە ئاشكرا بە راوێژی ئێران كاردەكەن، رەنگە هەوڵبدەن كوتلەی گەورە دروست بكەن، گفتوگۆش لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بكەن...
تابلۆی چوارەم:
- رەنگە هەموو لایەك لە كوردستان گەیشتبێتنە قەناعەت، بەڵام حزبە سیاسییەكان لەبەر (رای گشتی) نەیدركێنن لەم قۆناغەدا و (عێراقییانە) هەڵسوكەوت بكەن و، هەر حزبێ لە كوردستان، وەك حزبەكانی دیكە لە عێراقی عەرەبی هەڵسوكەوت بكەن و، بە جیا گفتوگۆ و هاوپەیمانی خۆیان بكەن، چونكە باش لە سیناریۆی ئەمریكی، ئێران، رووسی تێگەیشتوون بۆ ئەم قۆناغە كە لەگەڵ سەربەخۆیی تەواوی كوردستان نین..
- ڕەنگە تا ئێستا ئەو چەند تابلۆیە بە روونی هەبێت، بەڵام ئەمە لەسەر ئەوە دەوەستێت كە ئایا نێوماڵی كورد باشتر رێكدەخرێت؟ هەروەها ئایا ئەوانەی دەڵێن: دەنگمان دزراوە، چاوپۆشی دەكەن لە پێناو هاووڵاتیانی كوردستان و یەك لیستی بەهێز دروست دەكەن؟ لە رۆژانی ئایندە تابلۆكان باشتر روون دەبنەوە.