ھەڵبژارتن و ھەرێمی کوردستان و ھەڕەشە سۆسیۆسایکۆلۆژییەکانی سڕینەوەی شۆناسەکەی

ھەڵبژارتن و ھەرێمی کوردستان و ھەڕەشە سۆسیۆسایکۆلۆژییەکانی سڕینەوەی شۆناسەکەی
ھەرێمی کوردستان تەنھا قەوارەیەکی سیاسی و سنوور و نەخشەیەکی جۆگرافیایی نیە، بەڵکۆ زیاتر لەوە قەڵایەک و منارەیەکە. قەڵایەکی پۆڵایین کە ھزاران کوردی گشت ناوچەکانی کوردستان، و پارچە جیاواز و داگیرکراوەکانی دیکەی لەخۆگرتووە و پاراستوویەتی، و جگە لە کورد دەیان نەتەوە و مەزھەب و ئایینی دیکەش تیایدا، و لە ژێر چەتر و سیبەری بازووی پێشمەرگەی قارەمان لە مەترسی جینۆساید و دەربەدەرکردن، ھەموویان تیایدا پێکەوە وەک برا ژیان بەسەردەبەن، بەھەموو کۆسپ و تەگەرە و گرفت و جیاوازی و ناکۆکییە ھزری ئایینی سیاسی و کەلتووریەکانیانە، بەو پەڕی شانازییەوە بەو برایەتییە رازی و بەختەوەرن. ھەرێمی کوردستان منارەیەکی بەرز و بڵندە، کە توانیویەتی لە ماوەی چەند دەە ساڵی رابردوو دەنگی مەزڵوومیەتی ئەو ھەموو مرۆڤە بگەینێتە گۆێچکە کەڕەکانی جیھانی نووستوی لەخۆبایی. بۆیە وێرای زۆر بەڵێن لەم گەردوونە بێ ھەست و سۆزە، بەڵام ھێشتان مەترسییەکانی سڕینەوەی شۆناسەکەی لە ئارادایە و نیشانەکانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی ئەم بیرۆکەیە ھەستپێدەکرێت، و ئەمەش زەنگێکی ھۆشدارییە تا کورد و کوردستانیان بە خۆیان و سیاسەت و دیپلۆماسیەت و ئاییندەیاندا بچنەوە. ھەڵکردنی چرای سەوز بۆ خیانەتێکی وەک ١٦ ئۆکتۆبەر و ... ھتد، بەڵگەی حاشاھەڵنەگرن، کە نابێ لە یادبکرێن.
**********
مرۆڤ بوونەوەرێکە، بە پێچەوانەی گیانەوەرانیتر دەتوانێ رۆژانی زۆر دوور و نزیک بخوێنێتەوە، و ئەگەر خواست و ویست و ئارەزووی ھەبێ. پەندێکی پێشینیان ھەیە دەڵێ:"ھەرگیز دوژمن بە کەم مەبینە". ئەگەر کورد چاوە خەواوییەکانی ھەڵداتەوە و ئەم خیانەتە و کارەساتەکانی ھاوشێوەی دواتری وەک عەفرین و پێشتریشی بە وردی و جوانتر تەماشا بکات و بخوێنیتەوە و زۆر راستی بۆی دەردەکەون کە جیھان تێکڕا، چ لەسەر ئاستی ناوچە و چ لەسەر ئاستی رۆژئاوا، وەک دەڵێن " کتکا کۆرە " وا دەرچوون.
قارەمانی کورد لە گشت ناوچە و پارچەکانی کوردستان، و بەتایبەت لە ماوەی بەرگریکردن لە جیھان لە دژی دڕندەترین مرۆڤخوارەکانی داعش و تێکشاندنی ئەفسانەی ئەو رێکخراوە نامرۆڤییە-تیرۆریستییە، لای وڵاتانی ناوچە و جیھانیان بەھای رۆژێک بەرگری لە دۆزێکی رەوای وەک مافی گەلی کوردی نەبوو، و دەھان ھزار شەھید و بریندار نرخی ئەوەی نەبوو کە پاش ئەو ھەموو بەڵێن و دروشمە بریقەدارانەی بەناو دیمۆکراسیپەروەرانی ناوچە و رۆژئاوا نەک تەنھا دان بە یەکێک لە سەرەتاییترین بنەماکانی ئەو دیمۆکراسیەتەی ئەوان پێی ھەڵدەدەن، و ریفراندۆمێک بوو، و بەرزترین ئاستی پێوەری بڕیبوو نەک دانی پێنەنێن بەڵکۆ زۆرییان پێ ئاسایی بوو و ئاساییە کوردستانیان دەستی لێ ھەڵگرن و ھەڵبوەشێنن. بەڵام وەک دیارە ئەوە خەونێکە ناوچە و جیھانیان دەبێ لە گۆڕی بنێن، و بە گەواھی مێژوو و ( عەقڵی سەلیم) دەبێ بگۆترێ باشترین و راستترین و گۆنجاوترین و پیرۆزترین و بەردەستترین ھەل و ھەنگاو بوو کوردستانیان تا ئەمرۆ توانیویانە بھاوێژن، و ھەموو ئەو پرۆپاگندانەی بۆ شکستپێھینان و دواخستنی و سەرنەگرتنی کرا و دەکرێ، و ئەو مەھانانەی پێی دەگیرێت، شتێک نیە جگە لە تۆڵەسەندنەوەی چەند مرۆڤ و لایەن و وڵاتێک، لە کوردستان و ناوچە و رۆژئاوا و جیھان، لە نەتەوە بوێرەکەی کورد و کوردستانیان تێکرا و بە تایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی، کە پێداگری لە ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە سەلماندی کە دەبێ ئەفسانەی داگیرکردن و بندەستی کورد، کە ھزاران ساڵە بەردەوامە و زۆر قۆربانی و نەھامەتی لێکەوتووە، بەڵام دەبێ وەک ئەفسانەی داعش تێکبشکێنرێت و دواخستنی ھیچ واتا و رامانەک ناگەینێ جگە لەوەی کە ھەندێ ھەلپەرست و بازرگانی سیاسەت و چەکفرۆشتن لە ناوچە و جیھان پێیان خۆشە و ھەوڵدەدەن، بەو ریفراندۆمە و نەھێشتنی ئەنجام و ئاسەوارە ئەفسانەییەکەی برەو بە ئەفسانەی داگیرکرای خۆیان بدەن و نھێنی ئەو کارەش لە ناسەقامگیری ناوچەکەدا دەبینن، کە سەرکەوتنی ریفراندۆم، ئەوەی کە ئەم سەرکەوتنە لە سەرەتایەکەیەوە دیار بوو، و دواتر بە بەدەوڵەتبوونی کوردستان، ئەو ئەفسانە و خەیاڵەیان پووچەڵ دەبێ، دەیانزانی بۆیەش لە ھیچ ھەوڵێک بۆ ئەم پیلانەیان درێغییان نەکرد، تەنانەت مێژووی خیانەتکارییان لە نێو کورد دووبارە کرد و رێگەیان پێدا و بە زۆر رێگەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، رێخۆشکەرییان بۆی کرد. ئەوە واتا بۆ ئەو وڵاتانە زۆر ئاسان و ئاساییە بۆ گەیشتن بە مەرام و داخوازییەکانیان، و چۆکدادان بە میللەتان، زۆر بە ئاسانی ھەر قۆربانی و فیداکاری و لەخۆبۆردەیی و دڵسۆزییان لەبیربکەن و مێژوو دووبارە بکەنەوە.
ئەوەتا نموونەی دووھەمی ئەو بیرۆکەیە لە کاتی ھێڕشی وڵاتێکی داگیرکەر، کە ھاتنی و جێگیربوونیان لە ناوچەکە و بە گەواھی مێژوو تەنھا چەند سەد ساڵێکە، بۆ سەر عەفرین، کە نەتەوەیەکی کۆن و رەسەن و شارستانی وەک کوردی لەخۆگرتووە و بۆ ھزاران ساڵ دەچێ لێی نیشتەجێن، و ئەوان بە تیرۆریست و داگیرکەر ھەژماری دەکەن، پیشانیدا کە بەڵێنەکانی جیھان و ناوچەکە ھیچ جێگەی بڕوا و متمانە نیەن، و نابێ کورد زۆر بە ئاسانی بڕوای پێبکەن و ساویلکانە لە رەفتاری لەو جۆرە بڕوانن.
لەوانەیە ھەبن کە گلەییمان لێبکەن کە قەوارەی ھەرێمی کوردستان لە دەستووردا بوونی ھەیە، دەبێ بگۆترێت ئەمەش جۆرێکی خۆخافڵاندنە، چونکە بابەتی دیکەی وەک مادەی ١٤٠، بوودجە، پێشمەرگە و ... ھتد، زۆر شتی دیکەش لە ناوەرۆکی دەستووردا بوونیان ھەبوو کەچی بە دەستوورێکی تایبەتی و ( میزاجییانەی) دیکە پێشێڵکران، و ئێمە تەنھا توانیمان تەماشەگەر و قۆربانی بین، و بێگۆمان ئەگەر دەستھەڵاتێک بتوانێ زیاتر لە پەنجا پێشێڵکاری بەارمبەر بە گەل و نەتەوەیەک بکات، دەتوانێ ئەمەشیان بکات، و بەتایبەت ئەگەر لە بەرژەوەندی ئەوان و چەند وڵاتێکی ناوچە و زلھێزی جیھانیش بێ، و وەک زۆر جاریتر چرای سەوزی بۆ ھەڵبکرێ. زیادەرۆیی نیە ئەگەر بگۆترێت گرنگی ئەو پێشێڵکارییانە و بە تایبەت ئەو سێیانەی ئاماژەیان پێدراوە ھیچ کەمتر نیە لە سڕینەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بەو پێیەی ناوچەکانی لە رووی جۆگرافیای زۆر گەورەیە و دەکەونە نێو بڕگەی مادەی ١٤٠، و زیانەکانی بڕینی مووچە و ... ھتد، زۆر لە سەر کوردستانیان گران وەستا.
ئەگەرچی دۆخی سیاسی عەفرین لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەراورد ناکرێ، و جیاوازییەکی زۆری ھەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ گەمژەیی بنوێنین و تەنھا دڵمان بە شتێکی لەو بابەتە خۆش بکەین، و وەک ھەمیشە بە خۆشباوەری خۆمان ببینن بە ھەوێنی کارەساتێکیتر.
شۆڕشەکانی کورد و بە تایبەت لەسەردەمی بارزانی نەمر و لەوانەشە ئەیلوولی مەزن، دەستھەڵاتدارانی حکومەتی ناوەندی، ھەمیشە و بە پێی بارودۆخی جیاواز و ھەڵکەوتی گۆنجاو، تەکتیک و شێوازی جیاوازی بۆ لەنێوبردنی کورد و ھەرسھێنان بە شۆڕشەکەی بەکاردەھێنا، و تەنانەت داننان بە بەیانی ١١ ئاداریش، وێرای ئەوەی کە بۆ کورد دەستکەوتێکی مەزن و مێژوویی بوو، بەڵام لە دۆسیەی پیلانگێڕی رژێمی بەعس و شۆڤینییەکانی وەک سەدامی گۆڕبەگۆڕ، تەکتیک و جۆرێکی نەرمی نواندن بوو بۆ سستکردن و خاوترکردنی ماسووڵکەکانی شۆڕش، و لە ھەمانکاتدا حەسانەویەکی کاتی و خۆئامادەکردن و سووککردنی باری قۆرسی خۆیان بوو لەو ھەڵومەرجەدا، کە گۆشارەکانی ناوچەیی و بەتایبەت رژێمی شای ئێران و کۆمەڵێک گرفتی دیکە بەرۆکی گرتبوو، و بەو تەکنیکە کاتییە دەیانتوانی بە پلانێکی تۆکمەتر و کۆشندەتر و بیرکردنەوەیەکی دیکە بێنە نێو گۆڕەپانی جەنگ لە دژی کوردستانیان و بارزانی نەمر، و دیتمان لە ئەنجاندا و بە پیلانگێڕی ناوچەیی و ئاسانکاری و رێخۆشکەری زلھێزە بەرژەوەندیخوازەکانی جیھان، پیلانەکەیان سەری گرت و ئەزموونی چار پێنج ساڵەی کورد ھەڵوەشاەیەوە.
ئەو تەکتیکانە پێشتریش لە دژی بارزانی نەمر بەکار ھاتن، بەڵام بارزانی نەمر بەو پەڕی دڵسۆزی خۆی بۆ دۆزی رەوای گەلە ستەملێکراوەکەی، لەو کاتە تەنھا ئەوەندەی لە دەست دەھات کە کردی، و جیھانی نووستووی ئەو کات وەک ھەمیشە چەند لە خەو دا غەرق ببوو، ئەوەندەش سنووری راگەیاندن و گەیاندن بۆ کورد سنووردار و بچووک بوو، کە کەمتر کەس و لایەن و وڵاتێک ھەبوو گۆێ لە بەرخۆدانی کوردستانیان و سەرکردە ئەفسانەییەکەیان بگرێ، کە تەنھا داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکرد. بە بڕوای ئەوان، پێدانی ئۆتۆنۆمی، فرت و فێڵێکی سیاسی بوو، و وێرای بەدۆکیۆمێنتکردنی حکومەتی ناوەندی و جیھانیانیش لێی پاشگەزبوونەوە، ھەرچەند قۆناغێکی خەباتی سیاسی کورد بوو.
رژێمی ئەنکاراش جۆرێکی ئەم تەکتیکەی لە کاتی سەردانە فەرمیبیەکانی سەرکردە باڵاکانی کوردستان، و بەتایبەت سەرۆک بارزانی، بە دانانی ئاڵایەکی کوردستان لە تەک ئاڵای خۆیان لە ژوورەکان دانیشتن و کۆبوونەوەکان، تاقیکردەوە، کەچی لە دژایەتیکردنی پرۆسەی ریفراندۆم و تا ساتی نووسینی ئەم گۆتارەش گەورەترین ھێزی سیاسی و لەشکەر و ئابووری بووە لە ئابلۆقەدانی کوردستانیان، و نەچارکردنی بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆم.
ئەو وڵاتانە وای بۆ دەچن زۆر ئاسانە بۆ بەرژەوەندییەکانیان ئەو ئاڵایەیان ھەر رێگەیەکیتر بگرنەبەر و دواتریش لێی پاشگەز ببنەوە، وەک ئەوەی ھیچ نەبووبێ و ھیچ رووی نەدابێ و کەس نەیدیتبێ یان گۆبیستی بووبێ.
ئەگەر دووبارەبوونەوەی مێژوو چەندین جار ھۆشیارمان نەکات، ئەی کەی ھۆشیار دەبینەوە؟ ئەوەتا عەفرین مێژووی کۆماری مەھابادی زیندوو و دووبارە کردەوە. ئەوە وانە و پەندێکە، پیشانی کورد دەدات کە وڵاتانی زلھێز جگە لە بەرژەوەندی خۆیان شتێک نابینن و ناناسن. قۆربانیدان بۆ رزگاری کورد و کوردستان و جیھان لە تیرۆر واتا و رامانێکی لای ئەوان نیە و نابێ. ئەوان تەنھا ئەو وڵاتانە دەناسن و دانی پێدەنێن کە سنوورێکی جۆگرافیایی دانپێدراوی جیھانیان ھەیە، و ملکەچی فەرمان و ویست و داخوازییەکانی ئەوان بن، نەک قەبارەیەک لە ژێر ناوونیشانی ھەرێم یان ناوچەیەکی ئارام یان ھێڵی ئەوەندە و ئەمەندە و سی و شەش یان ھەر شتێکی لەو بابەتە. بە لای ئەوان کوژرانی ھزاران مرۆڤ و چەند سەربازێکی خۆیان ھیچ بەھایەکی نیە و ناگات و ناکاتە ئەو دەستکەوتە سیاسی و لەشکەری و ئابوورییانەی بۆیان دەستەبەر دەبێ، و لەوانەشە وڵاتێکی شکستخواردووی داگیرکاری کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە سەد ساڵ ھەموو سەروەت و سامانەکەی و بە تایبەت پەترۆڵی خۆی بخاتە ژێر رکێفەکەی، و لە بڕی ئەوە داوا لەو وڵاتانە بکەن دەست لە پشتگیری ئەو ناوچە و ھەرێمە ھەڵگرن، و ئەوانیش بەدوای ھەمان شت دەگەڕێن و ھەمان کار دەکەن و کردوویانە و دووریش نیە لەگەڵ ئێمەمانانیش بیکەن، و لە ناوچە و جیھان بە سەدان نموونەی مێژوویی ھەن ئەو راستییە دەسەلمێنن.
ململانێیەکانی ئەمریکا و روسیا و زلھێزەکانیتری جیھانی سەردەممان، کە بەشێکە لە قۆناغەکانی جەنگی سارد، لە پێ،او بەرژەوەندییەکانیان، و گەیشتن بە سەرچاوەکانی پەترۆڵ و بازاڕی فرۆشتنی چەک و کەرەستەکانی دیکە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقییا، و بە تایبەت کە بەھاری عەرەبی دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەم مەبەستە، ململانێیەکی تەم و مژاوی و مەترسیدار و بە تایبەت لەسەر ھەرێمەکەمان دروستکردووە. ئەگەر چی ئەم وڵاتانە راستەوخۆ و لە میدیا و سیاسەت و دیپلۆماسیەتیاندا، ھەمیشە دەربڕین لە پشتیوانیکردنیان لەو قەبارە سیاسییە کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە سۆنگەی بنەما دووبارەبوونەوەی مێژوو، تەماشەی دۆخە بکەین، دەبێ بە وریاییەکی زیاترەوە لەو بابەتە بڕوانین.
ئەڤەر وڵاتێکی وەک بەریتانیا وانەی لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ دەولەتەکەی شیخ مەحموودی حەفید، و قارەمانێتی و خۆڕاگری بارزانی نەمر و بارزانییەکان و خەڵکی دەڤەری بادینان، و راپەرینییان لە دژی خۆیان وەرگرتبێ، و تۆڵەیان لە ریفراندۆم، کە سەرۆک بارزانی تیایدا رۆڵێکی بەرچاو و سەرەکی ھەبوو و خەڵکی بادینانیش دەنگی ھەرە زۆرینەیان پێدا، کردەوە، بێگۆمان زلھێزەکانی دیکەش دەتوانن ھەمان مێژوو بۆ دژایەتی کورد و کوردستان دووبارە و سێ بارە بکەنەوە.
ئەمرۆ پاش شکستھێنانی ھەوڵەکانی رۆژئاوا و کۆبوونەوەکانی ژنێڤ و کازاخستان لە چارەسەری سووریا، و ئەگەری پەیدابوونی جەنگێکی نوێ و لەوانەشە ئەتۆمی، لە نێوان وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی، و باڵادەستی ھەژمۆنی شیعە بە سەرکردایەتی ئێران، وڵاتانی رۆژئاوا و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا لە مەرترسی دەبینن.
ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی حکومەتی ناوەندی، کە تیایدا دەنگی ئاوازی بەرەی شیعەکان بەرزتر و دیارترە، و بێگۆمان رەنگدانەوەی سیاسەتی ئێرانی پێوەیە، خۆی لە خۆیدا زەنگێکی مەترسیدارە لە ھەموو ئەزانەی دیکە، و بە تایبەت کە پەرتەوازەیی و شەپڕێوی بە ماڵی کوردەوە دیارە، و لایەن و پارتەکان بۆ زیاترین دەستکەوت تەنانەت ئامادەن ھەر شتێک بکەن، و نموونەشی فرۆشتنی کەرکووک و گەرمیان و ... ھتد، بوو بە یەک قروشی سووتاو. ئەوەش بیرمان دەخاتن کە دوور نیە ئەو ھەموو فاکتەرە رێگەی سڕینەوەی شۆناسی ھەرێمی کوردستان خۆشبکەن، و بە تایبەت کە لەوانەیە نانیشتمانپەروەران لە ھەر کۆن و قۆژبنێکی ئەم کوردستانە جوانە یان عێراق، لە پێناو ھەر دەستکەوتێک، ھەر چەند بچووکیش بێ، دەرفەتێکی وەک فرۆشتنی ھەموو کوردستان و عێراق یان بەرھەمەکانی بە وڵاتێکی یان چەند وڵاتێکی زلھێز برەخسێنن، و بۆ ئەو وەڵاتانەش زۆر ئاسایی و ئاسانە، وەک ھەر جار نکۆڵی لەو قەوارەیە سیساییە و ھێڵی (٣٦) و ھەموو بەڵێن و گۆتارەکانیان بھێنن.
ئەوانەی دژایەتی ریفراندۆم و کورد و کوردستانیان کردووە و دەکەن، دەتوانن بۆ گەیشتن بە مەرامە بۆگەنەکانیان ھەر شتێک بکەن، و ئەم دەستکەوتە مەزن و مێژووییە و ھەموو قۆربانیدانی کورد و کوردستانیان و ھزاران شەھید و برینداران و پەککەتەکان و ئەنفاڵ و حەلەبچە و گەرمیان و ... ھتد، لە ناخ و دەروونیان ھیچ واتایەکی نامێنێ. ئەوە زیاتر ئەو کاتە مەترسیدار و مسۆگەرە کە بزانین ھەندێ لەو مرۆڤانە لە ئاگری رق و قین دا سووتاون و ھۆشیان لە خۆنەماوە، و ھەندێکیشیان ئەو لایەنەنان کە ئێستا و ھەمیشە لە حکومەتی ناوەندی و وڵاتە نەخۆشەکەیدا، و لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان ھەر کارێک بۆ خۆ نزیککردنەوە لێی دەکەن. ئەوان بە ھەموو شێوە و رێگایەک ھەوڵی خۆبەدەستەوەدانی کورد و کوردستان دەدەن، کە خۆی لە خۆیدا ھەوڵ و ھەوڵێکە بۆ سڕینەوەی شۆناسی ھەرێمی کوردستان.
ئەو ئاواتەیان ئەو کاتە مسۆگەر و گەرەنتی دەبێ کە بیرۆکەی پێدانی گەورەترین و درێژخایەنترین (ئیمیتازی) بەکارھێنانی سەروەت و سامانی ئەم ھەرێمە یان تێکرای وڵات لە لایان گەڵاڵە ببێ و بتوانن ئەو کارە و بەکارھێنانەوەی لە لای یەک یان چەند وڵاتێکی برسی زلھێز دروست و جێبەجێ بکەن، و زلھێزەکان لە بڕی ئەوە ھەر کارێکی نامرۆڤایانە بەرامبەر بە کورد و کوردستانیانیان پێ ئاسان و ئاسایی دەبێ، و بە تایبەت نەھێشتنی قەوارەیەکی سیاسی وەک ھەرێمی کوردستان، بە بێ رەچاوکردنی ھیچ بەھایەکی مرۆڤی و دیمۆکراسی و سیاسی و رەوشتی.
جگە لە یەکڕیزی و یەکگرتن و ھۆشیاری کورد و یەکخستنی نێو ماڵی خۆی کورد رێگایەکی تری بەردەست نیە، تا بڵێین دەبێ چی بکا و چی نەکات، بەڵام دەتوانرێت مەزندە و پێشبینی ئەوە بکرێت کە بە ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم و قەوارەی سیاسی کوردستان کارەساتی زۆر گەورە بۆ تاک تاکی کوردستانیان بە ھەموو نەتەوە و ئایین و مەزھەبەکانیەوە بە دیاری دێت، کە دیسان دووبارەبوونەوەی تراژێدییەکانی مێژوویەکەمانە.
ھەرێمی کوردستان نەک تەنھا شکۆ و پرستیژێکە بۆ کوردانی ئەم پارچەیە، بەڵکۆ بۆ گشت پارچەکانیتریشی، و تەنانەت ئەوانەی لە ھەندەرانیشن، بۆیە ھەڵوەشاندنەوەی واتایەکی تاڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێت، و ئەمەو جگە لە زیانەکانی دیکە. ئەو کات ناخی تاکی کورد تووشی ھەڵوەرین و داڕمانێکی ھەمیشەیی و یەکجارەکی دەبێ، و بە تایبەت دوای ئەو ھەموو کارەساتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو چەند دەە ساڵە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی دەرەوە. کاتی ریفراندۆم دەبینرا کە کوردەکانی تێکرای پارچەکانی و ئەوانەی لە تاراوگەن، چەند پێی دڵخۆش بوون، و ھیوایان پێ بەستبوو. بە نەمانی ئەو ھەرێمە ئیتر دیوەزمەی نەھامەتیەکان بەرۆکی دەگرن و زەفەری پێ دەبەن و چۆکی پێدادەدەن.
تێکرای کوردستانیان بەو پەڕی شانازییەوە، و وێرای گشت ناکۆکی و ناخۆشی و تەنگ و چەڵەمەکانی ژیانی تایبەت و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری خۆیان، لە گشت پارچەکانی کوردستان، دڵیان بۆ ھەرێمی کوردستان لێی دەدا و دڵیان پێ خۆشکردبوو و دەکەن. بۆ ئەوانەی لەم ھەرێمەن و بەتایبەت کوردەکان، ھەرێمی کوردستان بە ھەموو کەموکۆڕییەکانیەوە و بە ھەموو نەھامەتی و نەخۆشی و نادادپەروەری و گەندەڵی و ململانێ و پێکدادان و لەیەکتر زووران و ... ھتد، بەڵام ھێشتان سەرچاوەی ئارامی و ئاسوودەیی و ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، و بە تایبەت کە پێشمەرگەی کوردستان، وەک ھێمای نەتەوەیەکی قارەمان، گەورەترین پارێزەرەکەیەتی، و بۆ کوردانی پارچەکانیتریش و ھەندەران و تێکرای جیھان، چرایەکی رووناکە و قیبلەیەکی دیکەیە لە دوورەوە و لە ژێر رۆشنایی و گۆڕ وتینەکەیدا بەو پەڕی ئاسوودەیی دەژین و چاوەڕوانی ئاییندەیەکی گەشی دەکەن.
بە نەمانی ھەرێمی کوردستان، دوژمنانی ئەم پارچەیە و گشت پارچەکانیتری، ئەوەندەیتر دڕندە و ھارتر دەبن، و ئەو کات پرۆژەکانی بەعەرەبکردن و بە پارس و توورککردنی بەھێزتر و خێراتر دەبن، تا ئەو کاتەی سنوورەکانیان بە یەکجار یەکدەگرن، و بوونی نەتەوەیەک بەناوی کورد لەم ناوچەیە وەک ئەفسانەیەک تەنھا لە ژیڕۆکەکاندا باسی لێوە دەکرێت. ئەو سێ نەتەوەیە، وێرای زمانخۆشکردنیان لە کاتی تەنگانەدا و دیپلۆماسیانە جووڵانەوە، ھزاران ساڵە خەونی نەھێشتنمان دەدەن، و نەخشە و پیلانی بۆ دادەڕێژن، و ھەر کاتێک پێویست بووبێ، ئەگەر لە یەک چرکەساتدا سەدان ھزار کەسیان لەیەکتر کوشتبێ، بەڵام دژی کورد ھەمیشە دۆس و برا بوونە.
بە نەمانی ئەو ھەرێمە بەھا کۆمەڵایەتییەکانی کوردەواری لەبەر یەک ھەڵدەوەشێن، و رێزگرتن بوونی نامێنێ، و جارێکیتر ئەو ھەلپەرستانەی لە ھەموو سەردەمێک وەک کاتی رژێمی پێشووتر رۆڵی خۆشمێریان دەگێڕا، دەکەونە پێش دوژمنان و وەک جاش و ( مۆستەشار و رەفیق حزبی، و قوات خاسە، و ئیستخبارات) و ... ھتد، لە کاتی بەعسدا ھزاران گەنج و کۆڕی کورد و نەتەوەکانیتر و لە ھەموو ئایین و مەزھەبەکانەوە، پۆل پۆل، بەرەو گۆڕەپانەکانی ئەنفاڵ و کێمیاباران و جینۆساید و نۆگرە سەلمانەکانی ئێستا و ... ھتد، دەگۆازنەوە، و بەتایبەت کە مەلیۆنەھا کەس لەم ھەموو ساڵەدا پێشمەرگە بوو یان لە ریفراندۆمدا داوەتە سەربەخۆیی کوردستان و یان بە ھەر بەھانەیەکی دیکە مەھانەی دەستەسەرکردنی بۆ دەدۆزنەوە، و ئەو کات ناوی پێشمەرگە و خێزانی شەھید و ... ھتد، دەگۆڕدرێن بە ( مۆخەڕب، ئیرھابی، عەدوو، کافر ) یان ھەر ناوێکی دیکەی ھاوشێوە. ھەن کەسانێک لە چاوەروانی ئەو رۆژانە دەژین و وەک چۆن پێشتریش و لە کوردستان و پارچەکانیتر و ھەموو جیھان ھەبوونە و دەشبن. ئەوانە گۆمانیان لە مرۆڤبوونیاندا ھەیە، بەڵکۆ ئبلیسن لە جەستەی مرۆڤەکاندا.
ئەو کات ھزاران کەس، وەک چۆن لەسەردەمی بەعسی وەھابیزمی شۆڤینیدا روویدا، بەناچاری نەتەوە و ئایینی خۆیان دەگۆڕن و دەبن بە عەرەب ، و ئەوەی بەر ئەنفال و لەسێدارەدان نەکەوێ بۆ سەدان ساڵیتر لە ئەشکەوت و ژێرزەمین و سەرداوەکان خۆی بشارێتەوە، یان روو لە وڵاتێکی دیکە بکات و ھەمان چارەنووسی دەبێ تەنھا جیاوازییەکەی ئەوەیە کە یان دەبێ بە پارس یان لە زیندانەکانی سنە و ورمێ و ئێڤین و ... ھتد، بە تاوانی کوردبوون پەتی سێدارەی دەخرێتە مل، یان دەبێ ببێ بە توورک ( و ئەو کات ئیتر بە توورکی شاخاویش ھەژمار ناکرێت)، تەنھا توورک مافی ھەیە لەو وەڵاتە بێ، و ئەوەی دیکە میوانە دەبێ باربکات یان رەوانەی زیندان بکرێت و لەوێ لەگەڵ لایەنەکانیتری وەک گوولەنییەکان( یان وەک ئەوەی خۆیان ناویان لێناوە فەتۆ) تا ژیان ماوە پەنجەی خۆی بگەزێ کە کاتی خۆی پشتی لە کورد و کوردستان کردووە.
باشە ئەگەر ئەوانە ھەمووی نەھامەتییەکانی بەرەنجامی ھەڵوەشاندنەوەی قەبارەی ھەرێمی کوردستان بێ، دەبێ کورد و کوردستانیان ژ سترتێژییەکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو ھەوڵانە ھەبێ؟ ئایا ئەو ململانێ و ناکۆکی و ناتەبایی و شەپرزەییەی نێو ماڵی کوردی بەدی دەکرێ، دەتوانن پێگەی کورد بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم پرۆژەیە بەھێز بکەن؟ ئەگەر کورد بەم پەرتەوازەییە روو لە ھەڵبژارتن و پەرڵەمانی داھاتووی عێراق بکات، و ھەوڵەکانی زۆرینە سەربگرن ئەو کات چی؟ ئەوانە ھەموو ئەو ھەڕەشانەن کە مەترسییەکانی ئەو کات زیاتر دەبێ کە ئێستا بۆ خۆبەدەستەوەدان ھەندێ کەس و لایەن خەریکی کێبڕکێن و جاشایەتی بۆ بەدەستەوەدانی کوردستان بووەتە شانازی و وێنەگرتنی ھەندێ خەڵک و لایەن لەگەڵ سەدامەکانی ئەمرۆی سیاسەتی عێراق بووەتە سەرچاوەی دڵخۆشی و ناووبانگ دەرکردن، بە بێ ئەوەی بیر لە ئاییندەی پڕ لە شەرمەزارییەکەی بکەنەوە. (لە ٢٤/١/٢٠١٨نووسراوە).
*پرۆفیسۆری ە. لە زانستی سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
Top