عیناد سەری خاوەنی دەخۆات ! ( سایکۆلۆژیای سیاسەت و سەرمایەداری)

عیناد سەری خاوەنی دەخۆات ! ( سایکۆلۆژیای سیاسەت و سەرمایەداری)
زۆر سەیرە کە ھەندێ لایەن لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان پەیدا ببن و بەوپەڕی عینادییەوە نکۆڵی لە بوون و ھاوکاریکردنی دوو پارتی سیاسی ئەم ھەرێمە، و تەنانەت و لەوانەشە ژێر بە ژێر ھەوڵی لاوازکردن و لەنێو بردنیان بدەن. بەدەر لە کەمۆکۆڕییەکانی پارتە سیاسییەکانی "کۆن"، وەک ئەو چەمکەی ئەو لایەنانە بەکاری دێنن، نابێ رۆڵی گرنگ و کاریگەر و کارێزماتیکی ئەوان لەیادبکرێن، بەتایبەت لە زیاتر نێو سەدەی خەباتی بێ وچانی خۆیان لەپێناو کوردستان.
ئەم لایەنانەی تازەلەدایکبووی سیاسەت، بە چەند کۆرسییەکی پەرڵەمان ئەوەندە خۆویستانە و بێباکانە نکۆڵی لە واقیعێکی وەھا بکەن کە بوونی کوردستان و گەیشتن تا ئەم ساتە رۆژەش بێ بوونیان مەحاڵە، زەنگێکی مەترسیدارە و ئاماژەیەکی دیارە بە ھەوڵێکی دیکتاتۆریانە لە رۆژان و ساڵانی داھاتوو، و بەتایبەت لە گۆڕپانەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری، چونکە ئەو لایەنە زیاتر پشتی بە لایەنی ئابووری و سیستەمی زۆردارانەی سەرمایەداری بەستووە، و ئەوە مۆژدەیەکی تاڵە بۆ ھاونیشتمانیانی کوردستان، کە تا رادەیەکی زۆر تیایدا جیاوازی چینایەتی کەمترە، بەڵام سیستەمی سەرمایەداری کە بەرھەمی بیرکردنەوەیەکی رۆژئاواییانەی پراکتیکییە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئەو لایەنە، بە جۆرێک کە مەدوایەکەی زیاتر دەکات و زیاتربوونی جیاوازی چینایەتی زیاتر لێک دوورکەوتنێ مرۆڤ و نەتەوە و نیۆَماڵی نیشتمانێکی لێدەکەوێت. ھەمان ئەو کارەساتەی کە ئێستا لە جیھانی سەرمایەداری مرۆڤایەتی بەدەستییەوە دەناڵێنێ و گەورەترین بەڵگەش رێپێوانەکانی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتانەیە لە کاتی کۆبۆنەوەکانی G٨ و G٢٠، کە ھەموو ساڵێک لە لایەن چەند وڵاتێکی دەوڵەمەندەوە رێکدەخرێت و تیایدا زۆر رێکخراو و لایەن و خەڵک و بەتایبەت گەنجان، لە دژی ئەو وڵاتانە و بەتایبەت دەوڵەمەندەکانی جیھان ئەنجامی دەدەن.
ئەو بزاڤە بەناو سیاسییانەی تازەپێگەیشتووی کوردستان، کە بەرھەمی خۆڕسکی و خەباتێکی درێژخایەن نین، بەڵکۆ وەک ئەوانەی کە لە ساڵانی چلەکان لەم وڵاتە و بە فیتی ئیخوانەکان سەریانھەڵدا، و دواتر لە ساڵانی نەوەتەکان چاڵاکی و رووی راستەقینەی خۆیان دەرخست و رێکخراوی تیرۆریستی تووندھاژۆییەکانیان لێ پەیدابوو یان بەرھەمی لاوازی ھێزی سیاسی کوردستان لەم ساڵانە و زۆر فاکتەری وەک ئابلۆقەی ئابووری جیھانی بەسەر عێراق و لە عێراقیشەوە بە ئابلۆقەیەکی زیادەوە بۆ سەرکوردستان بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و کوردستانیان لەسەر دەستی رژێمی بەعس، و دواتریش جەنگە براکۆژییەکەی نێوان دوو ھێزی سەرەکیی کوردستان، پارتی و یەکێتی، و زۆر فاکتەری دیکە، لە ئەنجامی کۆمەڵێک گەندەڵی لە جۆری دیکە و بەتایبەت ئابووری پەیدابووە و دیارترینیشی نارەزایەتی کۆمەڵێک خەڵک بووە لەم دۆخەی ئێستا، کە بە بروای ئەوان لە ئاست داخوازی خەڵک نیە، بە بێ ئەوەی دۆخی ناڵەباری ھەستیاری کوردستان و ململانێی حکومەتی ناوەندی و پیلانەکانی شان بە شانی وڵاتانی ناوچە و جیھان لە دژی کوردستانیان، و لە ھەمووی دژوارتر جەنگی نابەرامبەر و نادادپەروەرانەی دەمارگیرانی داعش لەدژی کوردستانیان، یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرھڵدانی بوون، و ھۆکاری سەرەکی دیکەش چینی گەنجانی نێو ئەو بازنەیەیە. دیارە قەیرانی دارائی کوردستان، کۆشندەترین گۆرزی لەو چینە داویەتی، چونکە بە پێی سروشت و قۆناغەکی تایبەتی گەشەی سایکۆسۆسیۆلۆژیک، قۆناغێکە ئاستی داواکارییەکانی گەنج روو لە ھەڵکشاندایە. لە لایەک ویستی پێکھێنانی ژیانێکی ھاوژینی سەربخۆیانە و ھەموو پێداویستییە تایبەتەکانی ئەو بابەتە، و لە لایەکی دیکەشەوە سروشتی یاخیبوون لەم قۆناغە، کە لایەنێکی ئاسایی خەسڵەتەکانی مرۆڤی ئەو قۆناغەیە، و لە ناخی تاکی گشت گەنج و لاوێکی نەتەوە و وڵاتانی دیکەشەوە بوونی ھەیە و بیردۆزەکانی دەروونناسی بە راشکاوانە ئاماژەی پێدەدەن، وای کردووە گەنج حەزێکی بێ وێنەی بۆ لادان و بنپێکردنی یاسا و بەھا و ئاراستەکانی کۆمەڵایەتی بکات، و بەتایبەت کە کەمۆکۆڕییەکانیش بوونیان ھەبێ و مەھانەی بەھێز بن بۆ ئەم کارەیان. ئینجا ئەگەر لایەن ھەبێ ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و بە تەرکیز لەسەر لایەنەکانی جیاواز و بەتایبەت ھەلپەرستی و ناخی ئەو گەنجانە ھەوڵی ئەوە بدات وزە و پۆتانسیێل و ھێزییان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربێنن، و بە تایبەت کە بەھۆی راگەیاندن و لاساییکردنەوەش گەنجانی جیھان بە تێکرا روویان لە جۆرێک بێباکی کردووە کە رەفتارێکی ناوازەیە و کاتێک کە لە دەرەوەی کوردستان و رۆژئاوا بووین گۆێمان لە گلەیی دایک و باوک و پەوەردەکار و ئەکادیمیستەکان دەبوو کە حەزێکی بێ وێنە بۆ ریسکگەرایی (مۆغامرە یان risk) لە جیھان و بەتایبەت چینی گەنج و ھەرزەکار سەریھەڵداوە، کە جێگەی مەترسییە و رەفتارێکە پێویست بە توێژینەوەی زیاتر و گرتنەبەری رێگەی پەروەردەیی و زانستی زیاتر دەکات بۆ کەمکردنەوەی دەرەنجامە مەترسیدارەکانی بۆ سەر خۆدی ئەوان و کۆمەڵگەکان بەگشتی.
وەک ئەوەی دیتمان و ھەستدەکەین بەشێکی زۆری ئەوانەی دەکەنە نێو بازنەی ئەو لایەنە بریتیی بوون لەو ھەرزەکار و گەنجانەی، کە بە ھۆی ئەو گۆڕانکارییە دەروونی و تایبەتییەکانی خۆیان، لە ژێر فشاری دەروونی بە رەفتارێکی ریسکگەرایەنەی بێباکانە ھەڵبستن، تەنانەت ئەگەر ئەو رەفتار و بڕیارە زیانی نەتەوەیی و نیشتمانی و مەزنی لێبکەوێت. چونکە ئەو ھەرزەکار و جەوانانە لە ئاستێکی ھزری-جەستەییدان کە گۆێ بە ھەندێ لەو بەھایانە نادەن و ھەر بە خیالێشییان نایەت کە کار و رەفتاریان چەند مەترسیدارن. بە تایبەت کە زۆربەی زۆری ئەوان لە قۆناغێکدا پێگەیشتوون کە تام و چێژی نەداری و زۆرداری و ناخۆشییەکانی ئەم میللەتەیان نەچێشتووە و زانیاری زۆریان لەسەر نیە و بە پەروەردەیەکی وا گووشکراون کە تەنھا فێری دژبەری بوونەتەوە و تەنھا بیر لەو لایەنەی رەفتاری خۆیان دەکەن و بە یاسایی و ئاسایی ھەژماری دەکەن، و بە تایبەتیش ئەگەر ھەندێ زانای وەک ئەلبێرت باندۆرا و رۆبێرت ڤۆلتێرز، بۆی دەچن و لە تیۆرییەکەی خۆیاندا ئاماژەی پێدەدەن و لاسایکردنەوە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی فێربوونی ئەم رەفتارە ناوازە و دژبەرانەیان دەکەن.
بە راستی ئەو رەفتارەی لایەنی وا بەرامبەر بە ھێزە سەرکییەکانی کوردستان، بە تایبەت کە خاوەن پێگەیەکی دیپلۆماسی و سیاسیین لە نێو کوردستان و عێراق و ناوچە و جیھان، دوو جۆری گۆمان دەخاتە سەر ئەو لایەنە: یەکەمیان لەسەر خۆیان و بیروباوەر و بنەما و پەیرەوی نێوخۆیان و سیاسەتیان و ئەو ئامانجانەی بە نیازن بە کار و رەفتاری سیاسی خۆیان بەدەستی بھێنن، و لە کیستی جەوانان و گەنج و ھەرزەکان و بە سەر پەیژەی شان و ملی ئەوان، دەیانەوێ بە ھەر بەھانە و بەھایەک بووبێت بیگەنێ، و باکیان نیە لە نەمانی ئەو دوو ھێزە سەرەکییە و تەنانەت ھەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی دانپێنراوی نێو دەستوور و لەسەر ئاستی جیھان و ناوچە، و دووھەمیشیان ئەو لایەنانەی کە ژێر بە ژێر پشتگیری ئابووری و دیپلۆماسی و سیاسی دەکەن، چ ئەوانەی لە نێو کوردستان بەم کارە ھەڵدەست و چ ئەوانەی لە عێراق پێشوازی لێدەکەن و ھانی دەدەن بۆ ئەوەی پێگەی کورد بە پەرتەوازەیی زیاتر زیاتر لاواز ببێ، و چ ئەوانەی کە بە دانانی راگەیاندنێکی پێشکەوتوو لەم کارە دا ھاندەریانن و چ ئەوانەی لەسەر ئاستی بەرز و لە شوێنی دیاری بریاری سیاسی پێشوازی ئەو کەسانە دەکەن، و وەک چۆن ئەو یاسا و فۆرموولەیان لە دژی کورد و رژێمی سەدام پەیرەوی دەکرد و وەک "گیسکی ھەیاس و گۆرگ" ھەڵسوکەوتیان دەکرد، و بۆ ترساندنی رژێمی سەدامی گۆڕبگۆڕ جار نا جار پشتگیرییان لە کورد دەکرد تا بەھۆیەوە وەک "گۆرگ" پیشانی "گیسکی ھەیاس" یان رژێمی بەعس بدەن و بیترسێنن و بەھۆش خۆی بێننەوە و نەیێڵن بەپێچەوانەی بڕیارەکانی ئەوان بجووڵێت و رەفتار بکات. ئەو وڵاتانە ھەمان ئەو شتەیان لەگەڵ کوردستانیان و بە تایبەت ئەوانەی کە پێداگرییان لەسەر ریفراندۆمی سەربخۆیی، کە شتێکی ئاسایی و " مافێکی رەوا" بوو، ئەنجام بدات.
بۆیە دەبێ پیلانەکانی دوژمنان لەم رووەوە بۆ گەنج و ھەرزەکاران و جەوانان روون بکرێت تا نەبنە پێخۆرەی ھەندێ کەسی سەرمایەدار بۆ گەیشتن بە سەروەت و سامانێکی خەیاڵی و تەخشان و پەخشانکردنی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، کە تەنھا حەزیان لەو سەرکردە و دەستھەڵاتدار و سیاسەتوانانەیە کە ئەو کارە بکەن. راگەیاندن دەتوانێ باشترین دەرگای ئەو چەندە بێ و توێژینەوەی زانستی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بکرێت و ھەوڵێکی چڕتر و زیاتر و خێرا و بەپەلەتر بۆ چاکسازی و جێبەجێکردنی بدرێت تاوەکو گەنجانمان لەو نادادپەروەرییەی لە سایەی گەندەڵی پەیدا بووە نەبنە کەرەستەی دەستی دوژمنان و ھەلپەرستان و لە دژی نەتەوەی خۆیان و بەرژەوەندی و ئامانجەکانی نیشتمانی خۆیان بەکاربێن.
دەبێ جەوانان و ھەرزەکاران و تێکرای خەڵکی باش بزانن ئەو روانگەیەی لایەنێکی سیاسی تازە سەرھەڵداوی بێ ئەزموون لە سیاسەت، و بە تایبەت کوردستانێک، کە وەک تاری جاڵجاڵۆکە بە نەیاران دەورە دراوە و تەنیویانە، و ھەوڵی پەراوێزخستنی بەشێکی سەرەکیی لە لایەنی سیاسی کوردی دەدرێت، و ھیچ بۆنێکی یەکخستن و یکگرتن و یەکڕیزی و خزمەتکردن بە کوردستانیان و بەرگریکردن لە ماف و دەستکەوتەکانیان، نیە، بەڵکۆ بۆنی زۆر ناخۆشی لێوەدێت، نەک بەرژەوەندی کوردستانیانی تیادا نیە، بەڵکۆ دژی بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد و کوردستانیان،و ھاوشێوەی ھەمان ئەو شتەیە کە رژێمە دیکتاتۆرەکانی پێشتووتر داویانە، بۆیە ئەگەر لە نێو ئەو پارتە سیاسییانە قبووڵیش بکرێ خەڵک و جەماوەریان قبووڵی ناکەن، چونکە ئەو پارتانە ھەلقووڵاوی دڵسۆزی و حەز و ویست و قۆربانیدانی ئەو خەڵکەیە بۆ دۆزێکی رەوا و مافەکانی خۆیان، و نکۆڵی لەوان واتە نکۆڵیلێکردنە لە خەباتی خەڵک و جەماوەری ئەو پارتانە. ھەمان ئەو شتەی دوژمن دەیکات.
دەبێ خەڵکی باش بزانن ئەگەر لە کوردستان کەس و لایەن ھەبن ئەوە بیرکردنەوەیان بێ واتە ھەمان ئەو بیرکردنەوەیەیان بەرامبەر خەڵک و جەماوەری بە شەرەف و ئازادیخوازی کوردستانیش ھەیانە، بۆیە دەبێ ئەو سەرەتایەی خۆباییبوونی ئەو کەس و لایەنانە بەھەند وەربگیرێت چونکە داوە سەرتاییەکانی حەزی دیکتاتۆریەت و خۆپەرێستی و فرۆشتنی سەروەت و سامان و ژیانی کوردستانی پێوە دیارە، و ھەر دیکتاتۆریەتێک لەو دۆرە رەفتارانەوە سەریھەڵداوە و خوێندنەوەی سایکۆلۆژیانەی دیکتاتۆرەکان پیشان دەدات کە دیکتاتۆریەت ھەمیشە بە خاڵی وا دەستی پێکردووە تا گەیشتووتە ئەو تاوانانەی کە روویانداوە.
لەکاتێکدا زیاتر لە ھەر دەم و قۆناغێک، ئێستا کوردستانیان بۆ پاراستنی خۆیان پێویستییان بە یەکریزی و تەباییە، و جەنابی سەرۆک بارزانی ھۆشداری لە باەری ئاکامە خراپەکانی "پەرتەوازەیی" کوردستانیان دەدات لەم دۆخە ھەستیارەدا، ھەوڵی لەو جۆرە بۆ پەراوێزخستن و نکۆڵی لە ھێزە سەرەکییەکانی کوردستان، واتای مەترسیداری ھەیە و ھەوڵێکە بۆ بەچۆکدادان بە کوردستانیان، و زیاتر خزمەتکردن بە دوژمنان و زیاترکردنی "پەرتەوازەیی" و بندەستی و فرۆشتنی بێ بەرامبەری کوردستانە، بەو کەس و لایەن و وڵاتانەی خۆیان مەبەستیانە، بەناوی دژایەتیکردنی گەندەڵی و زۆرێک لەو شتانەی ئەوان بۆ خۆیان کردووتە مەھان و "بنیشتەخۆشەی دەمیان"، و لە بەدەبەختیش ھەندێکی وایە، بەڵام نەک وەک ئەوەی ئەوان لە "مێش" کردوویانەتە "گامێش" !
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ

Top