نێکرۆفیلیا و نھێنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان

نێکرۆفیلیا و نھێنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان
مانشێتەکانی تەلەفزیۆنەکانی کوردستان ٢٤ (K٢٤)و کوردستان تی ڤی(Ktv) و کەناڵەکانی دیکە، وەک ھەمیشە و زۆرجاری دیکەش ئەمرۆ ٢٦/٥/٢٠١٨ رایانگەیاند لە پایتەختی رێکخراوی تیرۆریستی داعش – ڕەققەدا، گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە تەرمی نزیکەی ٩٠٠ قۆربانی تیایدایە. زانیومانە کە ئەوە رەفتارێکە لە دەروونزانیدا بەناوی نێکرۆفیلیا (necrophilia)، یان حەزی خۆشەویستی مردوو، دەناسرێت، و دەکەوێتە بەرامبەر چەمکێکی دیکە بەناوی بایۆفیلییا (biophilia) یان حەز و ئارەزوو و رەمەکی پاراستنی خۆد،و نیکرۆفیلییا لە راستیدا یەکێک لەو جۆرە تام و چێژوەرگرتنانەیە کە ھەندێ کەس لە رووی لایەنی سێکسییەوە لە مردوو وەردەگرن، و وەک ریچارد کرافت ئێبینگ، دەروونناسی ناسراو، ئاماژەی پێدەدات ئاستێکی شیزۆفرینیایە [٢:٩٧٥]، ئەو نەخۆشییە کۆشندەیەی کە بە راستی دەبێ ناوی شێرپەنجەی عەقڵی – دەروونی ناو لێبنرێت، و زۆر بە راشکاوانە لەو تیرۆریست و کەسانەدا دەبینرێتن کە تاوانەکانی وەک ھۆلاکۆست و جینۆسایدیان ئەنجامداوە. ھەروەھا دەزانین کە گەورە زانای ئەمریکی بە رەگەز جوولە، ئێریک فرۆم لە پەرتووکەکەی خۆیدا بەناوی "ئەناتۆمی وێرانسازی مرۆڤ"، بروای وایە شەھوەتی خوێنڕشتن زۆر کۆن و بنەچەیەکی زگماکی ھەیە، و یەکسانە لەگەڵ "خۆشەویستیی کۆشتن"، چێژوەرگرتنە لە کۆشتن، و خوێن تۆخمێکە لەگەڵ دوو تۆخمی (سپێرم و شیر)، و لە ھەردوویان باڵاتر و بەسامترە، و بەم ھۆیەوە زاڵە بەسەر ژیاندا، و ئەگەر شیر سیمبۆڵی مێینە و سپێرم سیمبۆڵی نێرینەیە، ئەوا خوێن ھی ژیانە[١: ٢٦٠]. بۆیە لەم روانگەیەوە تیرۆریست لای وایە خوێن شەربەتی ژیانە و بۆ بەردەوامیدان بە ناخە نەخۆشدەروونەکەی خۆی ھەست دەکات دەبێ ژیان لەوانیتر بستێنێ و لە خوێنەکەی دەخواتەوە.
بەڵام ئەوەی ھەمیشە و بۆ ماوەی دەھان ساڵە مێشکی منی ( و لەوانەشە زۆر کەسی دیکەی وەک منی ) بەخۆیەوە مەژغووڵ کردبێ ئەو پرسیارەیە کە بۆچی گۆڕی بەکۆمەڵ؟ ئایا نھێنی ئەو رەفتارەی کە تیایدا مرۆڤەکان دەبردرێنە بە لێواری و پاش کۆشتنیان و سەبرَینیان جەستەکانی ئەو مردوویانە لە گۆڕی بە کۆمەڵدا دەشارنەوە چیە؟ لە ماوەی ئەو کارە قێزەوەنەی داعشیان ئەو پرسیارە زیاتر مێشکمی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و ھەمیشە بێ وڵام ماوەتەوە، بەڵام پشتڕاستم ھەن ئەو نھێنییە دەزانن و ئاشکرای ناکەن.
تۆ بڵێی داعشەکان ئەوەندە خەمی پیسبوونی ژینکەیان بووبێ تا بەم کارەیان ویستبێتیان ژینگە لەو جەستانە بپارێزن؟ تو بڵێی خەمی مرۆڤەکانیان بووە تا بە ھۆی میشوولکە پیسەکان مرۆڤەکان لە نەخۆشییەکان بپارێزرێن؟ تو بڵێی ئەوەندە لە جیھان و رای گشتی و UN و ... بترسن، تا بەھۆیەوە بۆ شاردنەوەی ئەو تەرمانە سوودیان لە گۆڕی بەکۆمەڵ وەرگرتبێ؟ تۆ بڵێی نەیانزانیبێت ئەو تاوانانە و گۆڕە بەکۆمەڵانە، وەک چۆن پێشتریش ھەڵدراون، ھەڵدەدرێنەوە؟ تو بڵێی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ ئەوەندە خەمخۆر بووە یان ترساوە یان پارە و کات و دەرفەتیان ھەبووە تا لە جیاتی ئەوەی ئەو مرۆڤانە بە مادەیەکی کێمیاوی و زۆر ئاسان لە نزیکترین خاڵ و شار و ناوچەی کوردستانی بیکەن، ھەڵساون بەو زەحمەت و ئەزیەتەی خۆیان و سەدان ھزار منداڵ و ژن و پیاوی کورد و کوردستانیان بەو کۆلەمەرگی بۆ دوورترین شوێنی رووخاوە-وڵاتی-عێراقی-خێر-لە-خۆی-نەبینیو، گۆاستویانە و سەدان و ھزاران گۆڕی بە کۆمەڵی لێ ئافراندوویانە؟
لە مێژوو دەبینین ئاشوورییەکان و نەتەوەکانی دیکەی ناوچە و ... ھتد، و تاوەکو ئەو سەردەمەش لە وڵاتێکی وەک کەمبووجیا خێمێرە سوورەکان ھزاران مرۆڤیان دەکوشت و تەرمەکان و ئێسک و پروسکیان لەو گۆڕە بەجێدەھێشت و یان دەیانکردە کۆمبەتێک و کەلەکەیان لێ دروست دەکرد، کەچی داعشیان و بەعسی رووخاو گۆڕی بەکۆمەڵیان لێ دروست دەکرد. سووپای دڕندەی ئەسکەندەری مەقدۆنی و و مەغۆلەکانی چەنگیزخان کاتێک نێوەی جیھانیان وێرانکرد قەت ھەڵنەستان بە کەندنی گۆڕی بە کۆمەڵ، و باب و باپیرە کوژراوەکانی ئێمەیان ھەر لەو گۆڕەپانە بەجێدەھێشت تا سەگ و پشیلە و باڵندە و کرم و مشک و مار دەیخواردن. بەڵام بۆ دەبێ داعش وای نەکردبێ؟
دەبێ زانایان لەو بابەتە بکۆڵنەوە و نھێنییەکەی بدۆزنەوە، چونکە ئەو جۆرە رەفتارانە زیاتر لە رەفتارێکی نائاسایی نائاسییتر دیارە، و پێویستی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی مێژوویی، سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە. دوور نیە ئەو نھێنییە زۆرێک لە خەم و خەفەتەکانی ئەو نەتەوە و کەسانەی بوونەتە قۆربانی جینۆسایدەکان، و بەتایبەت کورد سوک بکات و خزمەتێکی مەزنی مرۆڤایەتی بەدوادابێت.
سەرچاوەکان:[١] حوسێن، محەمەد تەھا (٢٠١٧): سایکۆلۆژیای کەسێتی: کەسێتیی کورد لەبەر رۆشنایی روانگە جوداکاندا. [٢] پورافکاری نێرت اللە (١٣٨٠). فرھنگ معاێرجامع روانشناسی و روانپزشکی، تھران.

*پرۆفیسۆری ە. لە زانستی سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/ زانینگەی زاخۆ







Top