(زۆرینەی سیاسی) لە كەركووك شكست دێنێت كێشەكانیش تەنیا بەپێی ماددەی 140 چارەسەر دەكرێن
May 16, 2018
وتار و بیروڕا

كێشەی سیاسی و ئابووری و تەنانەت كۆمەڵایەتیش لە پارێزگای كەركووك خاڵی ناكۆكین لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دیارە زۆربەی ئەو كێشانەش بە هۆی هەندێ فاكتەرەوەو سەریان هەڵداوە، رەوشی ئێستاو دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەگەڵ پێش ئەو رێككەوتە جیاوازە، بە هەر حاڵ ئەوەی مەبەستمە لێرەدا ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق من گەشبینم كە ئەو كێشانە بەرەو چارەسەر دەچن، بەتایبەتیش بە رێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەولێرو بەغدا، دۆسیەی كەركووك تا رادەیەكی زۆر ئاڵۆزە و تەنیا ماددەی 140ی دەستووری عێراق دەتوانێت زۆر لەو كێشانە یەكلایی بكاتەوەو ناكۆكییەكان چارەسەربكات، كەواتە سەرئەنجام كێشەكان لە زۆر لایەنەوە سیاسین و پێویستیان بە تێڕوانین و لێكگەیشتن و هەڵوێستی جددی هەیە، چونكە بە تاكلایەنە ناتوانرێت ئەوەی مەبەستەو بەرژەوەندیی هەموو لایەكی تێدایە بێتەدی، بۆیە من پێموایە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و پێكهێنانی حكومەتێكی تازە ئەو بابەتانە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.
سەدان ساڵە لە كەركووك كوردو عەرەب و توركمان و كلدوئاشوور بە یەكەوە دەژین، ئەوەی من ئاگام لێی بێت و خەڵكەكەش گەواهی ئەوە دەدەن كە هیچ كێشەیەكی ئیتنی، یان رەگەزخوازی لەنێوان ئەو پێكهاتە نەتەوەییانەدا لە ئارادا نییە، ئەگەر سەیری مێژووی ئەو شارە بكەین، بۆمان روون دەبێتەوە كە پێكهاتەكانی كەركووك ئاشتییانەو برایانە ژیانیان بەسەردەبەن و پەیوەندیی بەهێزی كۆمەڵایەتی بەیەكیانەوە دەبەستێتەوە، ئەو شارە قوربانی زۆری داوەو هەمیشە هەوڵی داوە پارێزگاری لە ناسنامەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی خۆی بكات.
هەموو ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵدا هەن، گشتگیرو فراوانن، دەبێ هەردوو لا پابەندی دەستووری هەمیشەیی عێراق بن، چونكە هەر دەستوورە دەتوانێت كێشەی بودجەو نەوت یەكلایی بكاتەوە، لە ماوەی رابردوودا هەندێ یاسا خرانە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، بەڵام لەئێستاد پەكخراون، لەوانە (یاسای نەوت و غاز)، ئەگەر ئەو یاسایە دەرچێت و بڕیاری لێ بدرێت، كێشەی بودجەی هەرێمی كوردستانی پێ چارەسەر دەكرێت، چونكە هەناردەكردنی نەوت توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقیش چارەسەر دەكات، لەلایەكی دیكەوە ئەم یاسایە ئاسانكارییەكی زۆر دەستەبەر دەكات بۆ بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت و هەماهەنگیكردن لە نێوان هەولێرو بەغدا دابین دەكرێت.
بە هەوڵ و قوربانیدانی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە سوپاو حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان توانرا تا رادەیەكی زۆر خەونی چەپەڵی تیرۆریستانی داعش لەگۆڕ بنرێت، ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەی كە بە درێژایی سێ ساڵ زیانێكی زۆری بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیاند كە پەلاماری دابوون و خستبوونیە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە، هەر چەندە لێرەو لەوێ هێشتا پاشماوەی ئەو تیرۆریستانە ماون و رۆژانە دەستدرێژی دەكەنە سەر هەندێ بنكەو بارەگای هێزە عێراقییەكان، یان هەڵدەكوتنە سەر گوندەكانی دەوروبەری كەركووك، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوانە شكستیان هێناوەو ناتوانن جارێكی دیكە حوكمڕانیی ئەو ناوچانە بكەن و خەڵكەكە بە كوشت بدەن، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە بۆ ئەوەی بە یەكجاری بیری پەڕگیری و توندوتیژی لەنێو ئەو خەڵكەدا نەهێڵین و بنبڕی بكەین پێویستە لە رێی هۆشیاركردنەوەی جەماوەرو سازكردنی كۆنگرەو كۆڕو سیمینار، هەروەها خول بۆ خەڵكەكە بكەینەوە، لە هەمووشی گرنگتر دەستەبەركردنی هەلی كارە بۆ ئەو كەسانەی كە لەئێستادا بێكارن، هەروەها لەسەر حكومەت پێویستە پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە لەو ناوچانە دەست پێبكاتەوە كە بەر شاڵاوی تێكدان و كاولكاریی رێكخراوی داعش كەوتوون، ئەمە ویڕای دابینكردنی هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەك لە كارەباو ئاو و تەندروستی و پەروەردە و چاندنی تۆوی لێبووردەیی و پێكەوەژیان لەنێوان پێكهاتەكاندا، تاكو جارێكی دیكە متمانە بگەڕێتەوە نێوان دەسەڵات و جەماوەر.
لای هەمووان ئاشكرایە كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر جۆرە ئاڵۆزی و گرژییەك لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپا و حەشدی شەعبی سەری هەڵدا، دیارە ئەمە جێگەی داخە كە رووداوی لەم شێوەی بەدوادا هات، من پێموایە كە لە ئایندەدا جۆرە هەماهەنگییەكی پتەو لەنێوان ئەو سێ هێزە دێتەئاراوە، هێزی پێشمەرگەش بەپێی دەستووری عێراق بەشێكە لە دامەزراوەی بەرگریی عێراقی، بۆیە ئەگەر بمانەوێت لە رووی ئەمنییەوە عێراق بپارێزین و نەهێڵین جارێكی دیكە هێزی شەڕخوازان و تیرۆریستان پەلاماری شارو شارۆچكەكانمان بدەن، ئەوا پێویستە بە هەوڵی جددیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ هەماهەنگیی تەواو لە نێوان پێشمەرگە لەگەڵ سوپاو حەشدی شەعبی بێنینەئاراوەو دامەزراوەی ئەمنیی عێراق بەهێزتر بكەین.
ئەو بارودۆخ و هەلومەرجەی كە عێراق تێی كەوتووە، مایەی تێڕامان و وردبوونەوەیە، لە رووی سیاسییەوە عێراق چ لە ناوخۆ، یان لە دەوروبەرەوە تا ئێستا بەرگی عافییەت و سەقامگیریی تەواوی نەپۆشیوە، چونكە خودی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەكەو ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا زۆر گرنگەو ناكرێ گۆشەگیربكرێت، لەبەر ئەوەی هەم خۆی ناتوانێت لە دنیای دەرەوە دابڕێت و هەمیش دەوڵەتانی دیكەش بێ عێراق لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە ناتوانن لە پەیوەندییەكانیان بەردەوام نەبن، بۆیە لەئێستادا عێراق گەمەكارێكی گرنگی هاوكێشەی سیاسییە لە ناوچەكەدا.
دوابەدوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، رەوشێكی تایبەت لە عێراق دروست دەبێت و كوتلە سیاسییە سەرەكییەكان لە رێی تەوافوقەوە حكومەتێكی تازە پێكدەهێنن، لەم روانگەوە دۆسیەی كەركووك، بە تایبەتیش ئەنجومەنی پارێزگا گرنگیی خۆی دەبێت، ئەم ئەنجومەنە جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە شارەكەو كارا دەبێت و چالاكییەكانی دەست پێدەكاتەوە، لە راستیدا لەو ماوەی رابردوودا خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان لەم پارێزگایە بەپێی پێویست نین، دەبێ هەڵمەتێكی تازەی ئاوەدانكردنەوە و بەڕێوەبردنێكی چاك بێتە ئاراوەو متمانەی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان بە حكومەتی خۆجێیەتی و ئەنجومەنی پارێزگا بە گوڕو تینێكی دیكەوە جێگیربكرێتەوە.
سیاسەتی زۆرینەی سیاسی لە عێراق بە هیچ شێوەیەك سەركەوتن بەدەست ناهێنێت، عێراق لە چەندین پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی تێدایە، هەر هەنگاوێكی سیاسی بۆ ئێستاو ئایندەی ئەو وڵاتە پێویستیی بە سازان و لێكگەیشتن هەیە، بەتایبەتیش هەموو ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمانی عێراقەوە دەردەچن، دەبێ رەزامەندیی هەموو فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانیان لەسەر بێت، چونكە بەرژەوەندیی گشتیی هەموو ئەو پێكهاتانە لەپێشەوەی هەموو هەنگاو و رێكارێكدایە، بۆیە ئەزموونی زۆرینەی سیاسی هەڵەیە و شكست دێنێت، ئەمە بۆ كەركووكیش بە هەمان شێوەیە، ئەگەر بمانەوێت لەو پارێزگایەدا ئەزموونێكی حوكمڕانیی سەركەوتوو پەیڕەو بكەین، ئەوا دەبێ رەچاوی هەلومەرجی تایبەتی كەركووك بكەین، چونكە بە سازان و رێككەوتنی عەرەب و كوردو توركمان و كلدوئاشوور و ئایینزایەكان دەتوانین نموونەی حكومەتێكی بەتوانا نیشان بدەین كە ئامانجی سەرەكی تەنیا چەسپاندنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە بێت و گیانی لێبوردەیی و دۆستایەتیی بەهێز ببووژێنێتەوە، لەسەرووی هەموویانەوە پێشكەشكردنی سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بێت بۆ دانیشتووانی ئەم شارە بێ جیاوازی، بەوەش گەشبینم ئەم ئامانجە لە كاتێكی نزیكدا لە پارێزگای كەركووك دێتەدی.
* ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك