کورد و پشتیوانی لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێ لە ناوچە (سایکۆلۆژیای تاکی کوردی)

کورد و پشتیوانی لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێ لە ناوچە (سایکۆلۆژیای تاکی کوردی)
لەو ئان و ساتە ناسک و ناڵەبارەی ناوچە پیایدا تێپەڕدەبێ و ھەموو ئەگەرەکان، و تەنانەت پەیدابوونی زۆر وڵات تیایدا کراوەیە، دەبێ کورد جگە لە ھەوڵەکان بۆ خۆی، واز لە خۆپەرێستی بھێنێ و بۆ ئەو نەتەوەیەی کە سەردەمانێک لە ناوچەکەدا شارستانیەتێکی پێشکەوتوو بوو و لەسەر دەستی باب و باپیرانمان لەنێوبردران، واتە ئاشوورییەکان، ھیمەتێک بکەن و پشتەوانیان بکەن بۆ دامەزراندنی وڵاتی خۆیان لە خاک و زێدی باب و باپیرانیان لە زیاتر لە شەش ھزار ساڵ لەمەو پێش لە شاری نەینەوای جاران و موسڵی ئێستا. ئەوە نەک بۆ لاوازکردنی وڵاتانی ناوچە و دروستکردنی فەرتەنە و ئاژاوە، بەڵکۆ بە پێچەوانەوە. جارێ خودی وڵاتانی ناوچەکە لەوپەڕی لاوازیدان و مەزنترین بەڵگەش دیکتاتۆریتیانە. تەنھا لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە ٦٠٦ پ. ز. ئەو دەوڵەتە مەزنەمان رووخاند و خانەوادە شکۆدارەکەی سەنحاریب، شاھی ئاشوور، کە توانایی جەنگی لەگەڵ میدییەکان نەبوو، بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمنەکانیان، واتا میدی و بابلییەکان، خۆی و خێزانەکەی لە ئاگرێکی مەزندا سووتاندیان، و ئەوە بۆ ئەو خانەوادە بە نامووسە بوو سەفیرازی و بۆ میدییەکان شەرمەزاریەکی مێژوویی بوو.
بۆیە کورد، بە پشتەوانیکردن لە دروستبوونی دەوڵەتی نەینەوای ئاشوورییەکان، ھەم قەرەبۆی ئەو رۆژە نەگریسانە و ستەمەی لەوانی کردووە، دەکاتەوە، و تا رادەیەکیش ئەو دوژمناتیەی کە تا ئێستاش لە دڵی رۆژئاواییەکان، و بە تایبەت بەریتانیەکان، ماوەتەوە و زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کاتێک کە کوردستانیان و بە تایبەت بەشێک لە باکوور و بادینییەکان لە سەرەتای چەرخی بیستەم نەیانھێشت دەوڵەتێکی مەسیحی بۆ کریستییانەکانی ناوچەکە لە کوردستان دروست ببێ، و بەشێک لەو رقەیان لە ماوەی پەیماننامەکانی ئەو سەدەیە و دواتریش دروستبوونی عێراق لە ساڵانی بیست و ئینجا ھەوڵ بۆ شکسپێھینان بە ریفراندۆمی کوردستانیان، لە کوردستانیان و سەرکردەکانی شۆڕشەکانی دەرکرد.
کورد بەو کارەی خۆی، و پشتگیری برا ئاشوورییەکان، ھەم دەسەڵمێنێ کە نەتەوەیەکی خۆویست نیە، و وەک جەنابی سەرۆک بارزانی لە فەرموودەکانی ئاماژەی پێدەدات " ھەموومان لە مرۆڤایەتیدا برای یەکترین"، و ھەم شکۆی شارستانیەت و فەرھەنگی رەسەنی کوردەواری و بەھا جوانە مرۆڤدۆستانەی دوور لە دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی و نەژادی و ھزری و کەلتوورییەکەی پێشان دەدات و دەسەلمێنێ، و ھەمیش ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە مسۆگەرتر دەکات و نیەت پاکی ئێمە مانان لە دروشمە پڕ واتایەکەی پێکەوەژیان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لای کورد نیشان دەدات، کە پێمانخۆشە شان بە شانی برایانمان لە ھەموو نەتەوەەکانی دیکەی ناوچە، واتە تورک و پارس و عەرەب و جوولەکە و چەرکەس و ئەرمەن و فەلەستین و کلد و سریان و رووم و ...ھتد، لەم دەڤەرە کار بکەین بۆ بنیاتنانەوەی سەر لە نوێی شکۆی جارانی. با کورد لەو بابەت دەستپێشخەر بێت و ببێتە نموونەی ئەو نەتەوەیەی کە زەردەشتی راستگۆی کورد لە ئایینەکەیدا بانگەشەی بۆ دەرکرد و ھانی پەیرەوانی دەدا کە تەنانەت "دوژمنی خۆتت خۆش بوێت". چی تێدایە ئەگەر ھەر یەکە لەو نەتەوانە، ئەوەی پێی خۆش بێ و ئارەزووی بکات، وڵات و دەوڵەتێکی ھەبێ و ھەموومان لە تەک یەکتر بە خۆشی و جوانی و برایەتی و یەکسانی و ئاشتی بژین، و کار بۆ بەختەوەری خۆمان و یەکتری و جیھان و مرۆڤایەتی بکەین؟ دەبێ کەی وانە لە مێژووی خوێناوی باب و باپیرانمان وەربگرین؟ با ئێمەی کورد بەشێک بین لە پرۆژەی قۆرتاڵکردنی مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی لە قۆربانیبوونی بە خۆویستی ھەندێ کەس و لایەن. ئەوانەی کە بۆ بەرژەوەندییەکانیان خەریکە ناوچە و جیھان بە ناوی جیاوازی ئایینی و نەژادی و نەتەوەی و کەلتووری لە ئاگری رق و کینی خۆیان دەسووتێن، لە کاتێکدا کە خۆدی مرۆڤایەتی بەدەست ھزاران کارەسات و کێشە و گرفت دەناڵێنێ.
با لایەنە دڵسۆزەکانی کوردستان، و بەتایبەت ئەوانەی دروشمی پێکەوەژیان و یەکسانی و نادەمارگیرییان ھەڵگرتووە و بەرژەوەندییە کوردستانی و تایبەتییەکان قۆربانی بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکەن. با جارێکیتر فەلسەفەی ئاشتیخوازانە و جوانی پێکەوە ژیانی نێو کەلتوور و فەرھەنگی خانەوادەی بارزانییەکان، کە بە یەک چاو تەماشەی مرۆڤەکانی یەک کۆمەڵگا دەکەن، و شێخەکان بارزان و و لەوانەشە شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و ئەوانیتر، ببێتە بەھا جوانەکانی سەرلە نوێ بنیاتنانەوەی ناوچەکە لەسەر بنەمای ھەبوونی وڵات و دەوڵەتێک بۆ ھەر نەتەوەیەک تیایدا، بۆ سەقامیگری زیاتر و گەڕاندنەوەی ئەو ئارامی و ئاسایشەی کە لە ئاقارێکی نادیار دا گیری خواردووە و ئاسۆی گەشی لێ بەدیناکرێت. با ئێمەی کورد جارێکی دیکە ببین بە مامۆستای مرۆڤایەتی و بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی و ئازادی و ئاسوودەیی و بەختەوەری مرۆڤایەتی، وەک چۆن پەیامبەر و سەرکردەی میدی، زەردەشتی شەھید، کردی و بە شانازییەوە و لەو پێناوەدا گیانی خۆی کردە قۆربانیی مرۆڤایەتی، و لەسەر دەستی دیکتاتۆرەکان شەھید کرا.
کوردستانیان و پشتەوانانی ریفراندۆم، لە چەرخی بیست و یەکەم، لە رۆژھەڵاتی ناوەراست بوون بە سەرچاوە و پۆتانسیێل و وزەبەخشی ئیلھامدەری وڵاتانی ناوچە، و خەڵکی ئەم ناوچەیەی فێری ئازایەتی رادەبڕین و بۆێری و ملکەچنەبوون بە بندەستی، و بزاڤ بۆ ئازادی کرد، و ئەگەر لە ناوچەکە جارێک یان چەند جارێکیش ریفراندۆم کرابێ بە جۆرێک لە جۆرەکان چەواشەکاری تیایدا ھەبووە و یان خەڵکی نەیازانیوە دەنگ بە چی و بۆچی دەنگ دەدەن، و زیندووترین نموونەشی راپرسیی ئێرانیەکان بوو، لە دوای رووخانی رژێمی شاھینشاھی، کە خەڵک بە درۆ و دەڵەسەکان و لە نەزانین و لە پەلا و پەلی خۆیان دەنگیان دا بە جمھوری ئیسلامی، کەچی ھەمان سیستەم لە شاھینشاە خرابتری بە خەڵک کرد، و خەڵک ھەیە دیتم و خۆزگەی بە سەردەمی شاە دەخواست. بەڵام بۆ ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، لە زۆر دەمێکەوە ئامادەکاری دەروونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی کرا بوو، و ئەگەر بەشێک لە وڵاتان و لایەن دژی بوون تەنھا بە ھۆی بەرژەوەندی تایبەت یان ناحەزی بوو. ئەوانەی لە نێو کوردستان زۆریان ھەوڵدا شکستی پێبینن لە دوو ئەگەر بە دوور نیە" یان بەرژەوەندی تایبەتیان لەگەڵ بەغدا و باشووری ئەم وڵاتە ھەیە و زیاتر ئابوورین، یان ناحەز و دژمنی سەرسەختی ئاواتەکانی کوردستانیان بوون نەک ھیچیتر. بەڵام پێداگری لە ریفراندۆم سەلماندی کە ئێمە چەند سوورین لەسەر مافەکانمان و بەرگری لە ئازادی خۆمان و ئەوانەی پەنایان بۆ بەر سیبەری کوردستان ھێناوە. بۆیەش پشتەوانیکردن لە دامەزراندنی دەوڵەت بۆ خەڵکانیتر لە ناوچەکە تەواوکەری ھەمان ویست و ئارەزوو و حەزی ئاشتی و پێکەوەژیان برایتیمانە لەگەڵ ھەموویان، و بە تایبە کە بارزانیدۆستانی کوردستان لە رێبازی بارزانەوە فێری ئەوەکراین تەنھا بۆ خۆمان نەژین بەڵکۆ ژیان بە ھەموو کەس و نەتەوە و نەژاد و ئایین و مەزھەب و تەنانەت دار و بەرد و گیانەوەرانیش رەوا ببینین. چونکە خۆپەرێستی نەخۆشییەکی کۆشندەی دەروونی و کۆمەڵایەتییە و ئەنجامەکەشی ھەر ئەوەیە کە لە ناوچە و جیھان دەبینین و ئەویش جەنگە لەبن نەھاتووەکانن، کە ئەگەر ئەنترۆپۆلۆجیستەکی داروینیسمی وەک رۆبیرت ئاردێری(Robert Ardrey,١٩٦١) وای بۆدەچێ کە بەھۆی ھەبوونی رەمەکی تووندوتیژی لە نێو ژێنەکانی جەستەمانە، ئێمەی کوردستانی دەمانەوێ بسەڵمێنین وانیە و بەڵگەش ئەو بەرگرییەیە ھەمیشە ئێمە لە خۆمان کردووە و ھەرگیز پەلاماری خەڵکمان نەداوە و ھەروەھا ھەوڵدانە بۆ ئەوەی خۆمان و خەڵکی دۆست و دراوسێ و برامان ببینە خاوەن شکۆ و دەوڵەت و سەربخۆیی و ئازادی، و لە کۆشت و کۆشتار و جەنگ بەدوور بین.


Top