ڕیفراندۆم مافێکی رەوا و پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو

ڕیفراندۆم مافێکی رەوا و پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو
جەنابی سەرۆک بارزانی لە وتەیەکی بەنرخدا دەفەرمووتن:" ئازادی پێکەوە ژیان و ئاشتی ھەوێنی دەوڵەتی کوردستانە"، و چەمکی ئازادی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ژیان و شارستانیەت، چونکە تەنھا و تەنھا تاکێکی ئازادە کە دەتوانێ ئازاد ھزر و بیر بکات، بە ئازادانە بڕیار بدات، بە ئازادی بژیت، ئازادانە داھێنان بکات، و ئازادی خۆی و کەسانی خۆی بپارێزێ، جا چ ئەو کەسانە کورد بن یان نە مۆسڵمان بن یان مەسیحی و ئێزیدی یان جوولەکە یان زەردەشتی یان ...ھتد. ئەو کەسەی نەتوانێ خۆی لەو تەنگ و چەڵەمە و کوت و بەند و زنجیرە کۆمەڵایەتی و ھزری و سایکۆلۆژییانە رزگار و ئازاد بکات لە بنەڕەتدا مرۆڤێک ئازاد و سەربخۆ نیە بەڵکۆ زیندانی و دیلی ھەندێ بەھای تەسکی ھزری و کەلتووری و فەرھەنگییە، کە لە ئاکامدا یەک بەرھەم و ئەنجامی ھەیە و ئەویش دۆگماتیزم و دیکتاتۆریەت و زۆردارییە لە خەڵک و نەتەوە و میللەتانیتر.
جۆن ستیوارت میل، نووسەری بەناوبانگی بەریتانی، لە پەرتووکی بەناوبانگی خۆی لەژێر ناو و نیشانی " لە بارەی ئازادی" دا، فاکتەری تێگەیاندنی بەرپرسانی وڵات لە ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی بە یەکێک لە بنەماکانی پاراستنی تاک و کۆمەڵگە ھەژمار دەکات.
جەنابی سەرۆک بارزانی لە ڕستەی سەرەوەدا بەو پەڕی ھەست و سۆزی مرۆڤایانەی مرۆڤدۆست، وەک ئەو رێبازەی کە وەک بێشکە تیایدا پەروەردە و گووشکراوە، بە دڵسۆزییەوە دەربڕین لەو ئازادییە دەکات و ئەو ئازادییە و ئازادییەکانی پێکەوە ژیان و بە ئاشتی و ھێمنی و ئارامی ژیان لەگەڵ و بۆ یەکتری بە یەکێک لە ئامانج و بنەما و پرەنسیپ و ھەوێنی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە دەزانێ، کە قۆربانیمان بۆ بنیاتنانەوەی داوە، ھەر لە یەکەم قۆناغەکانیەوە تا ئەو کاتەی کە دروستبوونی دێتەدی، و کەسانێک بە ھۆکاری چەواشەکراو و بە فیتی ئەم و ئەو و دوور لە ھەستی مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری و وەفداری بۆ قۆربانییە لەبن نەھاتووەکانی ئەم خاک و میللەتە، و بە تێنەگەیشتن لێی، بەردەوام بە بڕوبیانۆی نابەجێ و تەنھا بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان کەمکردنی بەھا و نرخی دەستکەوتەکانی کورد، دژایەتی دەکەن، بەڵام دیارە ئەو کارەیان ناگاتە ھیچ شتێک و ئەنجامێک مەگەر ریسوایی خۆیان و ئەوانەی کە پشتەوانییان لێوەدەکەن. ئەو ئازادیانە و جۆراوجۆریەتیی، لە ھزر و بیروباوەری سەرۆک بارزانیدا، ھەمان ئەو ئازادییانەن کە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، بانگەشەی بۆ دەکات، و وڵاتانی بەناو دیمۆکراسیی سەردەم، ھەوڵی چەسپاندنی دەدەن، بەڵام تیایدا سەرکەوتوو نەبوون و نین و بەڵگەشی دژایەتیکردنی ئەزموونی کوردستانیان بوو لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا.
ھەرچەندە کە وێرای ھەموو ئەو دژایەتیکردنەش، وەک چۆن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و ئەزموون نیشانی داوە و دەدات کە بە سەرکەوتنی دەنگی" بەڵێ" بە ڕێژەی (٩٣%)، دیسان و وەک ھەمیشە ئازادی دەبێتە یەکێک لە بەھا پیرۆز و ھەرە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەی کە خەونی دێرینی ئێمەمانانە و پڕ بە دڵ حەز دەکەین ناوی لێبنرێت "کۆماری فیدرالی کوردستان" و لە گشت تان و پوودەکانی ئەو دەوڵەتە ڕەنگدەداتەوە.
ئەگەر ئەمرۆ، کاروانی ئەو دەوڵەتە بەھۆی خیانەتە نێوخۆیی و جیھانییەوە، لەنگاوە و تا ماوەیەک پەکی کەوتووە بەڵام دیارە خەبات بەردەوامە و ھەمیشە ھەڵکەوتنی مرۆڤە دڵسۆز و لێھاتووەکانی نێو کورد نەیھێشتووە خەونی داگیرکەران و نۆکەرانیان بێتەدی. ئەو خاوەن ھەڵوێستانە بە بێ گۆێدان بە نەبوون و نەخۆشیەکانی ژیان ھەمیشە خەمی ھەرە گەورەیان ئازادی میلەتیان، و رزگارکردنیان بووە لە ژێردەستەییدا.
*ئەو بابەتە لە رۆژنامەی خەبات ژمارە (٥٥٠٠) لە ریکەوتی (٢/٥/٢٠١٨) بەرپەڕی (٧) بڵاوکراوە.

Top