کیشورەی لەبەریەک ھەڵوەریوی عێراق! (سایکۆلۆژیای بنیاتنانەوەی وڵاتانی ھاوچەرخ)

کیشورەی لەبەریەک ھەڵوەریوی عێراق! (سایکۆلۆژیای بنیاتنانەوەی وڵاتانی ھاوچەرخ)
دروشمەکانی بن سلمانی جێنشینی سعۆدیا و زۆر سەرکردەی بەناو پێشکەتووخواز لە عێراقیشدا، زوو ھەڵماندەخەڵەتێنن و وادەزانین جۆرێک ئەنتی-ئایینی پێوەدیارە، و دەیانەوێ لاپەرەِەیەکی نوێ ھەڵدەنەوە و چیتر ئایینە پیرۆزەکان بەمەبەستی گەوجاندنی خەڵک و بەدەبەختکردنیان بەکارنەئێنن، چونکە فەلسەفەی ئایین بەختەوەری مرۆڤە. یان لەوانەیە وا بزانین بەلایەنی کەمەوە دەست ھەڵگرتنە لە ئایین وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی سیاسەت، بەڵام بە چەند ساتێک بیرکردنەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئەوانە ھەمووی کاردانەوەی کاتین لە بەرامبەر چەند کەسێکی نێو خێزانی پاشایەتی و ڕکابەرەکانی نێو خۆیی بنەماڵەکان، کە نموونەشی بن لادن بوو، کە ھەمان چارەنووسی ھەبوو، و یان ململانێیە سیاسییەکانی نێو گۆڕەپانی عێراق، لە پێناو گەوجاندن و چەواشەکردنی خەڵک و ناوچە و جیھان و زلھێزەکان، ئەگەینا یەکەمیان ھەرگیز دەست لە وەھابیەت و دووھەمیشیان لە ویلایەتی فەقیە ھەڵناگرن بۆ ئەوەی رۆژئاوا دەستخۆشیان لێبکات. ئەو تەکتیکە کاتیانەلە درێژمەودا نابن بە ستراتژی بۆ گۆڕینی وڵاتانێکی دیکتاتۆر بۆ دیمۆکراسیەت و ئازادپەروەر. ئەوانە بە دەربازبوونی دەم دیسان دەچنەوە سەر ھەمان سکە و رێچکەی جارانی ئایینی و تەنانەت رادیکالی-ئایدیۆلۆژیکانەی خۆیان، و ھەرگیز ناتوانن لێی رزگار ببن.
ئەوەتا وڵاتان ناوی خۆیان دەگڕن، کەچی ئەو وڵاتانە ھێشتان لە ئایین وەک مەرتالێ ئاینی-سیاسی زیاترین سوودی وەردەگرن، ئەگەر وانیە بۆچی گۆرَین ناکەن. بۆچی تا ئێستاش وشە ئایینەییەکان لە نێو ئاڵاکانیان ھەیە و لانابردرێن، و بەتایبەت عێراق کە لەسەر دەستی رژێمێکی دیکتاتۆر و شۆڤینی دانراوە، و بەھۆیەوە ویستیان ھەست و سۆزی مۆسڵمانان ڕابکێشن؟ تا کەی دەبێ ناوی عێراق وەک خۆی بمێنێ، لە کاتێکدا کە بیستنی بۆ تاکی ئەم وڵاتە و بەتایبەت کورد و کوردستانیان وەک تارمایی و خەونە کابووسیەکانی لێھاتووە، و لەسەر ئاستی جیھانیش بەیەکێک لە بەدناوترین ناوی وڵاتان ناسراوە؟ بۆچی جوان مێژوویی و شارستانیەتەکەی جاران، واتە میزۆپۆتامیای بۆ ناگەڕێننەوە، تەنیا چونکە ناوێکە پەیوەستە بە لایەنی ئایینی و نەتەوەی عەرەبییەوە؟ بۆچی ئەو ئاڵایە ناگۆڕن، کە ماوەی سەد ساڵی رابردوو ھیچ ھەست و سۆزی نەتەوەکانی دیکەی ئەم وڵاتە تیایدا بەرجەستە نەبووە، بۆ نموونە کە دەڵێن: کورد نەتەوەی دووھەمە، بۆچی رەنگی زەرد و ئەستێرەی ٢١ گۆشەی کوردی یان وێنەی شاخە دۆستە دێرین کورد و کێوە سەربەرزەکانی کوردستانی تیایدا نیە یان بۆچی نیشانەیەکی نەتەوەیەکی دیکەی پێوە دیار نیە؟ چونکە ئەوانە سەر بە نیشتمانی عەرەبی نین؟!ئەی چی؟!
دەبێ کێ و کەی ئەو ھەوڵە بدرێت؟ ئەی باشە ئەندامانی خوڵی داھاتووی پەرڵەمانی عێراق ئەگەر بۆ ئەمە کار نەکەن، دەبێ چییان پێ بێ بۆ گۆڕینی ریشەیی ئەو وڵاتە؟ ئایا تەنھا دابینکردنی پەترۆدۆلار یان چەند کیلۆ برنجی گەنیو و روون و نیسک و ... ھتد، بۆ کورد بەسیەتی؟ دەبێ ھەوڵی ئەو گۆڕانکاریانە لە پەرڵەمانی داھاتوو ستراتێژی کورد بێ و ملکچەبوونی سیاسەتوانانی عێراقیش بۆ ئەم مەبەستە و وازھێنان لە دەمارگیرییەکانی بە میرات بۆ ماوی سەدان ساڵی رابردوو، نیشانەی دەستپێشخەریان بێ بۆ ئەوەی بەنیازن کە وڵاتێکی نوێ و ھاوچەرخ و سەردەمیانە بۆ ھەموو پێکھاتەکانی دابنێن. ئەگەینا دیار دەبێ ھیچ نیاز پاکییەک لە ئارادا نیە و " ھەمان تاس و ھەمان حەمام " و دیسان " حەسەن کەچەل " ھاتە شوێنی " کەچەڵ حەسەن " و رژێمی بەعس و سەدامی حۆسێینی گۆڕبەگۆڕ.
بەڵام لە راستیدا، ھەموو ئاماژەکان، چ ئەوانەی خۆدی سیاسییەکانی عێراق، بە شێعە و بە سۆننەشەوە، لەوە گەیشتوون، پێکەوە لکاندنی ئەم وڵاتە لەگەڵ یاسانی سروشت و دینیامیکیەتی گۆڕینەکەی ناگۆنجن، وەکچۆن کێشوەرەکانی ئەفریقیا و ئەمریکا و ئاسیا و ئەورۆپا و ئۆقیانۆسییە و جەمسەرەکان بە پێی دینامیکییەتی گۆی زەوی لەبەریەک دەچن و رۆژ و ساڵ لەیەکتر دوور دەکەون و زیاتر لێک جیا دەبنەوە، ئەوەندەش عێراق خەریکە ھەمان چارەنووسی بەسەردا دێت و ھەموو رەفتارەکانی دیکەی ئەوانەی ھەوڵی تێکدانی ئەم یاسا سروشتییە دەدەن شتێک نیە جگە لە ھەندێ ھەوڵی نەزۆک و بێ ئەنجام، لە رووکەشدا، و خێراتر کردنی ھەما یاسایە بەشێوەیەکی شاراوە.
ھەموو شتەکان پیشان دەدەن ئەوان دەست لە مێنتالیتە و عەقلیەتی خۆیان، کە بەداخەوە جلوبەرگێکی ئایینی و دەمارگیری نەتەوەیی لەبەرکراوە، و ئێمەش لە ڕێباز و خەبات و قۆربانیدان و داواکردنی ماف و ئازادییەکانمان ھەڵناگرین و بەرنادەین.
تەنانەت مرۆڤایەتی بە تێکرا و زلھێزەکانیش لە تەکتیکەکانی بن سەلمانی سعۆدی و بن سەلمانەکانی عێراق و ناوچە گەیشتوون، و چیتر بەو دروسمانە ھەڵناخەڵەتێن، بەڵکۆ تەنھا کات دەکۆژن و چاوەڕوانی دەکەن و ھەوڵدەدەن " تا تەندوور گەرمە نانی پێوە بنێن "، و کاتێک نانەکەیان تەواو بوو تەندوور و خاوەنەکەشی دەرووخێنن. ئەوان لەو راستییە گەیشتوون ئەوانەی بۆ برایە مۆسڵمان و نزیکەکان و دراوسێیەکانی دەوروبەری خۆیان نابن بە ماڵ و دۆست و برا، بێگۆمان بۆ ئەوانیش ھیچ قازانجێکیان نابێ.
ئەو میللەتە مۆسڵمانانەی کە بوون بە وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ برا و درواسێی خۆیان بە ڕەوا نابینن، و بە ھەموو ھێز و تواناوە ھەوڵی لەنێو بردنی ئەو نەتەوەیان دا، و ئەو رۆژانەیان لەبیر کرد کە کورد بە سەدان ساڵ و سەدە خزمەتی ئەوانیان کردووە و بوونەتە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی کەلتوور و زمان و فەرھەنگیان، کەچی لەم رۆژە سەختانەدا زیاتر لە ھەر دوژمنێک پشتیان تێکردین و زیانیان پێگەیاندین. میللەتانی لەو شێوەیە شایستەی دۆستایەتی و پێکەوە ژیانیان لەدەستداوە و ھەموو ھەوڵێکی لەو جۆرە تەنھا گاڵتە بە خۆکردن و دەمکۆشتنە.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top