سایکۆفیسبووک (سایکۆلۆژیای سیاسەت و راگەیاندن)

سایکۆفیسبووک (سایکۆلۆژیای سیاسەت و راگەیاندن)

سەیرە ئێمە ئێستاش تێنەگەیشتووین کە بۆچی وڵاتانی زلھێز بە مەلیارھا دۆلار لە کاری سیخۆری خەرج دەکەن؟ بۆچی بە ھزاران کەس و لایەن لە وڵاتانی دواکەوتوو و کۆلۆنیالکراو دەکڕن و بە کردنیان بە "بوون بە کۆڕێک لە پڕێک" روودەدات، و ناوونیشانی نوێ و دروشمی نوێ و بەڵام لە بنەڕەتدا ئێکسپایێرییان بۆ پەیدا دەکەن و بڵاو دەکەنەوە؟
ناڵێم ئەو وڵاتانە سیاسەت و ستراتژییەکانیان لەسەر بنەمای قسەی من و تو دادەنێن، بەڵام بە دڵنیاییەوە رای گشتی و شەقام کاریگەری بەسەر سیاسەتیانەوە ھەیە و بەشێک لە پرۆژەکانیان لەسەر ئەو بنەمایە دادەنێن. بەڵگەش بۆ ئەوە ھەمان بابەتی سیخۆڕییە کە ئەو ھەموو پارەیەی لێ خەرج دەکرێت و لە خۆڕا نیە.
ئەوانەی بەناوی بریقەدار دێنە گۆڕەپانی سیاسەت و دەبن بە ئامرازی ئەو وڵاتانە، و راگەیاندن و فیسبووکەکانیان پڕیەتی لەو شت و نوسینانەی کە خزمەت بە کورد ناکات، بەڵکۆ ھەوڵەکانی دوژمنان بۆ لەناوبردنی کورد چڕتر دەکات، ئەگەر لە جیاتی ئەوە بۆ نەتەوەیان کار بکەن و ئەو دلسَۆزییەی بۆ زلھێز و دوژمنان ھەیانە بۆ میلەتی خۆیان بخەنە گەڕ و لولوی تفەنگی فیسبووکیان لە دوژمن و زلھێزەکان بگرن تا بتوانن بەھۆیەوە کاریگەری بەسەریان بکەن و بە قازانجی دۆزی رەوای ئەو نەتەوە بەستە زمانە بەکاریی بێنن، ئایا خێر و بێری زیاتر نیە؟ ئەو فیسبووکەی خزمەتی کوردستان نەکات، و خزمەتی داگیرکەرانی زیاتر بەلاوە گرنگ بێ لە گۆللەکانی داعش و ھاکۆفانی کەمتر نیە، بەتایبەت لە کات و ساتێک کە تێکرای جیھان، پشتی لە کورد کردووە و تازە بە تازە ھەندێ کورد لە پێناو پۆست و پلە و پایە و نزیکبوون لە بەغدای قوتابخانەی سەدامپەروەران ھەڵدەپەڕن و وەک فس فس پاڵەوان و بە دروشمی نوێ دێننە نێو گۆڕەپانی سیاسەت، وەک ئەوە وابێ ئەم وڵاتە تازە دامەزراوە و ھیچ شتێکمان تاقینەکردووە و نەچێشتوومانە.
ئەوانەی "تەحەدا" لە دروشمەکانیان ئاراستەی کوردستانیان دەکەن، خۆزگە ئەو "تەحەدا" یە لە پێناو کورد و کوردستان بۆایە و قازانجی ھەژار و ستەملێکراوان و ... ھتد، بۆایە، بێگۆمان من و زۆری وەک من بێی دوو و سێ بەدوای دەکەوتین. بەڵام وا نیە و بەڵگەش ئەوەیە دەبۆایە ئەو "تەحەدا" پێش ئەوەی ئاراستەی ھەندێ کەس و لایەن بکرابایە، ئاراستەی دەستھەڵاتدارانی بەغدا و رۆژئاوا و عەرەب و ئێران و تورکیا و جیھان کرابایە، و ئەو پارەیەی لەو "تەحەدا" یە بۆ دژایەتی کورد تەخشان و پەخشان دەکرێت، بۆ تێگەیاندنی ئینگلیز و رۆژئاوا و عەرەب و ... ھتد، خەرج بکرابایە، لەوانەیە دەبووین بە خاوەن وڵاتێک و گەندەڵیش بنبڕ دەکرا، و ئێمەش بڕوامان بە خاوەنەکانی "تەحەدا" دەکرد، بەڵام لە راستیدا ھەمووی بڵقی سەر ئاوە و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە دژاتیکردنی رفراندۆمی کوردستانیان بوو بە ھەموو ھێز و توانایەکەوە. لەکاتێکدا ئەو رفراندۆمە سەرچاوەی بنبڕکردنی ھەموو جۆرە گەندەڵییەک دەبوو، بەڵام بە مەلیارھا دۆلاری فلان وڵات بۆ لەباربردنی لە رێگەی جاشە نێوخۆییەکان، نیشانەی نیەت خراپی ئەو تەحەدایانەیە، کە ھەوێنەکەی بندەستکردنی کوردە بۆ سەد و ھزاران ساڵی دیکە بە فیتی نەیارانی کورد و کوردستان و بارزانییان و بارزانیپەرستان.
ئەو فێیسبووکەی خێری کوردستانی تیایدا نەبێ دەبێ ناوی لێبنرێت سیخۆڕبووک. ئیتر بەسە بە ناوی سەیر و سەمەر و لەبن دیمۆکراسیەتی ئێکسپایێربوو، رووی ئەو کوردستانە بدەینە ئاقارێک کە سەدان جار پێیایدا تێپەڕیوین و ھەر جار تێھەڵدراوین.
دەبوایە خاوەن ئەو پێنووسە نەزۆکانە، لە جیاتی شکاندنی شکۆی من و ھزاران مامۆستای کورد کە بۆ سەدان ساڵە راست و چەپ شەقە و زەللەی عەرەب و تورک و فارس و ئینگلیز و رۆژئاوامان پێدەکەوێ و لەوەتای بیرم دێ و باوکیشم بیری دێ و لە باپیری خۆی و باپیرانی دەگێڕنەوە و دەبیستین، ھەمان شەق و زەللەیان پێدەکەوت، قەت کەس دەنگی نەکرد و نەیگۆت با رفراندۆم بکەین تا ئەو مامۆستایانە چیتر بەر شەق و زەللەی نارەوا نەکەن بەڵام تا شەقێک لە یەک لەو مامۆستایانە درا کە نەیارانی نێوخۆیی توانیان بیقۆزنەوە و بیکەن بە بنیشتە خۆشەی دەمیان و ھەوڵی رووخاندنی کوردستانێک بدەن کە ھزاران مامۆستای وەک من و باب و باپیرانمان قۆربانیان بۆ داوە. ئەی بۆ باسی شەقەکانی ئێمەتان نەکردووە، چونکە نانی پێوە نایێ بۆتان؟
ئەی بۆ بە سەدان زمانی بیانی و ئینگلیزی و رۆسی و چینی و فرەنسی و ئسپانی و پۆرتۆقالی و ...ھتد، لە فیسبووکەکان لەسەر ئەو شەقە زەللانەی ئێمە مانانتان نەکرد تا ھیچ نەبێ خەڵکێک بەزەییان بە ئێمەمانان بێتن، و لە دەست داگیرکەران رزگارمان بکەن و لە UN دەنگ بە ئازادی و سەربەخۆیمان بدەن؟ بۆ ئەو ھەموو پارەیە لە رووخاندنی کوردستان خەرج دەکەن، بەڵام بۆ ئاوەدانکردنی و قۆرتاڵکردنی لەدەست بەعس و بەعسیەکان و ئاتورک و ویلایەتی فەقیە و وەھابیەتی داعش و ....ھتد، ھیچ پارەیەک خەرج ناکەن؟ چونکە ئاغاکانتان و لۆردەکان حەزیان لێ نیە؟
ئێوە ئەگەر خێری ئەو کوردستانەتان بویستایە پارە زەبەڵاحەکانتان بۆ خێری ئەو میللەتە بەکار دەھێنا نەوەک لە پێناو لەباربردنی ئەو رفراندۆمەی (٩٣%) ئەو میللەتە وەک ئاوات و ھیوایەک دەنگی پێدابوو. ئێوە ئەگەر نیازی "تەحەدا"کردنتان ھەبۆایە دەبووایە بەر لە ھەموو کەس و شت و وڵات "تەحەدا"ی دوژمنانتان بکردایە.
ئەو "تەحەدا"یە بۆنی چاکە و راستی و دروستکاری و راستگۆیی و پاقژی و خاوێنی و دڵسۆزی و خەمخۆری و نیشتمانپەرەروەری و کوردپەروەری و مرۆڤدۆستی و بەرژەوەندی گشتیخوازی و ھەژارپەرستی و دژایەتی گەندەڵی و گەندەڵکاران و دز و جەردە و گەشبینی و ئاسوودەیی و بەختەوەرکردن و ئارامکردن و دابینکردنی دوارۆژی گەش و ئاییندەیەکی جوان بۆ کوردستانیان بە ھەموو نەتەوە و ئایین و مەزھەب و خەڵکەکانیەوە، پاراستنی بەھا و کەرامەت و پرستیژ و شکۆی من و مامۆستا و ھەژار و پێشمەرگە و خانەنشین و شەھید و منداڵی شەھید و خێزانەکانی پێوە دیار نیە، بەڵکۆ تەنھا ئەو فرمێسکانەن کە تیمساح (لۆکۆستەکان) دەیڕژن.
بۆ کوردستانیان دەرکەوتووە لە دوای بنەماڵەی بەدرخانیان تەنھا دەبێ پشت بە بنەماڵەی بارزانی ببەستین بۆ ئەوەی لە ئاییندە و داھاتوو و نیشتمان و ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووری و فەرھەنگی و ئابووری کوردستان پشڕاست و پشت ئەستوور ببین. تەنھا ئەوان، و بە تایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی، دەتوانێ کە کەشتی شکاوە و شەکاوە و ماندووی کوردە بریندارەکەی دەستی نەیارانی نێوخۆیی و دەرەکی بگەینێتە کەنارەکانی ئارامی و ئاسوودەیی. "تەحەدا" یەکانی ئێوە تەنھا بۆ قازانجی دوژمنان ھەڵبڕاوان، بۆیە کورد و کوردستانیان ھەرگیز بڕوایان پێ نیە و ناتوانن و نایانەوێ پشتی پێببەستن، چونکە ئەنجامەکانی ھاشێوەی ئەو "تەحەدا"یانە دەبن کە باب و باپیرانتان لەگەڵ شێخ مەحموود کردیان و دەوڵەتە ساوایەکەیان رووخاند.
بڕۆن لە فێیسبووکەکان راستییەکان و دەردەکانی ئەو میللەتە بە زمانەکانی خەڵک بنووسن، نەک رق و قینی خۆتان بە کوردی شرین لە دژی کورد و کوردستانیان بڕژن. ئەو کارە دادتان نادات. بڕۆن مێژوو بخوێنن تا بزانن مەبەست لەم دێڕانە چیە. مێژوو مەزنترین و راستگۆترین مامۆستا و وانە و پەندە، بۆ ئەوانە بیانەوێ تێبگەن.


Top