ململانێی نێوان نەوەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان لە خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیدا

ململانێی نێوان نەوەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان لە خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیدا
ململانێی نێوان نەوەکان لە گۆڕەپانی ژیاندا ھەمیشە و لە نێو ھەموو نەتەوەکاندا بوونی ھەبووە و دەبێ، و زانستە جیاوازەکانی وەک فەلسەفە و کۆمەڵناسی و ئایینناسی و دەروونناسیش لێی دەدوێن و بە سەرچاوەی زۆرێک لە گرفتەکانی کۆمەڵگای دەبینن. ھەمان ئەو گرفتە لە ژینگە و کۆمەڵگا و تەنانەت سیاسەتی کوردستانیش بوونی ھەبووە و ھەیە، و چیڕۆکێکی خەمگیناوی و تراژێدیایەکی کۆنە و زۆر ھەڵدەگرێ و خوێندنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی ئەو گرفتە بە تەنھا گۆتارێک ناکرێت.
*****
دەگێڕنەوە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، کۆمەڵێک پێشمەرگەی دڵسۆز دەچنە لای بارزانی نەمر (١٩٠٣-١٩٧٩) و گلەیی لە کۆمەڵێک بەرپرس دەکەن کە لە گەندەڵی تێوەگلاون، و داوای لەکارلادانیان لەو سەرکردە مەزنە دەکەن. بارزانی نەمر، لەگەڵ ئەوەی مرۆڤێکی دووربین و چاکساز بوو، بەڵام لە ھەمان کاتدا واقیعبینانەش بوو. بێگۆمان پڕ بە دڵ حەزی لەو چارەسەرییە بوو، بەڵام ئەو کارەی پێ لەو ھەڵومەرجە ناڵەبارەی سیاسی دا بەلایەوە زۆر ئاسان نەبوو. بە پێی ئەزموونی تەمەنی کۆمەڵاەیەتی و سیاسی خۆی، وڵامێکی پرَ بە پێستی پێدانەوە:" ئێستاکە ئەوان، واتە ئەو بەرپرسانەی ئێوە باسی لێوە دەکەن تێر و پڕ بوونە، وێرای ئەوەی کە ئێوە بەدەستیانەوە دەناڵێنن بەڵام بە پشتڕاستیەوە ئەگەر کەسانێکیتریش لە شوێنی ئەوان دابنێم ھەمان کارە دەکەن و تا ئەو کاتەی کە ئەو بەرپرسە نوێیانەش وەک ئەوانەی ئێستا دەوڵەمەند ببن و بگەنە ئاستی ئەوان، ئەوە ئەو کات میللەت بەیەکجاری دەفەوتێ".
بارزانی نەمر، نموونەی سەرکردە و مرۆڤێکی لێھاتوو و بوێر، لەگەڵ ئەوەی خوازیاری نەبوون و نەمانی زۆر دیاردەی ناشرینی کۆمەڵایەتی و سیاسی ھاوشێوەی ئەو بەرپرسانە بوو، بەڵام لە ھەڵومەرجێکی وەھا کە شۆڕشی نەتەوەکەی و گشت کوردستانیان لە دژی گەندەڵییەکی مەزنتر کە رژێمێکی دڕندن و خوێنمێژی وەک بەعسی شۆڤینی-وەھابی بەسەرکردایەتی سەدامی گۆڕبەگۆڕ لە لووتکەی خۆیدا بوو، و لە چەند جەپھەی ناوخۆیی و دەرەکی، لە جەنگێکی ناڕەوا و نابەرابەرانە دا نقووم ببوو، و داگیرکەرانی رۆژئاوا و ناوچەیی و پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی ھەموو ئەو نامرۆڤە ھەلپەرستانەی جیھان و ناوچە، ھاوشێوەی ھەمیشە و ئێستا، ئۆقرەیی و ئارامی لە ناخ و دەروونی کۆمەڵگا و تاک و سەرکردایەتی کوردستانیانی سەندبوو و لەو رۆژگارە ناڵەبارەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، نەک تەنھا لادان و سزادانی سیاسی بگرە لە سێدارەدان و فڕاندنی سەر یان ھاوشێوەی ھارون ئەلرەشید رەفتارکردن و پارچەپارچەکردنی جەستەی ئەو گەندەڵکارانەی نابەرپرس و ھەڵواسینی ھەر پارچەیەک لە جەستەیان لە دەروازەیەکی شارەکان، دادی نەدەدا، بەڵکۆ دۆخەکەی زۆر لە جاران ئاڵۆزتر و خراپتر دەکرد.
بارزانی نەمر باش لە کەسێتی مرۆڤ بە گشتی و خەڵکی ئەم بەشەی جیھان و ناوچەیە دەگەیشت، و دەیزانی کە گەندەڵی ئەو پەتایە کۆشندەیەیە کە بەرھەمی یەک رۆژ و یەک ساڵ نیە، بەڵکۆ بەرھەمی ھزاران ساڵی ژیانی کۆمەڵایەتی کوردستانیانە، و بەتایبەت لە سەردەمی داگیرکردنی کوردستان و بەتایبەت خەلافەتە رووخاوەکەی عۆسمانی و دامەزراندنی عێراقی نوێ لەسەر دەست و بە ویستی ھەندێ وڵاتی زڵھێز و بە زۆر و دوور لە بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلانی ناوچە و کوردستان، کە لە بنەڕەتدا ھۆکاری سەرھەڵدانەوەی زۆر رەفتاری ھاوشێوە، و لەوانەشە بە یەکێک لە پیسترین و قێزەوەنترین قۆناغەکانی گەشەی ئەو جۆرە دیاردە نەشرینانەی کۆمەڵایەتی و رەوشتی لای تاکی ئەم ناوچەیە دەژمێردرێتن، وەک چۆن فەسلەسۆف و کۆمەڵناسی گەورەی ناوچە، عەلی وەردی (١٩١٣-١٩٩٥) بۆی دەچێ. عەلی وەردی جیاوازی بەھاکان و ناکۆکی نێوان نەوەکانیش لەو بەینەدا بەبێ کارێگەر نابینێ. ئەوەش زۆر ئاساییە مرۆڤەکان بەھۆی بەھاکانیان و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان رەفتاری ھاوشێوە بکەن، و ئەو ململانێ و ناکۆکییانە لەنێوان نەوەکان زیاتر دەردەکەوێ.
ھەڵبەت ئەمە بەو واتایە نایێ کە بڵێین ئەو دیاردەیە لە وڵاتانیتر دا بوونی نیە، بەڵکۆ بەپێچەوانەوە پێشکەوتووترین و دیمۆکراسیترین وڵاتانی جیھانیش بێبەش نین لەو پەتا کۆشندەیە، و لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەبینین کە چۆن سەرۆککۆمارەکانی وڵاتانی وەک کۆریای باشوور یان فرەنسا یان زۆر شوێن و وڵاتی بەناو دیمۆکراسی و زۆر بەرپرسی دیکە لە جۆرەھا گەندەڵی تێوەگڵاون، تەنانەت خۆدی ئەوەی کە زۆرێک لەو وڵاتانەی رۆژئاوایی و پێشکەوتوو، لە پێناو جێبەجێکردنی پیلانە داگیرکاریەکانیان و نەخشەکانیان لە داھاتوودا، بوونەتە ھێلانەی داڵدەدانی سەدان تاوانبار و ئۆپۆزیسیۆنی نارەوا و رێکخراوی ناوازە و تیرۆریستی، کە خۆی لە خۆیدا جۆرێکی گەندەڵییە دژی جیھان، و جگە لە لەخۆگرتنی سەدان گەندەڵکار و راکێشانی پارە و سامانیان و دواتر دەستبەسەرداگرتنی ھەموو ئەو پارەیە لە کاتی تێکچوونی رەوشی سیاسی وڵاتانیان و بە پێی نەخشەی داڕێژراوی خۆیان.
ھەروەھا ئەو نموونەی سەرەوە ئەو ناگەینێ کە ئێمە پشتەوانی لە بوون و مانەوەی گەندەڵی دەکەین، بەڵکۆ بەپێچەوانەوە بڕاوامان وایە گەورەترین سزادانیان، ھێشتان کەمە و قەرەبۆی زیانەکانی بۆ کۆمەڵگای کوردستانی و داب و نەریت و دۆخی دەروونی تاکەکانی و تێکدانی شێرازەی زۆر بەھای جوانی کۆمەڵایەتی بەھۆیەوە، ناکات. بەڵام ئەوەی گرنگە بگۆترێت ئەوەیە کە ھەمیشە ململانێیەکانی نێوان نەوەکان بەناو و رەنگ و شێواز و بەھنەکانی جیاواز دەردەکەون و لەبنەرەتدا ململانێی بەرژەوەندییەکانە، و ئەگەر بە زمانی چارلز داروین بدوێین دەتوانین بڵێین ململانێیە بۆ ژیان و مانەوە.
تەنھا جیاوازییەک ھەیە و ئەویش ئەوەیە کە ئایا نەوەی نوێ چەند لە بەرژەوەندییە گشتییەکان تێدەگات یان نە، چونک گوشارەکانی پاڵنەری دەروونی گەیشتن بە دەستھەڵات و پارە و پۆل و دەستکەوت و ناوبانگ ئەوەندە بەھێزن، کە ڕێگە لە زۆر بەھای گشتی دیکەی گشتیتر دەگرن و ڕێگەی نادەن ئەو بەھا و بەرژەوەندییە گشتیانە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆیان بپێکن. بۆیە لەو کاتانەدا و دوور نیە زۆرێک لەو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیانە ببن بە قۆربانی حەز و ئارەزوویە کاتی و بچووک و تایبەتییەکانی ئەو نەوە تازە سەرھەڵداوانە، و بەتایبەت لە کوردستان، کە وەک ھیچ شوێن و وڵاتێکی دیکە نیە و دۆخێکی سیاسی جیاوازی ھەیە، و جگە لە نەیارانی نێوخۆیی سەدان پیلانگێڕی ناوچەیی و جیھانیش لە دژی کار دەکەن و ھەموویان پێکەوە و تێکڕا ھەوڵی ھێشتنەوەی بەژێردەستی دەدەن. چونکە بەو کارە بازاڕی گەندەڵی و تیرۆر و بازرگانی سیاسی و لەشکەری و چەکفرۆشتن و ... ھتد، بەردەوامتر دەبێ، بەڵام ئەوان دەزانن کە بە سەربەخۆیی کوردستان ئەو بازارەِ رەواجی نامێنێ.
دیارە داگیرکەرە ھەمەجۆرەکان، ھەمیشە پشتگیرییان لە نەوە نوێیەکان دەکەن، و ئەوەش لەبەر خۆشەویستی و دڵسۆزی ئەو وڵاتانە نیە، بەڵکۆ بەھۆی ئەوەی کە کاتێک ئەوان لە لووتکەی قووچەکەکە دابن دەتوانن بە ئاسانی و بەشێوازی جیاوازی سیخۆڕانە بخرێنە داوی تەڵەکانیان، و دواتر بەئاسانی ملکەچی ھەموو فەرمانەکانیان دەبن و دەوتوانن ئامانجەکانی سیاسی خۆیان بەھۆی ئەو نەوە نوێ و بێ ئەزموونانە جێبەجێ بکەن. دیارە کوردستانیش لەو یاسایە بەدەر نیە. بە سەدان سیخۆڕ و سەرکردەی ھەرزەکاری نائەزموودە لە جیھان بە پارە و یان ئافرەت یان شێوازی دیکە ھەڵخەڵەتێنراون و بوونەتە ئەڵقەی پەنجەی داگیرکەران.
ئەو لە کاتێکدایە کە نەوەی کۆن، لە رووی پێکھاتە و ستراکتووری سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سیاسی گەیشتوونەتە ئاستێک کە بەھا بەرزەکانی نیشتمانی و نەتەوەیی و گشتی بەسەر بەھا تایبەتەکانیاندا زاڵترە، و ئەو سەرکردە و تاکانە، لە رووی تەمەن لەو قۆناغانەی کە لە دەروونناسیدا بە قۆناغی "ئێگۆسەنتریزم" یان خۆدسەنتەری ناسراوە، و منداڵان و گەنجان و تازەپێگەیشتووانی سیاسی لەو قۆناغە دا دەژین و بەھاکانیان لە چوارچێوەی خۆدی و تایبەتیدا دەخووڵێنەوە و ئاستی دەرچوونیان لەو بازنەیە لاواز و کەم و بەڵکۆ ئەستەمە، تێپەڕیون. نەوەکانی رابردوو و خاوەن ئەزموون، بەپێچەوانەی منداڵان و ھەرزەکاران، دیوارەکانی ئەو بازنە تەسکەی سیستەمی بەھایی و ھزری و رەفتاریان تێپەڕاندووە و زیاتر و باشتر لە وان بەسەرگرفتەکانی کوردستانیانی ستەملێکراو دا زاڵ بن و نەکەونە ژێر باری گووشار و پیلانەکان، و بەئاسانی خۆیان بەدەستەوە نادەن، و لەھەمان کاتدا نابن بە ھەڕەشە لەسەر داھاتووی کوردستان، بەمەرجێک یەکریزی و تەبایی و یەکگرتن و پشتەوانەیەکی زیاتر و ھەمەلایەنەیەی دووربینانەی لە پشتەوە بێ و بەتایبەت لەم قۆناغە ھەستیارەی ئێستاکەییدا کە مانەوەی کورد زۆر گرنگترە لە ھەڵدانەوەی کێشەکان و لاپەڕەی کۆن. گرفتەکان بە تێپەڕبوونی کات و سەقامگیرییەکی زیاتر چارەسەر دەکرێن. بەڵام ئەگەر ھەموومان و کوردستان نەماین ئەو کات چارەسەری گرفتەکان واتای نامێنێ. دەبێ ھەر تاکێکی دڵسۆز خۆی لەو قۆناغە بە بەرپرسیار بزانێ. بەرژەوەندییە گشتییەکان زۆر گرنگترن کە بەھۆکاری تایبەتی و بەرژەوەندی تەسک، کەسانێک بە ھەڵبژارتنێکی پڕ لە قین و نەفرەت ئاییندەی خۆیان و ھەموومان بخەنە مەترسیەوە و وەک زۆر جار و رووداو و شت ئەو دەستکەوتانەی بەرھەمی خوێنی ھزاران شەھید و پێشمەرگە و ماندووبوونێک و قۆربانیدانی گەورەن بە ئاسانی لەبار ببەن و بیکەن بە قۆربانی حەز و ئارەزووی ھەندێ بەکرێگیراوی وڵاتانی زلھێز، کە لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا تۆڵەی پێش سەد ساڵمان لێدەکەنەوە و بە ھەموو توانیەکەوە سزامان دەدەن، بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و ھزری و سیاسی کوردستانیان.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
*ئەو بابەتە بەدەستکارییەوە لە رۆژنامەی خەبات ژمارە (٥٤٨٧) لە بەرواری (١٥/٤/٢٠١٨) لاپەڕە ٧ بڵاوکراوە.
Top