ھاتوھاواری بانگەشەی ھەڵبژاردن

ھاتوھاواری بانگەشەی ھەڵبژاردن
بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان و ھەتا عێراقییەکانیش، بەتایبەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بازاڕییان بە دروشم و ھاتوھاوار گەرم کردووە، ئەگەرچی ئاساییە حزبی سیاسی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بکات، بەڵام بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە لە بەرگی پڕوپاگەندەدا، دەنگدەر لە خشتە ببردرێت، کاتێکیش ھەڵبژاردن جێی متمانە دەبێت، کە ھەر سێ چەمکی (ئازاد، تەندروست، دادپەروەرانە) لەخۆ بگرێت.
ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگە، قەوارەی سیاسی یان پاڵێوراو بانگەشە دەکات بۆ ئەوەی دەنگدەر ڕازی بکات لە بەرژەوەندی ئەو دەنگ بدات، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ھەندێ لە فەرمانبەران و مامۆستایان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بووە مەیدانی ھەڵبژاردن بۆ چەند کاندیدێک.
لە عێراق و کوردستانیش چەندان لیست و قەوارەی نوێ دروست بوونە، ھاوکات کاندیدەکانیش گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە، ھەر بۆیە لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ململانێی نێوان لایەنەکان توند دەبنەوە. ئەگەرچی وا پێویست بوو لە کوردستان بە ڕەچاوکردنی کێشە و ململانێ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، ھەمووان بە ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەوە کاربکەن لە پێناو بەدەستھێنانی دەنگی زیاتر بۆ کوردستان، کورد بە یەک دەنگ و وەک یەک تیم بەرەو ھەڵبژاردن چووبوایە، ئەوکات دەتوانرا سەنگ و پێگەی کورد زیاتر بەدەربخەین لە عێراقدا، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا.
چاوەڕوان دەکرێت ململانێکان لەنێوان ھێز و قەوارە(جاران لێک نزیک و ئێستا لەیەکتر دوور)ەکانەوە بێت،وە گەرم بێت، چونکە ئەوانەی کە تازە ھاتوونەتە ناو پرۆسەکەوە، وا بیر دەکەنەوە، بەرانبەرەکەیان کۆتایی ھاتووە، ئەوەشی خۆی بە خاوەن دۆخەکە دەزانێت وا بیر دەکاتەوە ئەو ھێزە نوێیانە لە پشکی ئەو دەبەن.
ھاتوھاوار و شەڕی گەرمی ئەم ھەڵبژاردنە لە ئێستاوە ئاسۆکانی دەرکەوتووە، ئومێد دەکەین، بەنەرمی ئەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە بەڕێ بکەین.
Top