سەرکردەکان لە دیدی ھاونیشتمانیان (سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی )

سەرکردەکان لە دیدی ھاونیشتمانیان (سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی )
زۆرجار ئێمەی کورد وەک خەڵک و نەتەوەکانیتر بایەخ بە سەرکردەکانمان نادەین. لەکاتێکدا کە زۆر لەو سەرکردانە ھەموو ژیانیان لە پێناو ئێمە تەرخان کردووە و ژیانیان لێ تاڵ بووە تا ئێمە بە شرینی بژین. بارزانی نەمر و ھزارانیتر ئەو سەرکردانەن، بەڵام ئێمە وەک چۆن نەتەوەکانیتر لە سەرکردەکانی خۆیان دەرۆانن، نارۆانین.
کاتێک بۆ خوێندنی دکتۆرا لە مۆسکۆ وەرگیرام زۆر جۆری میلەتانم دیت. ھەڵبەت ناڵێم لەگەڵیان بووم بە دۆست چنکە ژیان و سروشتیان وایە تا ئەو کاتەی لەبەردەم چاویانە دۆستن دواتر لەبیرت دەکەن. ئاساییە جیھانێکی تایبەتیان ھەیە. بەڵام سەرکردەکانی خۆیان لە زۆر شتی دیکە پێ پیرۆزترە.
قوتابیەکی دکتۆرا، بەناوی ( مان Man)، کە بسپۆرییەکەی بیرکاری و زیرەکیش بوو ناسیم. جارێکیان بوو بە گفتگۆمان. بۆ سەلماندنی قسەکانم ویستم یەزدان و خۆدایی مەزن وەک نموونە بێنم، کەچی ئەو لێم زوورا و تۆرا، و گۆتی:"خۆا ! ئەوە کێیە ؟ من بڕوام پێی نیە چونکە نایبینم." پێم گۆت:"کەواتە منیش مێشک و عەقلی تۆ نابینم واتە تۆش بێ مێشکی !" لێم ھاتە ھات و ھاوار:" ئەوە چۆن وا دەڵێی ؟ ئەی ئەو پەرتووکە لە دانانی کێیە؟" ئینجا دەستی دایە پەرتووکێکی بیرکاری ( باش بیر نایێ وا بزانم یان بە رووسی یان بە ڤیێتنامی) بوو پیشانی دام و زانیم خۆی دایناوە. پێم گۆت:"باشە تو ئەم پەرتووکە بە نیشانێک لە عەقڵی خۆتی دەزانی و ھەمووی لەم لا و لەو لا کۆکراوەتەوە و کراوەتە پەرتووک بەڵام ئەم جیھانە جوان و مەزن و سەیر و سەمەرەت پێ نیشانێک نیە بۆ بوونێک بە ناوی یەزدان !"
بێگۆمان قسەکانی من ھیچ کاریگەری بەسەر نابێ چونکە "ئەوەی گرتی بە شیری بەرینادات بە پیری"، ئەوە پەروەردە و کۆمەڵگایەکەیەتی وای پێگەیاندووە. بەڵام ھەمان ئەو قوتابییە و زۆر قوتابی دیکەی ئەو وڵاتە، ئەوانەی من رۆژانە دەمدیتن و سەردانیانم دەکردن بەو پەڕی شانازییەوە و تەنانەت زیاتر لەو خۆایەی کە بڕوایان پێنەبوو، بڕوایان بە سەرکردەی بەناوبانگی سەردەمی جەنگەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ داگیرکەرانی فرەنسا و ئەمریکا، واتە ھۆشی مین، ھەبوو و تەنانەت ھەموویان و ھەمیشە وێنەیەکی لە جامدراوی ئەو سەرکردەیەیان لە تەنیشت ئاڵا سوورەکەی وڵاتیان لەسەر مێزەکەیان ھەبوو. دەرفەتم نەبوو زیاتر زانیاری وەربگرم و لەوانەشە جۆرێک دۆعا یان نوێژیشی بۆ بکەن، و من نایزانم. ھەموویان وا بوون. ئەو سەرکردە مەزنە جیھانییە، وەک لە وێنەکاندا دەبینین، لە رووی سەروسیما، مرۆڤێکی بچووک و لاواز، و ھاوشێوەی مھاتما گاندی، لە کۆمەڵێک ئێسک و پروسک پێکھاتووە کە تەنھا چەند ساڵ خەباتی دژی دوژمنانی وڵاتەکەی وایکردووە ئەو میللەتە بە نان و خۆێ یە ئەوەندە رێزی لێبگرن کە زیاتر لە ھەر شتێک لەم جیھانە لایان پیرۆز بێ.
ئایا ئێمەش واین؟ ئێمە چۆن دەڕوانینە سەرکردەکانی خۆمان، ئەوانەی کە بە دەیان ساڵ ئاوارە و دەربەدەر بوونە و لە پێناو گەیاندنی دەنگی ستەملێکراوی ئێمە بە پای پیادە و لەبن تۆپ و فڕۆکە و گۆللەی دوژمنان ھزاران کیلۆمەتریان بڕیوە و لەئاکامدا گیانیان بە ئەگەری فشارەکانی سەختی ژیان بۆ نیشتمانیان کردووتە قۆربانی؟
بۆیە نەتەوەکانیتر زوو دەگەن بە ئامانجیان و دەبن بە دەوڵەت چونکە سەرکردەکانیان سیمبۆڵی یەکگرتنیانن، بەڵام سیمبۆڵەکانی ئێمە کراون بە رێژە و ئاستی خزمەتکردن بە دوژمنان، نەک یەکگرتن. ئێمە ھەمیشە خەڵکمان پێ لە خۆمان و سەرکردەکانمان لە پێشتر و باشتر بووە. ئەوە کەلتوور و فەرھەنگێکی ڕزیووی کۆمەڵایەتییە، کە ئەگەر لانەدرێت ھەمیشە ئەوە حاڵمان دەبێ. دەبێ سەرکردەکانمان بەشێک بن لە فەرھەنگ و ھەوێنی یەکریزی و یەکگرتنمان لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانمان.
*پسپۆرێ ئەکادیمی لە زانستەکانی سایکۆلۆژی و پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ.
Top