بەشداری سیاسیی ئافرەت زۆر ھەنگاوی بڕیوە

بەشداری سیاسیی ئافرەت زۆر ھەنگاوی بڕیوە
دیاریکردنی ڕۆژێک بەس نییە بۆ باسکردن، بیرخستنەوە، خستنە پێش چاو و دەرخستنی مافەکانی نیوەی کۆمەڵگە و دایکی نیوەکەی دیکە، پێویستە ھەموو ڕۆژێک، ڕۆژی جێبەجێکردنی مافەکانیان بێت.
واقیعی سیاسیی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بە بەراود لەگەڵ سەرەتای دەستپێکردنی ئەزموونی کاری سیاسی لە دوای ڕاپەرینی بەھاری ١٩٩١ دەیسەلمێنێت کە بەشداری سیاسیی ئافرەت زۆر ھەنگاوی بڕیوە، چونکە پێش ئەو قۆناغە، لە زۆربەی ناوچەکان بەشداری سیاسیی ئافرەت بە شەرمە و شتێکی نامۆ دەزانرا و بە دەگمەن ئافرەتمان لە ناو ئۆرگانەکانی پارتە سیاسییەکاندا دەبینی، بەڵام ئێستا نزیکەی ٢٥%ی ڕێکخستنەکانی حزبەکان پێکدەھێنن، لە کوردستان بەشداریی ئافرەت لە کاری سیاسی و ئەندامێتییان لە ئاستەکانی باڵای حزبیدا گەشەی کردووە، تەنانەت بەشدارییان لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا پەرەی سەندووە و گۆڕانێکی تارادەیەک باش بەدی دەکرێت.
ئەگەر تەماشای ئەم ساڵانەی دوایی کۆمەڵگەی کوردی بکەین زۆر نەریت گۆراوە، ئافرەتان و کچانی کورد بەبێ جیاوازی بەشدارییان لە ھەموو کایەکانی ژیاندا کردوە، تا گەیشتە ئەوەی کچانی کورد ببنە پێشمەرگە و چەکی شەرەف ھەڵبگرن، لەگەڵ برا پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە بەرەکانی شەردا شان بدەنە بەر ئەو ئەرکە قورسە و ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.
چوون بەرەو ھەڵبژاردن بە مانای بیرھێنانەوەی ئەو خەبات و قوربانیدانەیە کە ئافرەتانی ئازا و بوێر لە بەرانبەر بەدەستھێنانی خواستەکانی خۆیان تێکۆشانیان بۆ کرد، ھەمیشە ئافرەتان، لە پێناو ھێنانەدیی ئازادی بۆ ھەمووان و بە ئامانجی یەکسانبوون و دادپەروەری لەگەڵ پیاواندا، لە گشت بوارەکاندا، بەتایبەتی مافە سیاسییەکانیان، خەباتیان کردووە و تا ئێستایش خەبات دەکەن.
ئەگەر سەیری لیستی ھەموو قەوارە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین، ئەوە دەبینین لەو ناو ھەموویاندا کاندیدی ئافرەت ھەیە، گومانیش لەوەدا نییە کە ھەندێک لەوان بە دەنگی خۆیان و ھەندێکی دیکەیش بە کۆتا دەردەچن، ئەمەیش بە مانای بەشداری سیاسیانەی ئافرەت لە ھەڵبژاردنەکان دێت.
ئافرەتی کورد، وێڕای ئەو ھەموو ئاستەنگە سیاسی، فەرھەنگی، ئابووری کۆمەڵایەتیانەی بۆی دروست دەکرێت شانبەشانی پیاو لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا خزمەت دەکات.

Top