وێنە ڕاستیەکەی سلێمانی

وێنە ڕاستیەکەی سلێمانی
ئەوەی لە سلێمانی ڕودەدا پارچەبوونی ئەو ئاوێنەیە کە پەنجا ساڵ زیاترە بەرامبەر شارەکەیان داناوە و ڕێگەی نادەن لە خۆی زیاتر شوێنێکی دیکە و شتێکی دیکە ببینێ،ئێستا هەمان ئاوێنەیە کە وەک میرات بەجێما لە دەستی میراتگران کەوت و شکا و هەر یەکەو پارچەیەکی بردوە و بەرامبەر خۆی داناوە و تەنها ئەو گردە دەبینی کە کردویەتی بە ناوەندی جیهان و گۆڕانکاریەکان و مەیدانی ڕوبەڕو بوونەوەی گەندەڵی و دەسەڵاتی نا عادیلانە،هەر ئاوێنەیەکە تەنها جێگای گردێکی تێدا دەبێتەوە و تەنها گردەوانێک تێیدا بانگ دەدا،ئەوەیە وێنەی ڕاستەقینەی سلێمانی کە لە ناوەندێکی ئەدەبی و شۆڕشگێڕی کوردایەتی لە سەر دەستی سەرکردەکانی و بە ناوی دیموکراسیەت و لە ژێر سێبەری باوەڕە مۆدڕێنەکاندا بۆ ناوەندی بەرهەمهێنانی بێ باوەڕی و کەسایەتیەکی خۆ تەسلیم کەر و پشت لە ئەدەب گۆڕدرا،سلێمانی بووە شارێک ڕۆڵەکانی تۆڵەی لێ بکەنەوە و ڕوخساری بشێوێنن.
ئەو زمانە زبرەی ئێستا هێزگەلی سلێمانی بەرامبەر یەکتر بەکاری دێنن،هەمان ئەو زمانەیە کە یەکەمجار لە پارچەبوونی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان لە سەر دەستی ژمارەیێک بەناو خوێندەروای سلێمانی سەریهەڵدا،ئەو زمانەی تا ئێستا بە قۆناغی جیاواز درێژیان کردەوە لە شەڕی براکوژیەوە بۆ شەڕێکی دیکەی براکوژی و پاشانیش گیرسانەوەی لە سەر یەکێک لە گردەکانی ئەو شارە و وەکارخستنەوەی بەناوی ڕۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ،کە بەرهەمەکەی ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە سلێمانی حیزبە لۆکاڵیەکانی ئەو شارە لە دژی یەک بەکاریان دەهێنن.
هێزگەلی سلێمانی کە هەموویان لە هەناوی حزبێکی پۆپۆلیستی هاتوونەتە دەرەوە بۆیەشە هەموویان خاوەنی یەک دونیا بینی و شێوازی کارکردن و ڕوبەڕونەوەی ڕکابەرەکانیشیان هەمان میکانیزم و زمان بەکاردەهێنن،ئەوەی لە یەکدیان جیا دەکاتەوە تەنها بەرژەوەندیەکانە لە سەر ئاستی کەسی و گشتی،بۆیەشە سەرکردەکانیان دەشێ ئەمڕۆ ناوی یەکێتی و سبەی گۆڕان و دوو سبەش هاوپەیمانی و نەوەی نوێ بێ، بە شێوەیێک وەک دەڵێن ئەشیای هەموویان بۆ یەکتر دەبێ، کاتێک گوێ لە گووتاری یەکێکیان دەگری یان دەیخوێنیەوە تەنها ناوی حیزبەکەی و سەرۆکەکەی بکە ناوی حیزبێکی دیکە بە سکرتێر یان سەرۆک یان ڕێکخەرەکەیەوە ئەوە نایناسیەوە و نازانی کێ نووسیویەتی.
ئەوان حیزب و لایەنانە کە زیاتر لە بیست و حەوت ساڵە سلێمانیان وەک بارمەتە گرتووە و ئەوەندەیان شێواندووە و ئەوەندەیان ئازار داوە ڕۆڵە ڕاستەقینەکانی خۆی نایناسەوە بۆیەشە داوای ناکەنەوە چونکە نە ڕوخساری دەتوانن بناسنەوە و نە ڕوحی.
شارێک کە لە جیاتی پەندەکانی پیرەمێرد جوێن نامەکان وێردی سەرزمانی گەنجەکانی بێ،قەسیدەکانی مەحوی و کوردی بە قوربانی مانیفێستۆی خۆتەسلیم کردنەوە بە بەغدا بکرێ،شارێک لە جیاتی سەیوان و مامەیارە دوو گردی دیکە و زیاتریش بوونەتە ناونیشانی،ئاخر ڕۆڵە ڕاستەقینەکانی چۆن دەتوانن بیناسنەوە!

Top