رووی راستەقینەی شیعە و سوننە

رووی راستەقینەی شیعە و سوننە
پێش ئەوەی عێراق بە ئاڵاکەی دوێنێ و ئەمڕۆ دروست بێت، کوردستان ھەبووە و کورد حوکمڕانی خۆی کردووە، عێراق لە ساڵی ١٩٢٠ دروست بووە، کورد پێش ئەوە ھەبووە، دوای بێھیوا بوونی گەلی کورد لە عێراق و گوێ نەگرتن لە داخوازییەکانی و پێنەدانی مافە دەستورییەکانی، دواجار سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردستان، بڕیارێکی مێژوویی و چارەنوسازیدا، خەڵکی کوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوولی ۲۰۱۷ گشتپرسی ئەنجامدا، ٩٣%ـی کوردستانیان سەربەخۆییان ھەڵبژارد و داوای جیابوونەوەیان لە عێراقێکی بەناو یەکگرتوو کرد.
لەوەتەی کورد ھەیە، ھیچ خۆشییەکی لە عێراق نەبینیوە، رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، ھەریەکەیان لەژێر ناوێک، میللەتی کوردیان چەوساندوەتەوە، ھەموویان ھەوڵی لەناوبردن قڕکردنی کوردیان دا، ھەموو جۆرە مردنێکیان لەسەر تاقی کردەوە.
دوای رووخانی ڕژێمی بەعس، سەرکردایەتی کورد وای دەبینی کە بە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و دیموکراسیدا، دەتوانێت دەستەبەری مافە نەتەوەییەکانی بکات، بەتایبەتیش لە بەھێزکردن و پاراستنی پێگەی سیاسی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، کورد زۆری مەبەست بوو لەسەر بنەما و پرەنسیپی شەراکەتی ڕاستەقینە، لە رێگەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی، چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ناوچە کێشە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم و رێگری لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی دەسەڵاتێکی تاکڕەو و خۆسەپێن لە بەغدا بکات، لە عێراقی نوێدا، کورد ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە داڕشتن و پەسەندکردنی دەستووری ھەمیشەییدا، بەڵام ھەر لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن پێکھاتەی شیعەوە، ئاماژەکانی پابەند نەبوون بە دەستوور بەدەرکەوتن، کەچی پاش چاوەڕوانی و خەباتێکی زۆر، دوای تاقیکردنەوەی ھەموو رژێمەکانی عێراق لە مێژووی کۆن و نوێدا، گەلی کوردستان بڕیاری ئەوەی دا، بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، گوزارشت لە بۆچوونی خۆی بکات، بەڵام لەلایەن عێراق بە زمانی ھەڕەشە، ھەروەھا گەمارۆ خستنە سەر خاک و ئاسمانی کوردستان، ھاوکات برینی بودجە و مووچە و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان وەڵام دراینەوە، شیعە و سوننە دژی ئەم خواستەی گەلی کورد وەستانەوە، جارێکی دیکە ڕووی راستەقینەی خۆیان پیشان داینەوە.
Top