به‌رسڤێک بۆ سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان

به‌رسڤێک بۆ سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان
ترسی زۆریان له‌هه‌ڵبژاردن براده‌رانی گۆڕانی وا لێکردووه‌،به‌چڕی ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تی پێش وه‌خته‌ کردوه‌.
له‌تازه‌ترین لێدوان بۆ میدیای حزبه‌که‌ی،به‌ڕێز برزۆ مه‌جید سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان،ده‌ڵێ په‌رله‌مانی کوردستان به‌ناشه‌رعی کاراکراوه‌ته‌وه‌،به‌ڕاستی سه‌یره‌ زۆریش سه‌یره‌،گریمان په‌رله‌مان به‌ناشه‌رعی کاراکرابێته‌وه‌،ئه‌ی خێره‌ حه‌وت مانگه په‌رله‌مان کارا کراوه‌ته‌وه‌،فراکسیۆنه‌که‌تان ئاقڵ ئاقڵ لێی دانیشتوه‌!؟
جارێ هێشتا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی ساغ نه‌کردوته‌وه‌،لای ئه‌و شه‌رعیه‌ت مانای چیه‌،دیتنی ئه‌وان هێنده‌ کورت بینه‌،پێیان وایه‌،هه‌رکارێک ئه‌وانی تیا نه‌بن ناشه‌رعیه‌،واته‌ کورت وکرمانجی ته‌نها خۆیان به‌شه‌رعی ده‌زانن.
له‌لایه‌کیتر ئه‌و به‌ڕێزه‌ ده‌ڵێ،پارتی ویه‌کێتی له‌دوای ڕاپه‌ڕین که‌هاتنه‌وه‌ یه‌ک دینارو موڵکیان نه‌بوو.
ڕاست ده‌که‌ی بێشک وایه‌،به‌ڵام حه‌ق وایه‌ بشپرسی،پێش ڕاپه‌ڕین کێ گردو سه‌دان دۆنم زه‌وی له‌نێوشاری سلێمانی هه‌بوو،به‌تایبه‌ت ئه‌و گرده‌ی که‌،چاره‌گێکی ناوچه‌ی گه‌شتیاری شاری سلێمانی خۆشه‌ویست پێک ده‌هێنێ،تا ئێستا نه‌ئێوه‌و نه‌ ئێمه‌و نه‌ خه‌ڵکی کوردستان نازانین موڵک ومیراتی حزبه‌، یان که‌س وکوڕانی ڕێکخه‌ر!.
له‌ ته‌وه‌رێکی تردا ده‌ڵێ،ده‌بێ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان،ئه‌نجامی گفتوگۆ ودانوستانه‌کانی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق،به‌ به‌رله‌مانی کوردستان ڕابگه‌یه‌نێت،ئاخر ئه‌و به‌ڕێزه،بیری چووه‌،هه‌ر ئه‌وان بوون پڕ به‌قورگیان هاواری ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌،ده‌بێ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ عێراق گفتوگۆ بکات وبگاته‌ ئه‌نجام،ئه‌رێ خێره‌ ئێستا هێنده‌ په‌شۆکاون؟.
یان خێره‌ هێنده‌ نا ئاسوده‌ن له‌وه‌ی بتوانرێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێ و فڕۆکه‌خانه‌کان ببنه‌وه‌!.
هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ی ده‌بێ،حکومه‌تی عێراق هیچ خێری به‌ کوردستان نه‌کرده‌وه‌،حه‌قێکی خۆمانه‌و له‌چاویان ده‌رده‌هێنین،به‌ڵام به‌ڕاستی سه‌یره‌،لای ئێوه‌ هه‌میشه‌،بانێکه‌و دوو هه‌وایه‌!.
ده‌ی بفه‌رموون فراکسیۆنه‌که‌تان له‌به‌غدا،هه‌مان داوا له‌ په‌رله‌مانی عێراق بکات،نه‌ک له‌وێ به‌هێمنی بچنه‌ بن گوێی،حوکمڕانانی به‌غدا وزانیاری هه‌ڵه‌یان پێ بده‌ن.!
به‌ڕێز سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان،ڕیفراندۆمی خه‌ڵکی کوردستان،به‌ ڕیفراندۆمی حزبی وکه‌سی و به‌شکستخواردوو له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات!.
ئاخر له‌وه‌ش ناحه‌ق نیه‌،چونکه هه‌ر ئێوه‌ بوون تا پێتان کراو بۆتان کرا،دژی ڕیفراندۆم و خواستی خه‌ڵکی کوردستان وه‌ستانه‌وه‌،کاتێکیش بینیتان،نه‌خێر ئیڕاده‌ی خه‌ڵکی کوردستان زۆر له‌وه‌ به‌هێزتره‌ بچێته‌،ژێر کاریگه‌ره‌ی ئه‌ولا وئه‌ملا،ئیتر ڕیزتان گرت و به‌په‌له‌ پڕوزه‌ خۆتان گه‌یانده‌،سندوقه‌کانی ده‌نگ دان له‌ ڕیفراندۆم،!ئیتر نازانین له‌وێ چۆنتان ده‌نگ دا،به‌ڵام ده‌زانین چۆن په‌له‌ پڕوزه‌تان بوو؟.
هه‌رچه‌ند ئه‌و به‌ڕێزه‌،باش باش ده‌زانێت نه‌ک ڕیفراندۆم شکستخواردوو نیه‌،به‌ڵکۆ یه‌کێک له‌ نه‌خشه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانه‌و ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی ته‌حقیقی ئامانجه‌کانی ده‌کات.
به‌هه‌رحاڵ،ئێمه‌ ئێستا له‌ ژان و ترس و دڵه‌ ڕاوکێی حزبی گۆڕان ده‌گه‌ین،خه‌ڵکی کوردستانیش،زۆر باش له‌ماهیه‌تی حزبی فه‌وزه‌وی و حزبی نیشتمانی گه‌یشتوه‌،هێنده‌ی نه‌ماوه‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌،هه‌موولایه‌کمان وه‌ڵام وبه‌رسڤی خۆمان له‌ خه‌ڵک وه‌رده‌گرینه‌وه‌،هێنده‌ په‌له‌ مه‌که‌ن،جه‌ماعه‌تی گردی هه‌ژاران.....
Top