خەرمانە

خەرمانە
بەشێوەیەكی گشتی قسە و باسی زۆر هەیە لەسەر سەنتەر و كۆمەڵە ڕۆشنبیریەكان، بەڵام ئەوەی لە كتێبی" خەرمانە"دەكەوێتە بەرچاو، هەڵبژاردەی شیعری نۆ شاعیری لاوە، لەوانە:"ئاراس موختار، شاهین خۆشناو، دەریا جەمال دۆشاو، جێگر ئیسماعیل، شەوكەت عەزیز، فەریق عارف، فرسەت تەحسین، هاوكار موسا، وڵات خۆشناو" هاوكات خستنە ڕووی كار و چاڵاكی ساڵی 2017 ی سەنتەری ڕۆشنبیریی شەقڵاوەیە.
بە خوێندنەوەی شیعرەكان دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بلێین، ئەو لاوە قەڵەم بەدەستانە، لە سەرەتای ڕێگەدان، بەڵام شاعیر لە دوای بڕینی چەند قۆناغێك پێویستە خاوەنی دەنگوڕەنگ و سیمای تایبەتی خۆی بێت، من وای دەبینم كە دەرەنجام بە لاسایی كردنەوە كەس هیچ بە هیچ ناكات، شاعیربوون بۆ هەموو كەسێك نەهاتووە، بەو كەسانەش ناگوترێت شاعیر كە دەست بدەنە كاغەز و قەڵەم و بچن لە كۆڕێكی شیعریدا بەشدار بن، بەڵكو ئەوانەی دەبن بە شاعیر پێویستە یەكەم جار ڕەوشت و ڕەفتار و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ خەڵكانی دیكە جیاواز بێت، بۆ ئەوەی ببینە شاعیر، بەر لە هەموو شتێك دەبێت ڕۆح و هەست و ناخی خۆمان شاعیرانە پەروەردە بكەین، هەروەها پێویستە شارەزایی و ئاشنایەتییەكی باشیان لەگەڵ شیعر و ئەدەبیات هەبێت.
مرۆڤ ڕوو لە هەر بوارێك دەكات مەبەستێكی هەیە، یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی سەنتەرە ڕۆشنبیرییەكانیش خزمەت كردنە بە توێژی گەنج و لاوان، سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوەیش لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2002 تا هەنووكە خزمەتێكی جوانی پێشكەش كردووە.
بەهیوام لە ساڵی 2018 و ساڵانی دواتریش، لە كاروانی خزمەت بەردەوام بێت، دڵی گەنجان و خاوەن بەهرەكان خۆش بكات، چونكە قەڵەم بەدەستەكان، سەرمایەی نەتەوەیین، بوونیان شانازی و بەختەوەرییە بۆ وڵات.
پێشنیاز دەكەم بۆ لەمەودوا سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوە بیر لە چاڵاكی جۆراوجۆر و هەمەرەنگ بڵاو بكاتەوە، وەك: پێشكەشكردنی سیمینار، كۆڕی شیعری، خولی ڕۆژنامەنووسی، بایەخدان بە هونەری فۆتۆ، كردنەوەی پێشانگای شێوەكاری، پێشبركێی شیعری، كلیپ كردنی بەرهەمی شیعری، چاپكردنی كتێب، پێشبركێ و هاندانی گەنجان بۆ خوێندنەوەی كتێب، دروستكردنی پەیجێكی بەهێز.
پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم كە چەند كەسێك بە چاپكردنی خەرمانە ئەزیەتیان كێشاوە، پێویستە ئاماژەیان پێ بكرێ: سەرپەرشتیاری گشتی: سەیفەدین خالید سەرۆكی سەنتەر، دیزاین: ڕەهێل، هەڵسەنگاندنی بەرهەمەكان: زرار سەرتاش و دكتۆر سەنگەر حاجی، پێداچوونەوە و هەڵەچنین: فەرهەنگ سابیر كوردستانی، دابینكردنی خەرجی چاپكردنی خەرمانە: فەرهاد خەیات و سامان ئازاد میران.
ماوەتەوە بڵێم: سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوە خەرمان بەرەكەت.
Top