یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری كارامە و بە ئەزموون

یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری كارامە و بە ئەزموون
65ساڵ پێش ئێستا، لە 18ی شوباتی ساڵی1953 یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان لە باشووری كوردستان دامەزرا، هەر لەگەڵ دامەزراندنی، بووە بەشێكی گرنگ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەری ئەو قۆناغەی كوردستان و تاوەكو ئێستاش لەگەڵ رەوت و سەردەمە جیاوازەكان خۆی گونجاندووە، لە هەنگاوەكانی بەرەو پێشكەوتن بەردەوام بووە و شانی داوەتە بەر بارێكی گران بۆ پێگەیاندنی سەركردەكانی ئەمڕۆ و داهاتووی كوردستان، بەدەیان سەركردە و كادری پێگەیاندووە.بارزانی نەمر بە سیاسەتێكی وردبین و بە تێگەیشتن لە زەروورەتەكان، هەوڵی بە مەدەنیكردنی سیاسەتی داوە و بەردی بناغەی رێكخراوە جەماوەرییەكانی داناوە"یەكێتی ئافرەتان، یەكێتی قوتابیان، یەكێتی لاوان" پارتی دیموكراتی كوردستان بۆیە بڕیاری دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی دا، بۆ ئەوەی وەك رێكخراوێكی مەدەنی كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی قوتابیان بكات. بە درێژایی مێژووی تەمەنی ئەم رێكخراوە ئەوەی سەلماندووە كە دیدگای زۆر رۆشن بووە بۆ پێگەیاندن، یەكێتی قوتابیانی كوردستانیش هەمیشە لە پێگەیاندنی نەوەی رۆشنبیر و خاوەن مەعریفەدا پێشەنگ بووە، هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە بە بێ جیاوازی رەگەزی، تاكی كارامە و بەتوانا پێبگەیەنێت، قوتابخانەیەكی پڕاوپڕ بووە لە وانەی نەتەوەیی و نیشتمانی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی. قوتابیان توێژێكی كاریگەر و هەستیارن، نەوەی نوێ و داهاتوون، هەر بۆیە بوونی رێكخراوێكی وەكو یەكێتی قوتابیان رۆڵێكی كاریگەر و بەرچاوی بۆ هەبووە و دەبێت، جا چ لە رووی پێگەیاندنی تاك، یان هۆشیاری كۆمەڵایەتی، ئەو رێكخراوە بە درێژایی تەمەنی رۆڵی لە خزمەتكردنی قوتابی و بەرجەستەكردنی مافەكانیدا هەبووە. هەر رێكخراوێكی خزمەتكاری مرۆڤایەتی دەبێتە هۆی پێشخستنی كۆمەڵگە، یەكێتی قوتابیانیش هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە توانی لە ماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆری قوتابی لە ئاستە جیاوازەكانی خوێندن لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە و توانی گەشەكردنێكی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێ، بە سەدان كادری نیشتمانپەروەری پێگەیاندووە و پێشكەشی كۆمەڵگەی كردووە، هەر بۆ نموونە لەیلا قاسم یەكەم ئافرەتی كورد بوو كە لە ساڵی 1974 لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە سەر بیروبۆچوونە رەواكانی لە سیدارە درا، ئەو شۆڕشگێرە لە قوتابخانەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان فێری خەبات و تێكۆشان بوو، هەنووكەش نموونەشمان زۆرە لەو كادرە تێكۆشەرانەی كە لە ئۆرگانەكانی حزب و كایە جیاجیاكانی سیاسی و بواری ئیداری و حكومی خزمەت دەكەن و لەم قوتابخانەیەدا پێگەیشتوون.
Top